ھەژێن
٢٨ی جولای ٢٠١٨
بەشی دووەم
” تهوهره سهرهكیهكانی بهرنامهی كاری سیاسیمان ” 1. “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له عێڕاق” ڕێكخراوێكی كۆمۆنیستی كرێكاریه، بهرنامه فكری وسیاسیهكهی ماركسیه وههڵقوڵاوی “مانیفیستی كۆمۆنیست”ه، خهبات دهكا لهپێناو ڕێكخستن وبهئهنجام گهیاندنی شۆڕشی كۆمهڵایهتی چینی كرێكار بۆ ڕوخاندنی سهرمایهداری وبنیاتنانی كۆمهڵگایهكی كۆمۆنیستی، كۆمهڵگایهك ئازادی ویهكسانی تێدا بهرقهرار بێ . “
وەک پێشتر ئاماژەمدا، ھەموو پارتییە “کۆمونیستەکان”ی جیھان بە ڕادەیەک ھەموویان بە ھەمان شێوە خۆیان پێناسەکردووە. بە چ بنامەیەک دەتوانین ئەوە بسەلمێنین و دڵنیابین، کە ئەمان وەک ئەوانی دیکە درۆناکەن و خەریکی فریودانی کرێکاران بۆ ئامانجی دەستەبژێری وردەبۆرجوازیی نین؟ جارێکی دیکە ناچار دەبێت بپرسمەوە، ئەگەر چینی کرێکار شۆڕشگێڕترین چینی کۆمەڵە [کە ھەیە]، ئەگەر بە دیتنی سەرانی پارتیی “کۆمونیست”، چینی کرێکار “ناتوانا و نەزان و دەبەنگ” نییە، ئیدی چ پێویستییەکی بە “ڕابەریی” وردەبۆرجوازیی ئەوان ھەیە، تاکو لەسەر بنەمای تێز و تیئۆرییەکەی (کاوتسکی**) وەک خێرخوازێک لە دەرەوەی چینی کرێکار بێت و کرێکاران ھوشیاربکاتەوە ڕێکبخات و شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکەیان بۆ ئەنجامبدات؟ ئایا ھیچ ئاوەزێکی تەندرووست، ھیچ مرۆڤێکی ھوشیار دەتوانێت بەخۆی بڕوابھینێت، کە شۆڕشگێڕترین و بەتواناترین و کاراترین چینی کۆمەڵ بەخۆی توانای ھوشیاربوونەوە و خۆڕێکخستن و شۆڕشکردن و ڕۆنانی سۆشیالیزمی نەبێت، کە بە دیھاتنی ئاوا کۆمەڵێك پابەندی خودی شۆڕشی کرێکاران بێت؟ ئێستا ئێمەی کرێکاران گێلین یان ئێوەی “ڕابەر” و ڕامیار ساختەچین؟
“ 2. ڕێكخراوێكی كۆمۆنیستی ئینترناسیونالسته، خهبات دهكا لهپێناو یهكخستنی خهباتی ئیترناسیونالستی چینی كرێكار وبهدیهێنانی ئامانجه كۆمۆنیستیه جیهانیهكانی وبهرگری دهكا له بهرژهوهندیهكانی چینی كرێكار لهئاستی جیهانیدا. دهستهیهكه لهدهستهكانی بزوتنهوهی كۆمۆنیستی وكرێكاری ئازادیخوازی جیهانی .“
ئەگەر لە پووچگەرایی ” نێونەتەوەیی” بگوزەرێم، کە ڕەنگدانەوەی بڕوابوون و سەلماندنی ئایدیۆلۆجیی “نەتەوە” و دەوڵەت دەبێت و پێچەوانەی بوونی کەسی سۆشیالیستە، کە کەسێكی ئەنتی ناسیونالیستە نەک “ئینتەرناسیونالیست”، ئایا مەبەستی “ڕابەرانی بلفعل” لەو دەستەواژانەی سەرەوە ئەوەیە، کە سەران و ئەندامانی ئەو ڕەوت و پارتییە ئاوا کە بۆ عیراق خۆیان بەکوشتدەدەن و لەبارەی ھەمووی پرسێکی عیراق ھەڵدەچن و بەیاننامە دەردەکەن و خۆنیشانداندەکەن، ئامادەن بە ھەمان ھەناسە و گرنگیدان لەبارەی ھەموو ڕوداو و ناڕەزایەتی و پرسێکی کۆمەڵەکانی دیکەی جیھان بەیاننامە دەربکەن و بنووسن و ھاتوھاوا بکەن و خۆنیشاندان بکەن؛ ئایا لەنێو شەقامەکانی لەندەن لە ناڕەزایەتی و مانگرتن و پرسەکانی خەڵک پشتیوانیدەکەن و بە پرسی خۆیانی دەزانن، ئاوا کە ناڕەزایەتییەکان و خۆنیشاندانەکان و پرسەکانی عیراق و سلێمانی بە ھی خۆیان دەزانن؟ ئەی “ڕابەرانی ئینتەرناسیونال” لە ماوەی بیست و پینج ساڵی ڕابوردوو بۆ ئەو کارەیان نەکرد، ئایا ھەر وەک ئێستا “کۆمونیست و ئینتەرناسیونالیست” و سەرکردە و “ڕابەر” نەبوون، کێ دەستی ئەوانی گرتبوو و چی لە ” ئینتەرناسیونالیست”بوونی ئەوان ڕێگربوو؟
” 3. ڕوخاندنی سیستمی سهرمایهداری و بنیاتنانی كۆمهڵگای كۆمۆنیستی كه كرۆكی ئامانج وبهرنامهی كۆمهڵایهتی ئێمهیه لهرێگای بهدهستهوهگرتنی دهسهڵاتی دهوڵهت لهلایهن پرۆلیتاریاوه وبنیاتنانی حكومهتی كرێكاری بهجێدههێنرێ. خهبات دهكهین له پێناو خۆڕێكخستنی چینی كرێكار وجهماوهری زهحمهتكێش له شورا كرێكاریهكان وشورای جهماوهری زهحمهتكێشان بۆ بهدیهێنانی ئیرادهی سیاسیان ودامهزراندنی پایهكانی حكومهتی كرێكاری وبنیاتنانی سۆشیالزم لهڕێگای سهركهوتنی شۆڕشه كۆمهڵایهتیهكهیان. “
ڕووخاندنی سیستەمی سەرمایەداری و ڕۆنانی کۆمەڵی کۆمونیستی، دەست خۆش و ئافەرین. بەڵام ” بهدهستهوهگرتنی دهسهڵاتی دهوڵهت لهلایهن پرۆلیتاریاوه وبنیاتنانی حكومهتی كرێكاری ” بۆچی؟ ئەگەر ڕووخاندنی سەرمایەداری دەکاتە ڕۆنانی کۆمونیزم، ئیدی دەوڵەت بۆچی و سەروەریی چینایەتیی کە دەوڵەتە لە ڕاسەری کێ، خۆ ئیدی سەرمایەدار و سەرمایەداری نەماون؟ دەوڵەت کە ئامرازی پاراستنی سەروەریی چینایەتییە، ئیدی پڕۆلیتاریا چ پێویاستییەکی بەو ئامرازە ھەیە و لەسەر کێ سەروەیی دەکات؟ ئەگەر دەڵێن سەرمایەدار، کەواتە سەرمایەدار ماوە و ھێشتا سیستەمی سەرمایەداریی نەڕووخاوە و کە سەرمایەداریش نەڕووخابێت، ئیدی ئەوان “کۆمۆنیزم”ەکەی خۆیان لە کوێ ڕۆدەنێن و ئەو پانتاییە ناسەرمایەداریییە کامەیە، کە دەوڵەتە “کۆمونیست”ییەکەی تێدا درووستدەکرێت؟ پاشان، ئەگەر پڕۆلیتاریا بەخۆی توانای ھوشیاربوونەوە و خۆڕێکخستن و شۆڕشکردنی نەبێت و بۆ گەییشتن بەو شتانە پێویستی بە “ڕابەریی” سەرانی ” پارتیی ڕابەر” ھەبێت، کەواتە بەخۆشی ناتوانێت دەوڵەت بەڕێوەبەرێت و فەرمانداریی [ڕێکبخات] و بنەمای ئابووریی سیستەمەکەی ڕێکبخات و دیسانەوە وەک “نەزان و دەبەنگێک” پێویستی بە “ڕابەریی” سەرانی “پارتیی ڕابەر” دەبێت و دیسانەوە سەرانی وردەبۆرجوازیی “پارتیی ڕابەر” خێرخوازانە فریای پڕۆلیتێرە “نەزان و دەبەنگەکان” دەکەونەوە و دەوڵەت و فەرمانداریی و سیستەمی ئابووریی بۆ ئەوان ئەنجامدەدەن و بەکردەوە سەرانی پارتییە “کۆمونیستەکان” دەبنەوە بە سەروەری کۆمەڵ و جێگەی کۆمپانییەدارەکان و دەڵالە ڕامیارەکانی ئەوان دەگرنەوە و کەرتی دەوڵەتی و سەرمایەداریی دەوڵەتی جێگەی کەرتی تایبەتی و بازارئازاد و دەوڵەتی لیبراڵیست دەگرێتەوە و دیسانەوە کۆمەڵ [ھەموو چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان] دەبنەوە بە کۆیلەی کرێگرتەی سەروەرانی کۆمەڵە چینایەتییەکەی پارتیی “کۆمونیست”!
ئایا لە ئاوا بارێکدا کە پڕۆلیتێرەکان “دەبەنگ و نەزان و ناتوانا”ن، ئایا باشتر نییە پڕۆلیتێرەکان دەستبەرداری خەونی کۆمەڵی کۆمونیستی لە جۆری کۆمونیزمەکەی “لێنین تاکو مەنسووری حیکمەت” ببن و لەجیاتی ئەو ھەموو خۆخەڵەتاندن و پێچاوپێچە ئایدیۆلۆجییە، ڕاستەوخۆ لە سەرمایەداران و دەوڵەتی سەرمایەداری بپارینەوە، بەڵکو چەند ئێسکێکی ڕووتاوەی سەر خوانی سەروەرانەی خۆیان بۆ بەردەم پڕۆلیتێرەکان فڕێبدەن؟ ئەگەر سەرەنجامی شۆڕشی پڕۆلیتێرەکان درووستکردنەوەی دەوڵەت و لەشکر و پۆلیس و زیندان و بەڕێوەبەرانی کارخانە و نوێنەرانی ڕامیار بێت، ئایا باشتر نییە، کە پڕۆلیتێرەکان لە ڕێگەی گاڵتەجاریی پارلەمانەوە ھەوڵی گۆڕینی دەسەڵاتداران و یاساکان بدەن؛ کە تێکۆشان و زیندان و ئەشکەنجە و کوژران و تیرۆری نەگەڕەکە؟
وەک (عەبدوڵڵا پەشێو) لە زمانی گوێدرێژەکەوە بە خاوەنی گوێدرێژەکە دەڵێت **** ” قوربان ھاوڕێ شیرین!، بارەکەی من لە خۆت بارکە، ھەتا زووە خۆت ڕزگار کە، کە من کەر بم، بارەبەر بم، کورتان لە پشت،ھەشبەسەر بم، فەرقی چیە، دەرد ھەر دەردە، کەری تۆ بم ،یا ھی جەردە؟ ” ئەگەر بڕیاربێت، سۆشیالیزم و کۆمونیزم ھەر کۆمەڵی چینایەتی بن و دەوڵەت و دارایی و کاری کرێگرتە و سەر و خوار و فەرماندە و فەرمانبەر ھەبێت، ئیدی جیاوازی چییە دەوڵەتگەر و دارا و فەرماندە “کۆمونیست” یان سەرمایەدار بێت؟ ئەگەر سۆشیالیزمەکەی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له عێڕاق” ھەر ھەمان سۆشیالیزمەکەی لێنین و بنەمای سیستەمە ئابووریی و بەڕێوەبەرییەکەی ھەر ھەمان بنەما و سیستەمی سەرمایەداریی بێت، ئایا باشتر نییە، کرێکارانی عێراق یان ھەر گۆشەیەکی دیکەی جیھان بە ئەزموون وەرگرتن لە سەدەی ڕابوردوو ، حەفتا ساڵ بەسەر دیکتاتۆریی بۆلشەڤیزم بازبدەن و یەکسەر لە دەسەلاتدارانی سەرمایەداریی بپاڕێنەوە، بۆ ئەوەی سیستەمی سەرمایەداری سیستەمێکی دادپەروەرانە بێت؟ ئەگەر دەڵێن، سەرمایەدار و دەوڵەتی سەرمایەداری ناتوانن دادپەروەر بن، ئیدی لەسەر چ بنەمایەک و بە چ بەڵگە و سەلماندێک دەتوانن بڵێن، دەوڵەت و سەرمایەدارییە دەوڵەتییەکەی ئێوە دادپەروانەتر دەبێت؛ لە کاتێکدا کە ڕوداوەکانی سەدەی ڕابوردوو، بۆچوون و دەربڕینەکەی (میخائیل باکۆنین)ی لەنێو ئەنجوومەنی نێونەتەوەیی زەحمەتکێشان “ئینتەرناسیونالیزمی یەکەم، سەلماند، کە گوتی “دەوڵەتی کۆمونیستەکان و لەشکری سوور سەرکوتگەریی دەوڵەتی سەرمایەداریی و لەشکری سپی تێدەپەڕینێت”.
“ 4. یهكگرتویی ئایدۆلۆژی پرۆلیتاریای خهباتكار ……. دامهزراندنی حزبێكی ماركسی كرێكاری شۆڕشگێر، بهرفراوان وكۆمهڵایهتی وله بنهڕهتدا ههڵقوڵاو لهنێو ڕیزهكانی پرۆلیتاریا بۆ ڕێكخستن وڕابهریكردنی خهباتی چینایهتی كرێكار، بۆڕزگاری خۆی وكۆمهڵگا بهگشتی له دهسهڵاتی سهرمایهو سهرمایهی مۆنۆپۆڵی، بۆ ڕزگاری له بهردهگی كاری بهكرێ ، ….”
“یەکگرتوویی ئایدیۆلۆجیی” واتە چی؟ ئایا ھەرگیز ئەگەری ئەوە ھەیە، کە بەبێ ناچارکردن و سەپاندن، ملیۆنان یان ملیاردان کرێکار لە چوارچێوەی قاڵبی ئایدیۆلۆجیایەک ڕێکبخرێن، ھەر ئەوەی لێنین و ستالین و مائۆ تسە تۆنگ و کاسترۆ و ھیتلەر و موسۆلێنی و قەزافی و ئەسەد و سەدام و خومەینی بە ھەموو چەک و زیندان و ئەشکەنجە و ھەموو جۆرە تیرۆرێکی جەستەیی و ھۆشی و دەروونیی ھەوڵیاندا؟ لە ھیچ سەردەمێکدا ئەوە ڕوینەداوە، پارتییەک ببێتە زۆرینەی نێو چینێک یان کۆمەڵێك، ئەی پارتییەکەی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له عێڕاق” چۆن ئەوە ئەنجامدەدات و چۆن بەدیدەھێنێت؛ لە ھەموو پڕۆلیتێرەکان جادوودەکات، سەری ھەموو بۆچوونێکی ناکۆک بە ئایدیۆلۆجیای “پارتیی ڕابەر” پاندەکاتەوە، یان ھەر تەنیا قسەفڕێدانێکی ڕامیارییانەیە بۆ خۆجیاکردنەوە لە پارتییەکانی پێش خۆی؟
بەپێچەوانەی خەون و پاگەندەی “ڕابەران”ی پارتیی “کۆمونیستی” ئایەندە، ھەموو ھەوڵێکی ئایدیۆلۆجیی پێویستی بە ناچارکردن و سەپاندن ھەبووە، ئەوەش بەگوێرەی یاساکانی فشار و کاردانەوەی فشاردراو، ھەردەم پێچەوانەکەی خۆی ئەنجامداوە، واتە پڕشوبڵاویی بەرھەمھێناوە. ھەموو پارتییەک و بەدیاریکراویی (حککع) ساڵی ١٩٩٣ بۆ یەکێتی ئایدیۆلۆجیی و کۆتاییھێنان بە فرە ڕێکخراوەیی درووستکرا، بەڵام ئەوەی لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٩٣-٢٠١٨ دیتمان و ڕویدا، درووستکردنی پڕشوبڵاویی و دەرکردن و جیابوونەوەی چەند کەس و فراکسیۆن و پارتییۆکەی دیکە بوو، کە تازەترینیان خودی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له عێڕاق” دەبێت! ئایا پاش ئەو ھەمووە ئەزموون و بەرەنجامانە، چەند بارەکردنەوەی ھەمان وڕێنەی ئایدیۆلۆجیی سەدەیەک پێشتری بۆلشەڤیکەکان یان سێ دەھە پێشتری خودی سەرانی “کۆمونیزمی کرێکاریی”، تەنیا گاڵتەجاریی و نەھامەتیی و پرشوبڵاوییەکی دیکە بەرەنجامی نابێت؟ ئەی وانەوەرنەگرتن و چەند بارەکردنەوەی ھەڵەکان، ناکاتە گەمژەیی و تاوانباریی؛ “ڕابەران” خۆیان گەمژەن یان خەڵك بە گەمژە دەزانن؟
ئەگەر پارتییە “کۆمونستەکان” بەگشتی و “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له عێڕاق” و پارتییە مژدەدراوەکەی ئەوان “وله بنهڕهتدا ههڵقوڵاو لهنێو ڕیزهكانی پرۆلیتاریا بۆ ڕێكخستن وڕابهریكردنی خهباتی چینایهتی كرێكار ” ئەی گارە گاری بیست و پێنج ساڵەی سەرانی (حککع) بۆ کۆمەڵایەتییبوونەوە و کرێکاریی بوونەوە، کە بەشێکیان ھەر ئەو کەسانەن، کە “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له عێڕاق” ڕاگەیاندووە و خەریکن پارتییەکی دیکە درووستدەکەن، لەپێناو چی بوو؛ سیناریۆ بوو، یان ڕاستییەکی کەتواریی بووە و پاگەندەی ” حزبێكی ماركسی كرێكاری شۆڕشگێر، بهرفراوان وكۆمهڵایهتی وله بنهڕهتدا ههڵقوڵاو لهنێو ڕیزهكانی پرۆلیتاریا ” درۆ و پاگەندەی ئایدیۆلۆجییە و بەس؟
ئەی جیاوازی چییە ، دەسەڵاتی بۆرجوازی کۆمەڵ پاوانبکات، یان دەسەڵاتی وردەبۆرجوازیی خۆڕێکخستوو لەنێو “پارتیی کۆمونیست”؛ ئایا پاوانکردن و چەپاوڵکردن ھەر پاوانکردن و چەپاوڵکردن نییە، جیاوازی چییە مارکسیستێك یان کارخانەدارێک و ئیسلامییەک سەروەر و مشەخۆری ڕەنجی ئێمە بێت؟
ئەی ” حزبێكی ماركسی كرێكاری شۆڕشگێر ” چۆن کاری کرێگرتە لەنێودەبات، کە بەخۆی خەریکی درووستکردنەوەی دەوڵەت و فەرمانداریی لەژێر دێوجامەی “کرێکاران و پڕۆلیتاریا و سۆشیالیزم و کۆمونیزم” بێت؛ ئایا کرێگرتەیی کار، وابەستەی ھەبوونی سەروەریی و دارایی نییە؛ ئەی جیاوازی سەروەریی وردەبۆرجوازی لەژێر دێوجامەی “کرێکاران و سۆشیالیزم” لەتەک سەروەریی سەرمایەداران چییە، بۆچی لەسایەی یەکەم کاری کرێگرتە لەنێودەچێت و لەسایەی دووەم لەنیوناچێت، مەگەر لەیەکەم دارایی دەوڵەتی و لە دووەم دەوڵەتیی و تایبەتیی بنەما نییە و پڕۆلیتێرەکان نابنە کرێگرتە و کرێچی دەوڵەتی “پارتیی ڕابەر”؟
“ 6. بههێز كردنی چینی كرێكار لهڕووی سیاسیهوه وبهدهستهێنانی سهربهخۆیی سیاسیان وهك چینێك ….. وهڵامدانهوه به گرفتهكانی كێشمهكێشی چینایهتی كرێكاران له ڕووی سیاسی وفكری وڕێكخراوهیی، وه گرفته فكریهكانی بزوتنهوهی كۆمۆنستی لهسهر ئاستی كۆمهڵگا، ئهركێكی بنهڕهتی ئێمهیه لهپێناو بهدی هێنانی ئهو ئامانجه وبههێزكردنی بزوتنهوهی كۆمۆنستی وكرێكاری له عێڕاق وناوچهكەدا. “
ئەگەر ڕەتکردنەوە و ناکۆکبوونی خۆم بە ڕامیاریی نادیدەبگرم، ناچار دەبێت جارێکی دیکە بپرسمەوە، چینی کرێکار کە سەرچەمەی شۆڕش و ڕزگاری مرۆڤایەتی بێت، چۆن ناتوانێت لە ڕووی ڕامیاریی “ھونەری فریودان” خۆی بەھێزبکات و سەربەخۆیی خۆی بەدیبھێنێت؛ چۆن ناتوانێت بە گرفتەکانی کێشمەکێشی چینایەتی خۆی لە ڕووی ڕامیاریی “ھونەری فریودان” و ھزریی و ڕێکخراوەیی و گرفتە ھزرییەکانی خۆی وەڵامبداتەوە؟ دیسانەوە یان کرێکاران “دەبەنگ و نەزان و ناتوانان”، یان دەستەبژێری وردەبۆرجوازی بەناوی “کۆمونیزم” خەریکە کرێکاران فریودەدات و ھێز و وزە و توانا و شۆڕشگێریی کرێکاران بۆ بەدەسەڵاتگەییشتنی خۆی بەکاردەبات، ھەر ئاوا کە بۆرجوازی لەنێو ڕاپەڕینی گەورەی فەرەنسە و ڕاپەڕینی گەلانی دیکەی جیھان بۆ ڕزگاری لە داگیرکەر، بەناوی “نەتەوە” و “دەوڵەتی نەتەوەیی” وەک “دەوڵەتە سۆشیالیستییەکەی ڕابەرانی بلفعل”، ھێز و وزە و توانا و شۆڕشگێڕیی چەوساوانی بۆ بەدەسەڵاتەگەییشتنی خۆی بەکاربرد؟
” 7. خهباتی ئابوری بۆ چینی كرێكار لایهنێكه له لایهنهكانی خهباتی چینایهتی كرێكار. بهههموو هێزمانهوه ههوڵ دهدهین بۆ بههێزكردنی ئهو خهباته وكاردهكهین لهپێناو یهكگرتنی خهباتی كرێكاران ویهكڕیزیان و ڕێكخستنیان له ڕێكخراوه كرێكاریه جهماوهریهكاندا. بههێز كردن وگهشهپێدانی ڕێكخراوه كرێكاریه جهماوهریهكان له شوراكان وسهندیكاكان وهههموو شێوازه جیاكانی كۆمهڵه ههرهوهزیه جهماوهریهكان وه یهكگرتنی ڕیزی خهباتیان، …. .”
تێکۆشانی ئابووریی کرێکاران وەک ھەر چین و توێژێکی دیکە زادەی ململانێی نێوان خۆیان و خاوەنکار و دەوڵەتە. ھوشیاریی لەبارەی پێداویستی و گرنگیی تێکۆشانی ئابووریی زادەی خودی ململانێ و پرسە ھەر ساتیی و ھەر ڕۆژەییەکانی خودی کرێکارانە لە شوێنی کار و ژییان. ڕێکخستنی خودی کرێکارانیش بەرەنجامی بەردەوامی پڕۆسێسی تێکۆشانی ئابووریی ھەر ساتەی کرێکارانە و ھیچ کام، نە تێکۆشانی ئابووریی و نە خۆڕێکخستنی کرێکاران بە موتوربەکردنی ئایدیۆلۆجیی چەپ سەرھەڵنادەن و ھەر کات ھەوڵێکی ئاوا درابێت و تێکەڵکرابێت، ئەوا وەک کرم و مۆرانە ڕێکخستنی کرێکارانی کڕمۆڵ و کەوڵکردووە و لەنێوبردووە.
ئێستا بەپیمانەی ئەو بنەما ئەزموونگەرییە، دەکرێت بزانین لەسەر چ بنەما و بەگوێرەی کامە کەتوار و میکانیزم و پێداویستیی تێکۆشانی ڕۆژانەی کرێکاران، دەستەبژێری وردەبۆرجوازی نێو پارتییەکان دەتوانێت تێکۆشانی ئابووریی کرێکاران و یەکگرتن و یەکڕیزی و ڕێکخستنی کرێکاران بەھێزبکات و بە ڕێکخراوە جەماوەرییەکانی کرێکاران و شوراکان و سەندیکاکان و کۆمەڵە ھەرەوەزییەکانی کرێکاران گەشەبدەدات؟ خۆ ھوشیاریی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی چین و توێژەکان دەرمان و ھەتووانی ساختەی کارخانە ئایدیۆلۆجییەکانی چەپ نییە، تاکو لەڕێگەی دەرزیلێدانەوە بکرێتە ھۆش و ئاوەزی کرێکاران؟
” 8. بەر گری کردن لە یەکیەتی خەباتی چینی کرێکار دژی بۆرژوازی وبەهیزکردنی ئەم یەکیەتیە لە سەر ئاستی هەموو عیراق وبەرگری لە بەرژەوەندیەکانی بەرەوپێشچوونی خەباتی چینایەتی سۆسیالیستی وئینتێرناسیونالیستی پڕۆلیتاریا لە سەر ئاستی عێراق وکوردستان ئەرکیکی بناغەیی ودەستبەجێی ئێمەیە. هەرلەم راستایەدا، راوەستانەوە بە رامبەر ئاسۆو سیاسەت وئایدیۆلژیای بورژوا ناسێونآلیست وئایینی وتایفەگەری ورەگەزپەرست وهەموو باڵەکانی بۆرژوازی بە راست وچەپیەوە، کە دووبەرکایەتی وپەرژوبڵاوی لە نێو ریزەکانی پڕۆلیتاریا وخەباتی یەکگرتووی ئەودا ئەخۆڵقینن، ئەرکیکی دەست بە جێی ئێمەیە. “
من ئەگەر ھیچ پاگەندەیەکی پارتییە چەپەکان بە درووست و ڕاستگۆیانە نەزانم، ئەوا بەبێ سڵەمینەوە و گومان دەڵێم، بەڵێ ” بەر گری کردن لە یەکیەتی خەباتی چینی کرێکار دژی بۆرژوازی ” ئەرکی دەستبەجێ و بنەڕەتیی و ئامانجی یەکەم و دوا ئامانجی گشت پارتییە “کۆمونیستەکان” دەبێت. چونکە ئەوان کرێکاران لەنێو ڕێکخستن و تێکۆشانە خۆجێی و خۆییەکەی خۆیان دەردەھاوێن و لەنێو ڕێکخستنە ڕامیارییە بەناو “جەماوەرییەکانی” خۆیان ڕێکیاندەخەنەوە و بە ململانێ سێکستاریستییەکانیان، لە یەکێتی و یەکڕیزی کرێکاران [بەردەگرن] و بۆرجوازی خاترجەمدەکەن. بەڵێ ئێوەی پارتییباز بەوەی کرێکاران لەنێو پارتییەکانی خۆتان لەسەر ھەمان پێکھاتەی قووچکەیی و نێوەندگەرایی و چینایەتی ڕێکدەخەنەوە و لە یەکێتی و یەکڕیزی خۆخۆیی کرێکاران [بەردەگرن]. بەڵێ ئەوە ڕاستگۆپیانەترین درکاندنی مێژووییە و پێوێستە دەستخۆشانە و ھەلھەلەی بۆ بکرێت و شاباشبکرێت.
ئاخر مێژووی پارتییایەتی چەپ لە ١٨٦٣ی “سۆشیال دێمۆکراتەکان” تاکو ئێستای ٢٠١٨ “حێکمەتیستەکان” ھەر پارچەپارچەکردنی تێکۆشان و تێکدانی یەکڕیزیی کرێکاران بووە. ئەگەر سەردەمی درووستبوونی (حککع) ساڵی ١٩٩٣ تاکو ئێستا، دە (١٠) کرێکارێک لە دەوری پارتیی دایک (حککع) ڕێکخراوبووبن، ئەوا بە جیابوونەوە بەردەوامەکانی ئەو پارتییە، دوو (٢) کرێکار بەر “ڕەوتی بۆلشەڤیک”، دوو (٢) کرێکار بەر “بزووتنەوەی بنیاتنانی پارتیی کۆمونیستی عیراق”، دوو (٢) کرێکار بەر “ڕەوەندی سۆشیالیستی کرێکاریی” و دوو (٢) بەر “پارتیی کۆمونیستی کرێکاریی چەپی عیراق” کەوتوون و دوو (٢) کرێکاریش لە پارتیایەتی دەرچوون و بەشەکەی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له عێڕاق”یش ھیچ و سفر بەدەست!
بە بۆچوون و تێگەییشتنی من، ئیدی ئەوەندە گارەگار ناخوازێت، ھیچ سەردەمێك ھێندەی دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو تاکو ٢٠١٥ لەسەر ئاستی ھەرێم و ساڵی ٢٠٠٣ تاکو ٢٠١٥ لەسەر ئاستی عیراق بۆ تێکۆشان و ڕێکخستن و خستنەڕووی ئەڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی لەنێو شوێنی ژییان و کار و خزمەتگوزاریی، لەبارنەبووە و نابێت. چونکە دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو دەسەڵاتی بۆرجوازیی کورد لەسەر ئاستی ھەرێم و ھەر ئاوا یەکەم دەھە و نیوی سەدەی بیست و یەک دەسەڵاتی بۆرجوازی لەسەر ئاستی عیراق تووشی جەنگ و قەیران و ..تد بووبوون و ناڕەزایەتی خەڵك و لەباریی زەمینە بۆ ڕێکخرابوون بەراورد بە ئێستای تۆکمەیی دەسەڵاتی بۆرجوازی کورد و عیراق وێنەی مێژوویی نەبوو و دەکرا بە بەڕێخستنی ھەرەوەزییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان و پێکھێنانی ڕێکخراوە جەماوەرییە خۆخۆییەکانی خەڵك و گرووپە خۆجێیی و خۆکۆمەکییەکانی خەڵک، تان و پۆی خۆبەرێوەبەریی کۆمەڵایەتیی ناوچەکان پێکبھێندرێت و ڕاپەڕین و خۆنیشاندانەکان بکرێنە خاڵی ڕوخاندنی دەسەڵاتە سەروو خەڵکییەکان. بەڵام نەک ئەوە نەکرا، ئەو ھەوڵە خۆخۆییانەی بێکاران و کرێکاران و کارمەندان و خزمەتکاران کە لە دەھەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو بۆ خۆڕێکخستن ھەبوون، بە بەکۆمیتەکردن و پاشکۆکردنیان بۆ “پارتیی ڕابەر” و “ڕابەرە” بۆینباخ لەملەکان، کەوڵکران و لەنێوبردران و پووکێندرانەوە. [لەو بارەوە سەرنجی خوێنەر بۆ پەڕتووکی مێزگردی پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی ڕێكخراوی یەكێتی بێكاران لە كوردستان، (ئەزموونی خەبانی جەماوەریی ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨) ڕادەکێشم ***
” 9. ههموو ڕهوت وحزب وئهو ڕێكخراوانهی كاریان دهكرد وئێستاش كاردهكهن له ژێر ناوی سۆشیالیزم وكۆمۆنیزم، وهك ….. به لای ئێمهوه ڕهوت وحزبی بۆرژوازین ، ئهوانه ناكرێكاری ونا كۆمۆنیستن لهڕوی ئاسۆ وئامانج و بهرنامهی كۆمهڵایهتیانهوه . ههروهها بهلای ئێمهوه …. دهستهو تاقمی وورده بۆرژوازین … بهناوی ماركسیزم وكۆمۆنیزمهوه كاردهكهن .ههندێك له ڕهوته ماركسیه شۆڕشگێرهكان سنوری خۆیان دیاریكردوه لهگهڵ بهشێك لهم كۆمنیزمی بۆرژوازی ووورده بۆرژوازیه له دهیهكانی ڕابردودا، بهڵام مهنسور حیكمهت و” كۆمۆنیزمی كرێكاری”، …به بهشێك له دهستكهوتهكانی بزوتنهوهی ماركسیستی وكۆمۆنیستی دهزانین. ….”
ھەش بەسەر کرێکاری ناھوشیار و خۆشباوەڕ و بەدبەختی ڕەدووکەوتووی درووشمی بریقەدار، چۆن لەنێو داوی پارتییبازی وردەبۆرجوازی ڕزگاریببێت؛ بەبۆچوونی ڕاگەیێنەرانی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له عێڕاق” ئەوانی دەرەوەی خۆیان بۆرجوازی و وردەبۆرجوازیین، بە بۆچوونی ھەر یەک لە ئەوانی دیکە، “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له عێڕاق” بۆرجوازی و وردەبۆرجوازییە، بەڵام ھیچ کام لە ئەوان بۆ خوێنەران و کرێکارانی ھەشبەسەری ڕۆشنناکاتەوە، پێوەرەکان و بەڵگەکانی بۆرجوازیی-بوونی ئەوانی دیکە و “کۆمونیست”بوونی خۆیان چییە، تاکو کرێکاری “نەزان و دەبەن” بزانێت کام پارتیی “ڕابەرانی بلفعل” کۆمونیستی و مارکسیستییە؟
بۆ من وەک خوێنەرێك و کرێکارێک و کەسێك کە ڕۆژگارێك چالاکی ڕێکخراوێکی چەپی “کۆمونیستی” بووم و بە ھەڵەداوان خۆم لە پارتییایەتی ڕابساندووە، یەک پێوەر بۆ بۆرجوازییبوونی گشت پارتییە چەپەکان ھەیە، ئەویش پێکھاتە و ڕێکخستنی پارتییەکەیانە، کە کۆپیکراوی پێکھاتە و ڕێکخستنی کۆمەڵی چینایەتییە و وەک فەرماندەر و فەرمانبەری کۆمەڵی چینایەتی، “ڕابەرانی” بەشی سەرەوەی پارتییەکان دەستەبژێرێکی دەسەڵاتخواز و مشەخۆرن و ئەندامانی بەشی خوارەوەی پارتییەکان کەسانی ناھوشیاری ڕەنجخوراو و پردی پەڕینەوە و سەرکەوتنی دەستەبژێری دەسەڵاتخواز و ناوبانگخواز و مشەخۆری نێو پارتییەکەن، بۆ بەدەسەڵاتگەییشتن؛ ھەر ئاوا بۆرجوازی “ئایین” و “نەژاد” و “نەتەوە” بۆ بەدەسەڵاتگەییشتنی خۆی و مانەوەی لە دەسەڵات بەکاردەبات و ناھوشیاریی و خۆرباوەڕیی خەڵك دەکاتە پرد، ھەر ئاواش چەپە دەسەڵاتخوازەکان “چین” و “سۆشیالیزم” و “کۆمونیزم” بۆ گەییشتن بەدەسەڵات و لە دەسەڵاتمانەوە بەکاردەبەن و ناھوشیاریی و خۆشباوەڕیی ئەندامانی چین و توێژە پڕۆلیتێرییەکان وەک پردی پەڕینەوە بەرەو سەروەریی و مشەخۆریی بەقوبانیدەکەن .
ئەوەی تاکو ئێستا پارتییەکی “کۆمونیست” بەرانبەر پارتییەکانی دیکە دەڵێت و دەیکاتە بنەمای لادان و بۆرجوازیبوونی ئەوانی دیکە، تەنیا یەک شتە، ئەویش ھەمان تاوانباراکردنی یەکدی ڕەوتە ئایینییەکانی ئایینێکە، بەوەی کە لە پەڕتووکی پیرۆز و ڕێنوێنییەکانی پێخەمبەران لایانداوە. لەو بارەوە خوێنەر دەتوانێت تۆمەتی جیاوەبووەکان و دەرکراوەکانی نێو ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاریی” بدات، کە پێوەری کۆمونیست-بوونیان دوور و نزیکی ئەوانە لە پەیڕەوکردنی گوتەکانی مەنسووری حیکمەت و پەرەستنی وێنەکەی، یان گوتەکانی مارکس و لێنین و ستالین و ترۆتسکی و مائۆتسەتۆنگ و کاسترۆ و چێ گوارا و …تد. ھەموویان دەستەبژێریی وردەبۆرجوازین و پێگەی کار و ژییانیان لە دەرەوەی کرێکاران و تێکۆشانی کۆمەڵایەتییە و ھەموویان خۆ-بەڕابەر-زانن و ھەموویان ناوبانگخواز و ھەموویان خۆیان بە “زانا” و کرێکاران بە “دەبەنگ” و شایانی شوانەیی خۆیان، ھەموویان کۆمەڵێك ئیدئالیستی لەخۆڕازین و کەتوار و ژییان و پەرەسەندنەکان بە پێوەری حەزە ئایدیۆلۆجییەکانی خۆیان دەپێون و ئامانج و بەرنامەیان لەقاڵبدانی ژییان و مێژووە بەگوێرەی بەرنامە ئایدیۆلۆجییەکانی خۆیان.
پرسێك، کە لەنێو ئەو خاڵەی سەرەوە ناکرێت بەسەری بازبدرێت، خشکەیی خۆجیاکردنەوەیە لە شکستی بۆچوون و بەرنامەکەی مەنسووری حیکمەت و “کۆمونیزمی کرێکاریی” و ناوبردنی بە ڕەوتێکی دەھەی نەوەدی “مارکسیزمی شۆڕشگێڕ” و بە بەشێک زانینی “مهنسور حیكمهت و” كۆمۆنیزمی كرێكاری” و بە گشت و سەرچاوە نەزانینی، ئاماژەیە بۆ ماڵئاوایی لەو ڕەوتە، بەڵام زۆر ترسنۆکانە و لاوازانە. وەک گوتم ئەوە تایبەتمەندیی ھەموو باڵە جیاوەبوو و دەرکراوەکانی نێو (حککع) بووە و ھەموویان بۆ ماوەیەک جۆرێک پابەندیی و وەفادارییان نیشانداوە و لە ھەلی گونجاودا ھەنگاو بە ھەنگاو دوورکەوتوونەتەوە… لەنێو ئەو خاڵە تەنیا باڵێکی مارکسیستی بەر شاڵاوی بۆرجوازیی-بوون و وردەبۆرجوازیی-بوون نەکەوتووە، ئەویش ترۆتسکیزم دەبێت. ئایا ڕێزنەکردنی ترۆتسکیستەکان لەنێو ڕیزبەندیی “ڕەوتە بۆرجوازیی و وردەبۆرجوازییەکانی ژێر ناوی مارکسیزم و کۆمونیزم” نیشانەی لادانی سەرانی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له عێڕاق” بەرەو لای ترۆتسکیزم یان ترۆتسکیستەکان ھێندە نەبوون و ھیچن، کە شاییستەی ئاماژەدان نین؟
” 10. خهباتی شۆڕشگێرانه له پێناو ڕزگاری ژن وبهجێهێنانی یهكسانی تهواو لهگهڵ پیاو وكۆتایی هێنان به سەركوت ولابردنی ستهم لهسهری ئهركێكی بنهڕهتی ئێمهیه. …”
ئەو خاڵەش ھەر ھێندەی خاڵەکانی پشتیوانی و ڕزگارکردنی کرێکاران گرنگی ھەیە. ئەوان وەک سوپەرمانێک فریای ھەموو چین و توێژە ژێردەست و چەوساوەکان دەکەون؛ بە واتایەکی دیکە ژنان وەک کرێکاران “نەزان و دەبەنگ” توانای خۆڕزگارکردنیان نییە و تەنیا ئاسۆییەکی ڕزگاری بۆ ئەوان، ڕەدووکەوتنی پارتییەکەی “ڕابەرانی بلفعل” و خێرۆمەندیی وردەبۆرجوازی دەبێت!
لێرەدا من ناچمە سەر شێوازی ڕزگارکردنی ژنان لەلایەن “ڕابەرانی بلفعل”، کە سۆشیالیزەکردنی ژنان بوو وەک ھەر کەرەستە و داراییەکی دیکە لەنێوان ئەندامە نێرینەکانی (حککع)، شەوی سووری “ڕابەرانی بلفعل” و چەند-ژنەی ڕانەگەیێندراوی “نامەزھەبی” سەران و ئەندامانی پارتیی بوو. تەنیا ئەوەندە دەڵێم مەبەستی ئەوان لە سەرمایەگوزاریی لەسەر کرێکاران و ژنان، ھێز و توانای شۆڕشگێڕانە و ھاندەرەکانی ئەوان بۆ شۆڕش و گۆڕین نییە، بەڵکو بە “گێل و نەزان”زانینی کرێکاران و ژنان و کردنیانە بە پەیژەی سەرکەوتن بەرەو دەسەڵات. تکایە لەو بارەوە نووسینەکانی مەنسووری حیکمەت و شاگردەکانی لەو ساتانەی کە ئاوایان دەزانی گەییشتووتەنە بەردەرگەی دەسەڵات (مارچی ١٩٩٦، ھەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ھەرێم ٢٠٠٠، ڕۆژانی پاش ١٧ شوبات و سەردەمی ھەڵمەتی ڕێفراندۆمی دەوڵەتاندنی ھەرێم) سەرنجبدەن، کە ئیدی کرێکاران و ژنان وەک لەشکری بەدەسەڵاتگەییشتنی “پارتیی ڕابەر” گرنگیان نەدەما و ھەموو ھەوڵ و پاگەندەی پارتییەکانی “کۆمونیزمی کرێکاری” بۆ بەردەم کامێراکان و بەرە لەتەک ئەم باڵی دەسەڵات، دژی ئەو باڵی دەسەڵات چڕدەبووەوە .
” 11. خهبات له پێناو ڕیفۆرمی سیاسی وئابوری و كۆمهڵایهتی، ههبوونی فیعلی لهههموو مهیدانهكانی خهباتی چینی كرێكاروجهماوهری بێبهش وتوێژه چهوساوهكان بو بهدیهێنانی ئهو ڕیفۆرمانه بهشێكه له ئهركه دهستبهجێكانمان. ڕیفۆرم وخهبات لهپێناوی بهئهنجامگهیاندنیدا جیاناكرێنهوه له خهباتی شۆڕشگێڕانه له پێناو فهراههم هێنانی شۆڕشی كۆمهڵایهتی چینی كرێكار، چونكه ههمیشه پهیوهندیهكی ئۆرگانیك ههیه له نێوان ڕیفۆرم و شۆڕشدا وه ئێمه كاردهكهین بۆ بهرجهستهكردنهوهی ئهم پهیوهندیه لهسهرجهم خهباتمان له مهیدانی ڕیفۆرمدا.”
ڕیفۆرم چییە و لەنێو تێکۆشانی ڕۆژانەی چین و توێژە پرۆلیتێرەییەکان چ واتایەک دەبەخشێت؟ ڕیفۆرمکردنی دەسەڵات و یاساکانی سەروەریی؟ بەداخەوە وەک خوێنەرێك ھیچ لە ڕیفۆرمێک کە ڕاگەیێنەرانی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له عێڕاق” مەبەستیانە تێناگەم؛ ڕێفۆرمکردنی سیستەمی سەروەریی چینایەتی یان ڕیفۆرمکردنی ژییان و داخوازییەکانی خەڵک؟ بەبۆچوونی من، بەکاربردنی واژەی ڕیفۆرم وەک چەمکێکی ئەبستراکت و بێلایەن، ھەوڵێکە بۆ خەڵەتاندنی خەڵکی ناھوشیار و خۆشباوەڕ، چونکە توندکردنەوەی یاسا سەرکوتگەرەکان و کەمکردنەوەی مووچە و کرێ و زیادکردنی ماوەی کار و دوورخستنەوەی ساڵی خانەنشینی و قەدەخەکردنی چالاکییە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان و تایبەتیکردنەوەی کەرتە دەوڵەتییەکان و پارتییکردنی کەرتەکانی بەرھەمھێنان و خزمەتگوزاری، ڕیفۆرمن و ناچارکردنی دەوڵەت و کۆمپانییەکان بە باشترکردنی ژییانی ڕۆژانەی خەڵک ھەر ڕیفۆرمن؛ ڕیفۆرم واتە گۆڕین و پێداچوونەوەی فۆرمێک. ئایا گۆڕین و پێداچوونەوەی فۆرمێک بە ئەبستراکتی دەتوانێت بەشێك لە شۆڕش بێت؟
ھەڵبەتە بۆ منی چاودێری پارتییبازەکانی ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاریی” و باڵەکانی دیکە، ڕۆشنە، کە بە ئەبتسراکت بەکاربردنی ئەو چەمکە ڕێگەخۆشکردنە بۆ بەشداریکردنی سیستەمی پارلەمانیی و پێکھێنانی بەرەی ھاوبەش لەتەک پارتییەکانی دیکە؛ سازشدانی بزووتنەوەی جەماوەریی لەتەک دەوڵەت و خاوەنکار بە پاساودانی ئایدیۆلۆجیی. ئەوەش لە باوانی بۆرجوازییەوە بۆ منداڵە بۆرجوازییەکانی پارتییبازی ماوەتەوە؛ زەمینەخۆشکردنی پێشتر بۆ کاتی گونجاو و ڕاگەیاندن!
ئەوەی پارتییبازەکان بە ڕێفۆرم ناویدەبەن، بۆ من و ھەر کەسێکی دژە-چینایەتی، (تێکۆشانی ڕۆژانە)ی پێدەگوترێت؛ تێکۆشان بۆ بەدەستھێنانی داخوازییە دەستبەجێییەکان؛ زیادکردنی کرێ، کامکردنەوەی ماوەی کار، نزیککردنەوەی ساڵی خانەنشینی، دابینکردنی خانووبەرەی گونجاو بۆ خەڵک، دابینکردنی بیمەی دەرمانی و کۆمەڵایەتیی و بێکاریی و پەککەوتەیی و کەمئەندامی و خزمەتگوزارەییە گشتییەکان و …تد . ئەوانە ھیچ کام خێرخوازیی دەوڵەت و کۆمپانییەکان نین، بەرەنجامی پاڕانەوەی ڕامیاران نین، بەڵکو بەرەنجامی تێکۆشانی ھەر ڕۆژەی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکانی کۆمەڵن و بە درێژایی مێژووش لە خێڵایەتی و کۆیلایەتیی تاکو فیئۆداڵیی و سەرمایەداریی، ئەو داخوازییانە لەلایەن سەرۆکخێڵان و ئایینکاران و ئیمپراتۆر و دەوڵەت و کۆمپانییەکان و فەرماندارییەکان بە سەرکوت و ئەشکەنجە و مەرگ و زیندانی و تیرۆر وەڵامدراونەتەوە و ھیچ کات دەڵاڵانی نێو پارلەمان یان پارتییە “ڕابەرەکان” نەیانتوانیوە نانێک بخەنە سەر سفرەی ھەژاران و ھیچ کات دژی سەروەریی چینایەتیی نەبوون و ناشبن!
” 12. جیاكردنهوهی دین له دهوڵهت وپهروهرده وفێركردن داخۆازیهكی فهوریمانە ویهكێكه له ئهركه ڕاستهوخۆ و دهستبهجێكانی خهباتمان.”
بە بۆچوونی من، لە سەراپای مێژوو ھیچ درووشمێك ھێندەی درووشم و داخوازیی “جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت یان دەوڵەت لە ئایین” پووچتر نەبووە و نییە. ئەوی سەرەواوێك لە مێژووی سەرھەڵدانی ئایینەکان و دەوڵەت بزانێت، ئەوە دەزانێت، کە دەوڵەت منداڵە تاقانەکەی ئایینە و ناھوشیاریی و خۆشباوەڕیی خەڵك مامانی ئەوە. دەوڵەت سێبەری یەزدان و ئایینە لەسەر زەمین؛ دەوڵەت نوێنەر و جێگری یەزدانە لە ڕاسەری خەڵک. پایەکانی ئایین بریتین لە سەروەریی یەزدان و ملکەچیی پەرەستیاران بۆ فەرمانەکانی یەزدان، پیرۆزیی دارایی تایبەت و کاری کرێگرتە، پەرەستگەش وەک پارلەمان ڕەواکەری بڕیارەکانی سەروەران و بڕواھێنان بە خەڵکی ژێردەست و ملکەچ . بۆ مرۆڤی وردبین و ئاوەزدار، جیاکردنەوەی دەوڵەت لە ئایین وەک جیاکردنەوەی سێبەرە لە تەن، ئەستەمە بەبێ لەنێوبردنی دەوڵەت، دەسەڵاتی ڕامیاریی و ڕێکخراوی ئایین لەنێوببرێت.
ئەگەر لە پووچیی ئاوا پاگەندەیەک وازبھێنین، ئەوا وەک ئەزموونی حەفتا ساڵەی ڕوسیە نیشانیدا، کە ئەوەی بە جیاکردنەوەی دەوڵەت لە ئایین ناونرا، جێگرتنەوەی ئایین بوو بە ئایدیۆلۆجیا و دەوڵەت بەبێ ئایین و ئایدیۆلۆجیا نایکرێت، چونکە بەبێ ئایین و ئایدیۆلۆجیا ھەرگیز تاکی نەدارکراو و بێدەسەڵاتکراو ملکەچ و ڕازیی بۆ دەوڵەت ڕاناگیردرێت. ھەر لەبەرئەوەش بوو، کە ئەندامانی “پارتیی ڕابەر” لە ڕوسیە و بلۆکی وارشۆ پاش ھەرەسی بلۆکی بۆلشەڤیکی تەنیا پەرەستگەی ملکەچیی خۆیان گۆڕی؛ لە کۆبوونەوەی پارتییەوە بۆ کۆبوونەوەی پەرەستگە، ھیچ لە پێگەی چینایەتیی ئەوان نەگۆڕدرا.
” 13. پێداگری دهكهین لهسهر یهكلاكردنهوهی مهسهلهی نهتهوایهتی كورد ….، بە جیابوونەوە ودامەزراندنی دەڵەوتی سەربەخۆ یان مانەوە لە چوارچیوەی عێراقدا بە مافی یەکسانەوە لە گەل سەرجەم هاووڵاتیان،….. هەلۆیستی رەسمی “ریکخراوی ئەڵتەرنەتیڤی کۆمۆنیستی لەعێراق” سەبارەت بە جیابوونەوە، لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەم مافەدا، بە گۆێرەی بەرژەوەندیەکانی بەرەوپێشچوونی خەباتی چینایەتی وسۆشیالیستی کریکار، بە تایبەت لە کوردستان، دیاری دەکریت. “
لێرەدا پرسیارێك یەخەی خوێنەری ئاگادار لە ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاریی” بەرنادات؛ ئەی درووشمی “ناسیونالیزم شەرمەزارییە بۆ ئینسانییەت” واتا و پێویستی و ھۆکاری چی بوو، ئەگەر “ڕابەران بلفعلی پڕۆلیتاریا” بڕوایان بە “نەتەوە” ھەیە و بە یەکە و بناخەی یەکگرتن یان جیابوونەوەی کۆمەڵەکانی دەزانن؟
ئەی سەربەخۆیی دەوڵەت لە کێ؛ لە عیراق، لە بۆرجوازی، لە خەڵک، لە ئاسمان؛ ئایا دەوڵەتی ناچینایەتیی بوونی ھەیە، تاکو دەوڵەتەکەی ئەوان سەربەخۆ بێت؟ ئایا لە دەرەوەی بڕوابوون بە پووچگەرایی و ئەفسانەی “نەتەوە” دەستەواژەی “دەوڵەتی سەربەخۆ” واتای چییە؟
مەبەست لە ” بە گۆێرەی بەرژەوەندیەکانی بەرەوپێشچوونی خەباتی چینایەتی وسۆشیالیستی کریکار، بە تایبەت لە کوردستان ” چییە؟
” 14 . تهوهره سهرهكیهكان بۆ ئهو ههنگاوانهو ئهو داخوازیه ڕیفۆرمیانه له بوارهكانی ژیانی ئابوری وكۆمهڵایهتی وسیاسی وڕۆشنبیری بۆ جهماوهر، له ژێر ڕۆشنایی دهستكهوتهكانی بزوتنهوهی ڕزگاریخوازی كرێكاری جیهانی وكۆمۆنیزمی شۆڕشگێر وچهپی جیهانی ، وه له بوارهكانی لهناوبردنی جیاوازی لهسهر بنهمای ڕهگهز و جێندهر وڕهنگی پێست ونهتهوه و ئایین و تهیافه وشتی تر، بهشێكن له داخوازیهكانمان. …. “
ئەو داخوازیی و مافانەی کە لەنێو خاڵی (١٤) ڕیزکراون، وێرای باشبوون و پێویستبوونیان، ئایا لە باشترین باردا لە “سیستەمی دەوڵەتێکی پارلەمانیی” زیاتر وێنادەکات؛ کە لە ڕەنجی ھەمووان بە ھەموو ڕەنگ و ڕەگەز و نەژاد و ئایین و حەزە کەسییەکانی دیکەوە وەک یەک [ یەکسان] بەھرەکێشییدەکات و لەسەر ھەمووان وەک کۆیلە سەروەرییدەکات؟
” 15. “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له عێڕاق” وهك ڕێكخراوێك وئامرازێكی خهباتكارانه، كاردهكات بۆ پێكهێنانی حزبێكی كۆمۆنیستی شۆڕشگێر ماركسی لهعێڕاق لهزووترین كاتدا. ئهوهش له رێگای كۆنگرهیهكی دامهزرێنهر كه ههموو تاك وچالاكوانانی بزوتنهوهی كۆمۆنیستی پرۆلیتاری وڕێكخراوهكان وئاڵقه ماركسیه جۆراوجۆرهكانی سهرتاسهری عێڕاق تیایدا بهشداربن،….. .وهك ڕێكخراوێكی كۆمۆنیستی، خهباتدهكهین بۆ یهكگرتنی خهباتی كۆمۆنیستهكان له سهرتاسهری عێڕاق وبهستنی ئهم كۆنگره دامهزرێنهره كه بڕیار دهدات لهسهر …. وشتی تر. “
ئەگەر ئەوە لەبەرچاونەگرین، کە ئەندامانی پارتییەکان لەنێو ھەموو کۆمەڵەکان کەمینەیەکی زۆر بچووکن و لەنێو چینی کرێکار کەمینەیەکی لەوەش بچووکترن و لەنێو کرێکارە سۆشیالیستخوازەکان کەمینەیەکی ھەرە بچووکترن؛ ئاوای دابنێین، کە زۆرینەی کرێکارە مارکیسستەکان ھاوبۆچوونی پارتییەکەی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له عێڕاق” ھەبن، ئایا لە بارێکی ئاوادا لەسەر چ بنەمایەک کەمینەیەکی ئاوا دەتوانێت پاگەندەی نوێنەرایەتی ھەمووان بکات؛ ئایا بڕیار و دەسەڵاتی ئەوان ھەمان دیکتاتۆریی جەنەڕاڵەکان نابێت؟
ئەگەر لەوەش بگوزەرێین، سەرانی ڕێکخراوێك کە تەنیا خۆیان و گرووپەکەی خۆیان بە “کۆمونیست” و “مارکسیستی ڕاستینە” و “شۆڕشگێر” دەزانن، ئیدی لەسەر چ بنەمایەک دەتوانێت یەکێتی خەباتی ھەموو “کۆمونیستەکان” دەسەبەربکات، ئەو کۆمونیستانە کامانەن، کە “ڕابەرانی بلفعل” دەچنە نێو ئەوان؛ ئەگەر “ڕابەرانی بلفعل” گرووپ و ڕێکخراو و پارتیی دیکەی بە “کۆمونیست” دەزانن، بۆچی لەتەک جیابوونەوەیان لە پارتیی دایک نەچوونە نێو یەکێک لە ئەوانی دیکە؛ یان مەبەستی ئەوان ئەوەیە خۆیان “مەجەعیەت” بن و دەبێت ئەوانی دیکە بە شوانەیی ئەمانەوە پەیوەست بن؟
” 16. ئێمه ڕێكخراوێكی كۆمۆنیستین جیاوازیمان نیه لهگهڵ حزبه كرێكاریهكانی تر تهنیا بهوهی “مانیفیستی كۆمۆنیست”ی ماركس و ئهنگلز وهسفی دهكا كه تایبهته به جیاوازی كۆمۆنیستهكان لهگهڵ حزبه كرێكاریهكانی تر . “
ئەی جیاوازی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له عێڕاق” لەتەک ڕێکخراوە “کۆمونیست”ییەکانی دیکە چییە؛ لە باری ستراتیج و شێوازی ڕێکخستن و چالاکی و و تێکۆشان و میکانیزم کار و چالاکی و بنەمای ئابووریی و ئایدیۆلۆجیی ئەمان لەتەک ئەوانی دیکە چییە؟
” 17. ههموو ئهو ڕێكخراوه كۆمۆنیستیانهی هاوئاسۆ و بهرنامهی كۆمۆنیستی كۆمهڵایهتیمانن ، وه ههموو ئهوحزب وڕهوت وڕێكخراوه ماركسیستانەی له باری سیاسی وفكریهوه له ئێمه نزیكن ، لهسهر ئاستی عێڕاق وناوچهكه …. . “
ئەگەر ڕاگەیێنەرانی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له عێڕاق” لەسەر ئاستی عیراق “ڕێکخراوی هاوئاسۆ و بهرنامهی كۆمۆنیستی كۆمهڵایهتی و … ڕێکخراویی پارتیی و ڕەوتی مارکسیستی دیکە” شکدەبەن یان ھەن، لەبەرچی نەچوونەتە نێو ئەوان؛ ئایا لە باری ھەبوونی ڕێکخراو و پارتیی و ڕەوتی ھاوشێوەی خۆیان، قوتکردنەوەی ڕێکخراوێکی دیکەی وەک ئەوان، بێجگە لە دەسەڵاتخوازیی و ناوبانگخوازیی و خۆ بە زاناتر و “ڕابەرتر” زانین، چ ھۆکارێکی دیکە بۆ پچڕپچڕکردنی خەڵکی ھەیە؟
” 18. خهباتدهكهین له پێناو بههێزكردنی خهتی شۆڕشگێڕ ماركسی وڕێكخراوه كۆمۆنیستیه شۆڕشگێرهكان لهناو بزوتنهوهی كۆمۆنیستی لهسهر ئاستی نێونهتهوهیی وناوچەیی. “
ئەگەر ڕەخنەی خۆم لە ئایدیۆلۆجییبوونی “مارکسیزم” لەبەرچاونەگرم و “مارکسیزم” بە “تیئۆری شۆڕشی سۆشیالیستی” بزانم، “خەتی شۆڕشگێڕی مارکسی” چییە و ئەی “ناشۆڕشگێڕی مارکسیستی” یان “مارکسیزمی ناشۆڕشگێڕ” کامەیە؟
ئەی “کۆمونیستی ناشۆڕشگێر” چییە و کامەیە و ئەگەر کۆمونیزم بیرۆکەیەکی شۆڕشگێڕانەی چەوساوان بێت، چۆن دەکرێت ھاوکات “ناشۆڕشگێڕ” بێت؛ پێوەری جیاکردنەوەی “شۆڕشگێڕ”بوونی و ناشۆڕشگێر”بوونی ئەم “مارکسیزم” و ئەو “مارکسیزم”، ئەم “کۆمونیزم” وئەو “کۆمونیزم” چییە؛ ئێمەی کرێکارانی “”نەزان و دەبەنگ” چۆن ئەو دوو بوونە ناتەبا و دژانە جیابکەینەوە؟
” 19. بانگەوازی چینی كرێكار وهەڵسوڕاوانی بزوتنهوهی كرێكاری دهكهین كه ڕهوتی ماركسیستی وئهم تهوهرانه وئهم ئاراستانه بكهنه سهرخهتی خهباتیان وڕیزهكانی خهباتی ریکخراوەیی کۆمونیستیان لهگهڵ ئێمهدا یهكخهن. هەروەها بانگەوازی ههموو هەڵسوراوان وڕابهرانی كرێكاری وزهحمهتكێشان وچالاكوانانی ناڕهزایهتیه كۆمهڵایهتیهكان، کە ههڵگری ئاسۆی كۆمۆنیستین، وههموو خهباتكاره كۆمۆنیسته شۆڕشگێرهكان ئەکەین له سهرتاسهری عێڕاق دا، کە ڕیزی خهباتیان لهگهڵ ئێمه یهكخهن لە چوارچیوەی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیفی كۆمۆنیستی له عێڕاق” وپێكهوه هەنگاو بنێین بهرهو دامهزراندنی حزبێكی كۆمۆنیستی پرۆلیتاری بههێز وجهماوهری.”
چ پێویست بەوە دەکات، کە ڕاگەییێنەرانی ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له عێڕاق” چینی کرێکار و چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاریی بۆ ئەوە بانگەوازبکەن، کە ڕەوتی مارکسیستی و ئەو تەوەرە و ئاراستانە بکەنە سەرخەتی خەباتی خۆیان؛ ئایا بەبێ بانگەوازەی ئەمان، چینی کرێکار و چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاریی ئاوەزیان بەوە ناشکێت و نازان ئەو کارە بکەن؟
ئەی لەسەر چ بنەمایەک دەبێت چینی کرێکار و چالاکانی بزووتنەوە کرێکاریی ڕیزەکانی خۆیان لەتەک ڕیزی ڕاگەیێنەرانی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له عێڕاق” بخەن؛ مەگەر ناڵێن کرێکاران شۆڕشگێڕترین چینی کۆمەڵ و بەتواناترین چینی کۆمەڵن و ڕۆڵی ئەوان چارەنووسسازە؛ ئەی بۆچی دەبێت ئاوا چینێک ڕیزەکانی خۆی لەتەک چەند چەپێکی چەند جار تێکشکاوی ئایدیۆلۆجیی ڕێکبخات و ڕەدووی ئەوان بکەوێت؟
ئەی لەسەر چ بنەمایەک دەبێت ” ههموو هەڵسوراوان وڕابهرانی كرێكاری وزهحمهتكێشان وچالاكوانانی ناڕهزایهتیه كۆمهڵایهتیهكان، کە ههڵگری ئاسۆی كۆمۆنیستین، وههموو خهباتكاره كۆمۆنیسته شۆڕشگێرهكان” ڕیزی خۆیان لەتەک ڕیزی چەند کەسێکی جیاوەبوونی پارتییەکی شکستخواردوو ڕێکبخەن؛ لەسەر چ بنەمایەک کۆمەڵێك وردەبۆروازی دەسەڵاتخواز و ناوبانگخواز و مشەخۆرخواز دەبنە “مەرجەعیەت”ی ” چینی کرێکار و چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاریی” و ” ههموو هەڵسوراوان وڕابهرانی كرێكاری وزهحمهتكێشان وچالاكوانانی ناڕهزایهتیه كۆمهڵایهتیهكان، کە ههڵگری ئاسۆی كۆمۆنیستین، وههموو خهباتكاره كۆمۆنیسته شۆڕشگێرهكان” و دەبێت ئەو گشتە بخزێنە ژێر دەواری شڕ و بابردووی کۆمەڵێك چەپی وردەبۆرجوازیی؟
ئەگەر لە ھەموو ئەو پرسیارانەی سەرەوە بگوزەرێین و وەک ھەر کەسێكی ناھوشیار و خۆشباوەڕ، ئێمەی خوێنەریش بخزێینە ژێر دەواری شڕ و بابردووی ڕاگەیێنەرانی پارتییۆکەی جیاوەبوو لە پارتیی دایک؛ پارتییە دەستکردەکانی مەنسووری حیکمەت، ئەی لە وەڵامی ئەم پرسیارە یەخەگرە چی بکەین؛ بیست و دوو کەس ئامادە و واژۆکەری درووستکردنی ڕێکخراوێکی دیکە ھەن، بەڵام تەنیا شەش کەس لە ئەوان دامەزرێنەری ڕێکخراوەکەن؛ ئایا ڕێکخراوەکە لەلایەن ئەو شەش کەسە دامەزرێندراوە و دواتر شازدە کەسەکەی دیکە پەیوەست بوون و واژۆیانکردووە؟ ئەگەر ئاوایە و شەش کەس ئەو مافە بەخۆیان دەدەن بەناوی چینی کرێکارن و “مارکسیستە شۆڕشگێڕەکان” و چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاریی و چالاکان و ڕابەرانی کرێکاریی و زەحمەتکێشان و چالاکانی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکخراوێك قوتبکەنەوە، ئیدی دواخستنی ڕاگەیاندنەکەی بۆ واژۆکردنی شازدە کەسی دیکە وەک سفری پاش فاریزە، لەبەر چی و لەپێناو چی؟
ئەگەر شازدە کەسەکەی دیکە وەک شەش کەسی “دامەزرێنەر” بەشداری دامەزراندنی ڕێکخراوەکە بوون، ئیدی بۆ ھەمووان لە یەک ئاست نەبیندراون و بۆچی ھەموویان وەک دامەزرێنەر ڕانەگەیێندراون؛ ئایا شازدە کەسەکە بنکە [قاعیدە]ی ڕێکخراوەکەن و شەش کەسەکەش نێوەندیی و سەرکردایەتی؟
لە بەرانبەر ئاوا ئەگەرانێك و کەسانێک کە ساڵانێکە لە پارتیی دایک دابڕاو بوون و لەلایەن ئەو کەسانەی کە تازەکی لە پارتیی دایک جیابوونەتەوە، بە لادەر و سەرلێشێواو و نەزان و تێنەگەییشتوو لە “کۆمونیزمی کرێکاریی” و “مەنسووری حیکمەت” ناودەبران، کەچی ئێستا بەو ڕاگەیاندنە کەوتوونەتەوە ھەلەکەسەما و وەک ئەوەی ھەنگوێنیان لەنێو کونی دار دۆزیبێتەوە، مڕ و مەست-بوون، تەنیا دەستەواژەیەک بۆ گوتن دەمێنێتەوە “ئەگەر ئازادی و سەربەخۆیی ببارێت، کەسانێک ھەن، کە بۆ خۆپاراستن لە ئازادی، چەتر ھەڵدەدەن” .
بەکورتیی: بەڕاستی بەدبەختییە، پاش ئەو ھەمووە دەرکردن و جیابوونەوە و کەرتکەرتبوونە ئایدیۆلۆجیانەی ڕابوردوو لەسەر دەستی سەرانی ئەو ڕەوت و پارتییانە، کەچی ھێشتا کەسانێك ھەبن و خۆشباوەڕانە ڕەدووی بازرگانە ڕامیارەکان بکەون. ھەرچەندە سەد ساڵی ڕابوردوو سەدەی لێکھەڵوەشانی “پارتییە ڕابەرەکان” بوو و ئەو لێکھەڵوەشانە لەنێو پارتییەکەی لێنین و لەسەر دەستی ئەو و تازەترین نموونەش لەنێو پارتییەکەی مەنسووری حیکمەت و لەسەر دەستی خودی ئەو دەرکردن و ناچارکردن بە جیابوونەوە و بە دوژمنبوونی ھاوڕێکانی دوێنێ ڕویدا، کەچی بەداخەوە ھێشتا بە ھەژماری پەنجەکانی دەست لەنێو چالاکە دەرکراو و جیابووەکانی دەھی نەوەدی سەدەی ڕابودوو خۆشباوەڕانێک ھەن، کە بەو ڕاگەیاندنە کەوتوونەتەوە ھەلەکەسەما و وەک ھاوینی ساڵی ١٩٩٣ نوقڵانەی ڕزگاری پڕۆلیتاریا لە سایەی پارتیی مژدەدراو لێددەدەن. ئەگەر سەرنجێکی ڕابوردووی چەپی ھەرێمی “کوردستان” بدەین، ساڵی ١٩٩١-١٩٩٣ وێڕای جیابوون و ھەبوونی ڕێکخراوی زۆر، کەچی سەرەڕای ھەموو ناڕۆشنی و ناکۆکییەکان، یەکێتییەکی ڕانەگەیێندراو لەنێوان ھەموویان ھەبوو و زۆر لەو ھەموو ماوە یەکگرتووتر بوون، کە بوون بە “پارتییەکی پۆڵایین”. ئەوی ڕۆژێك لەنێو ڕەوتی “کۆمونیزمی کرێکاریی” بەتایبەت ساڵانی ١٩٩١-١٩٩٣ چالاک بووبێت، ئەوە دەزانێت کە دوژمنە ئایدیلۆجییەکانی ئێستا، ھاوڕێی ئایدیۆلۆجیی گیانی بە گیانی ئەو کات بوون و ئەوە سەرەتانی “پارتیی پۆڵایین” و “ڕابەر ڕابەرۆکێ” و “لیدەربازیی” و بیرۆکەی ” پێگە و ئۆتوریتەبازیی” بوو، کە تەشەنەیکردە نێو دواخانەی مێشکی بزووتنەوەکە و لایەنگرانی و ھۆش و ئاوەزی ژاراوییکردن.
—————————————————————————–
پەراوێز:
* ئەو کات من وەک ئەندامێکی ڕێکخراوی ڕەوتی کۆمونیست ئامادەی چوونە نێو پارتیی پێشنیارکراو (حککع) نەبووم و ئەوە بوو بە خاڵی دوورکەوتنەوە و دابڕانی من و گەڕانەوەم بۆ سەر بیرۆکەی (پارتیی کۆمونیستی جیھانی) کە بزووتنەوەکان لە ھەرێم و ناوچە و وڵاتان بەشێك/ لکێک بن لەو پارتییە جیھانییە. ھەر ئاوا زستانی ساڵی ١٩٩٢ لەنێو ڕەخنەیەک لە سەروتاری یەکەم ژمارەی “انترناسیونال – ارگان حککا” کە مەنسووری حیکمەت سەرنووسەری بوو، (نێونەتەوەیی ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکانی کرێکاراان) و (پارتیی کۆمونیستی جیھانی – وەک نێونەتەوەیی کۆمونیستەکان) پێشنیارکردن و ھەر لەنێو ئەو ڕەخنەیە، دژی پێداگرتنە ئایینگەراییەکەی (مەنسووری حیکمەت) لەسەر مارکسیست-لێنینیست-بوونی خۆی، کە لەنێو سەروتارەکەی نووسیبووی “من کەسێكی مارکسیست -لێنینستم، مارکسیستێکی ئۆرتۆدۆکس”.
** بە گوێرەی تیئۆرییەکەی کاوتسکی ئەوە وردەبۆرجوازییە کە ھوشیاری چینایەتی دەباتە نێو کرێکاران و لە ڕووی تیئۆرییەوە ڕابەریی کرێکاران دەکات و ئەوان دەشۆڕشێنێت ….
*** لینکی پەڕتووکی مێزگردی پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی ڕێكخراوی یەكێتی بێكاران لە كوردستان، (ئەزموونی خەبانی جەماوەریی ساڵانی ١٩٩٢ تا ١٩٩٨) https://bekaran.wordpress.com/2013/08/30
**** لینکی ھۆنراوەکەی عەبدوڵڵا پەشێو https://www.youtube.com/watch?v=Wnu-EFh8SL0
***** لینکی دەقی ڕاگەیاندنی باڵێکی سەرکردایەتی (حککع) بەناوی “ڕێكخراوی ئەڵتەرنەتیڤی كۆمۆنیستی له عێڕاق” http://www.hawpshti.com/ku/?p=19187
بۆ خوێندنەوەی بەشی یەکەم، لەسەر ئەو لینکە کلیکبکەن: https://hejeen.wordpress.com/2018/08/06