خه‌می نان و خه‌ونی ئازادی * http://hejeen.wordpress.com

ئازادی به‌بێ یه‌کسانی به‌هره‌کێشییه‌، یه‌کسانیش به‌بێ ئازادی کۆیله‌تی

ئەنارکیست و ئاژاوەچی

هەژێن

٥ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦*

– سڵاو قوربان

+ سڵاو سەرچاوان، دۆستی ئازیز. بمبوورە ناتناسم، مافی ئەوەم هەیە بزانم بەڕێزت کێی؟

– من کەسێکی ئەنارکیستم و مەسئولی کۆمەڵێک کەسم !

+ بەڕاستیتە یان شۆخیدەکەیت ؟

– نا، قوربان، مەگەر تاکو ئێستا لەنێوان من و  تۆ گاڵتە هەبووە، تاکو گاڵتەبکەم ؟

+ نا، بەڵام ئاوا تێگەییشتم، کە شۆخیدەکەیت.

– بۆچی ئاوا دەزانیت کە من گاڵتەدەکەم؟

+  بڵێم چی،  بەڵام هەر بەڕاست تۆ کەسێکی ئەنارکیستیت و بەرپرسی کۆمەڵێك کەسی دیکەی ئەنارکیستیت ؟

– بەڵێ، هەم من ئەنارکیستم و هەم ئەوانیش!

+ هەر بەڕاست تۆ لە ئەنارکیستبوونی هەر دوو لاتان دڵنیاییت ؟

– بەڵێ، بۆچی نا. هەستدەکەم تۆ گاڵتەدەکەیت، مەگەر شتی ئاوات نەبیستووە ؟

+ نەخێر، ناتوانم بە گوێیەکانی خۆم بڕوابکەم، کە من هەر ئێستا بیسەری ئەو وەڵامانەم.

– بۆچی، مەگەر تۆش ئەنارکسیتیت؟

+ نەخێر، چونکە من نە دەتوانم بەرپرسی کەسانی دیکە بم و نە دەتوانم بە بەرپرسبوونی کەسانی دیکە ملبدەم.

– ئەی تۆ چیت؟

+ من “ئاژاوەچیم” …

– مەبەستت ئەوەیە کە تۆش ئەنارکیستیت ؟

+ نەخێر بەڕێزم، من “ئا-ژا-وە-چی-م” !

– ئامانجی تۆ وەك ئاژاوەچییەك چییە ؟

+ لەنێوبردنی پەیوەندی مەڕ و شوان.

– دەی کەواتە تۆش ئەنارکیستیت، ئیتر بۆچی خۆت بە ئاژاوەچی ناودەبەیت ؟

+ لەبەرئەوەی ناتوانم ئەنارکیست بم، هەڵبەتە ئەنارکیست بەو جۆرەی تۆ باسیدەکەیت.

– سەرباری ئەوەش هێشتا تۆ وەك ئەنارکیستێك قسەدەکەیت، بۆچی ئاژاوەچی، ئاژاوە لەپێناو چی ؟

+ بۆ ئەوەی ئەنارکیستە بەرپرسدارەکان وەرگۆڕم بە ئاژاوەچی و چیدی پێویستیان بە بەرپرس نەبێت !

– نا قوربان، مەبەستی من لە مەسئول ئەوە نییە، تۆ تێدەگەیت، مەبەستم ئەوەیە کە من سەرپەرشتی ئەوان دەکەم.

+ مەبەستت ئەوەیە، کە ئەوان بەخۆیان گرفتی هۆشییان هەیە  و ناتوانن بیربکەنەوە ؟

– نا، نەخێر، ئەوانیش وەك من و تۆ دەتوانن بیربکەنەوە؟

+ باشە، ئەگەر ئەوانی دیکە گرفتی هۆشیان نییە و بەخۆیان توانای بیرکردنەوەیان هەیە، بۆچی بەخۆیان سەرپەرشتی خۆیان ناکەن و چ پێویستییەکیان بە تۆ هەیە ؟

– نا، کاکە گیان، بەقوربان، تۆ بۆ ئەوەندە پێچەوانە و ئاڵۆز بیردەکەیتەوە، لەبەرئەوەی ئەوان ئاستی هوشیارییان بەرز نییە و شارەزا نین؟

+ ئەی باشە بۆ هەوڵنادەن ئاستی هوشیاریی خۆیان بەرزبکەنەوە و شارەزایی پەیدابکەن، ئەی ئاستی تۆ چۆن بەرزبووەوە و شارەزابوویت، بڕواناکم تۆ هەر بەو جۆرە لەدایکبووبیت ؟

– من ئاستی خوێندم بەرزە و بەخۆشم  زیرەکم !

+ کەواتە هەر کەس ئاستی خوێندنی بەرزنەبێت و زیرەك نەبێت، ناتوانێت ببێتە ئەنارکیست؟

– نا، مەبەستی من ئەوە نییە، دەتوانن ببن بە ئەنارکیست، بەڵام …

+ کەواتە دەتەوێت بڵێیت هەموو کەسێك توانانی تێگەیشتنی لە هزری ئەنارکیستی نییە و تەنیا کەسانی ئەکادیمیست و زیرەك دەتوانن لەو هزرە تێبگەن .

– نا، بەو جۆرە گاڵتەکەرانەی تۆ نا، بەڵام هەمووان وەك یەك نا .

+ ئەی چارە ؟

– پێویستە کەسانی وەك من کاتی خۆیان بۆ ئەو کارە تەرخانبکەن.

+ ئەی ئەگەر کەسانی وەك تۆ پەیدانەبن، ئیدی کەسەکانی دیکە چی بکەن و چی دەکەن؟

– کەسانی وەك من هەر پەیدادەبن، شتی ئاوا نابێت.

+ باشە، هزرێك کە هەموو کەس نەتوانیت لە ئەو تێبگات، بەکەڵکی چی دێت؟

– چۆن بەکەڵکی ڕزگاری بەشەرییەت دێت.

+ ئێ، مرۆڤایەتییەك کە زۆرینەی توانای تیگەییشتنی ئەو هزرەی نەبێت، چی بکات؟

– کاکە، بە قوربان، تۆ خەریکی بە ئەنارکیزم گاڵتەدەکەیت .

+ نا ئەزیزم، بەپێچەوانەوە من خەریکم ئەنارکیزم لە گاڵتەجاریی کەسانی خۆبەڕابەرزان و ئەکادیمیستانی لوتبەرز و ڕامیارانی زیرەك ڕزگاردەکەم. کاکی خۆم، ئەوە  تۆ خۆتی کە هەم بە من و هەم بەوانەی بە قسەکانت خۆشباوەڕن و هەم بە ئەنارکیزم گاڵتەدەکەیت. تۆ بەخۆت دڵنیایت، کە دروست لە ئەنارکیزم تێگەییشوویت؟

– ئەو قسانە چین، من ڕێگە بە کەس نادەم ئاوا لەتەك من قسەبکات و ئاوا بڵێت. ئەنارکیزم واتە ڕەتکردنەوەی دەوڵەت و پارتایەتی و سەرۆك.

+ کەواتە بە قسەی تۆ هەموو مافیایەك کە دژی دەوڵەت بێت، ئەنارکیستە و هەموو کەسێك کە پارتایەتی نەکات و دەست بە کڵاوەکەیەوە بگرێت، ئەنارکیستە.

– نا، بەڵام ئەوانە سەرچاوەی نەهامەتین.

+ باشە، ئەگەر ئەنارکیزم ڕەتکردنەوەی سەرۆکە، ئیدی چۆن تۆ بوویتە بەرپرسی کۆمەڵە کەسێكی دیکە؟

– نا کاکە، من سەرۆك نیم، نە مووچەم هەیە و نە کۆشك و نە پاسەوان.

+ باشە، ئەگەر سەرۆکی پارتییەکان و دەوڵەت و پارلەمانتاران مووچەیان نەبێت، کەواتە ئەوانیش دەبنە ئەنارکیست؟

– نا، برای من، تۆ شتەکان تێکەڵدەکەیت، ئەو کات دەبنە خزمەتکاری گەل.

+ کەواتە تۆ لەتەك سەروەریی چینایەتی و دەستەبژێرەکان گرفتت نییە؟

– ئەی سەرۆك و بەرپرسێك کە مووچە و کۆشك و پاسەوانی نەبێت، خراپی  چییە؟

+ لەوانەیە بەخۆت باشتر بزانیت، بەڵام گرفت ئەوەیە، کە ئەنارکیزم سەراپای بیرکردنەوەی تۆ ڕەتدەکاتەوە . ئازیزم، ئەگەر بە گوێی من بکەیت و بڕۆیت ڕێگەیەکی دیکە بگریتەبەر، زۆر باشترە. چونکە بە گرتنەبەری ئەنارکیزم ناچاردەبێت لەو هەموو خەون و خەیاڵەی خۆت وازبهێنیت و بگەیتە ئاستی ئەو کەسانەی کە ئێستا خۆت کردووە بە بەرپرسیان.  بنەڕەتیترین بنەمای ئەنارکیزم ڕەتکردنەوەی ئەوەیە کە  تۆ بەرپرسی کەسانی دیکە بیت یان کەسانی دیکە ببنە بەرپرسی تۆ. ئەوەی تۆ دەڵێیت ڕەتکەرەوەی ئەنارکیزمە لەژێر دێوجامەی ئەنارکیزم.

——————————————————–

* بەیادی بیست و چوار ساڵ لەمەوبەر، کە لەنێو ژووری زیندانی دەزگەی ئاساییشی هەولێر کوڕە ئاخایەك بە منی گوت:

–  تۆ لە شیوعیەت تێنەگەییشتوویت، شیوعیەت واتە نەتەوەپەروەری .

(منیش تاکو توانام هەبوو قاقا پێکەنیم و گوتم )

+ ئەم گوتەیەت لە کێ وەرگرتووە، هیوادارم ئەو کەسە بەخۆی لەپێناو “سەروەریی نەتەوە” نەکوژرابێت.

– بۆچی؟

 + بۆ ئەوەی ئێستا بەچاوی خۆی بیبینێت، کە “دەسەڵاتی نەتەوە” دەستە دەستە لاوان دەخاتە زیندان و پێشلەشکریی جەندرمەی دەوڵەتی تورکیە دەکات.

* بەداخەوە بەهۆی گرفتاری ڕۆژگار، ئەم بابەتە کەوتووەتە پشتی کەنۆڵان.

خۆڕێکخستن [١] ئەلف و بای هەر تێکۆشانێکی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە

ھەژێن*

٧ی دێسەمبەری ٢٠١٦

ئەگەر ساڵی ١٩٩١ دەسبەجێ لەنێو ڕاپەڕین و پاش ڕاپەڕین و شکستی [٢] ڕاپەڕینی ١٩٩١ ھوشیاریی تاك و کۆمەڵ لە ئاستی ئێستا بووایە و دەستبەجێ بۆ پێکھێنانی گروپە خۆجییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان کۆششبکرایە، بەدڵنیاییەوە ئێستا ھەم کۆمەڵ ئازاد دەبوو و ھەم لە ڕووی ئابوورییەوە کۆمەڵێکی خۆبەسێ و سەربەخۆ دەبوو و ھەم کارایی پۆزەتیڤی لەسەر کۆمەڵەکانی دەوروبەری دادەنا؛ بۆ نموونە، هەرچەندە خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵی “ڕۆژاوا” ئەو نموونە باڵایە نییە، کە من لەبارەیەوە دەدوێم، بەڵام سەرباری ئەوەش کارایی پۆزەتیڤی لەسەر هەموو جیهان داناوە و زۆر زۆر لە بەڕێوەبەرایەتی پارلەمانیی هەرێمی کوردستان باشترە.[٣]

ئێستا کە ڕوداوەکانی بیست و پێنج ساڵی ڕابوردوو خۆشباوەڕیی ناسیونالیستیی بە “خۆییبوونی فەرمانداریی و پارلەمان و دەوڵەت” و پارتییەکان و ڕامیاران تاکو ڕادەکەی باش ڕەویوەتەوە و لە هەر کات زیاتر خەڵك لەسەر شەقامە و بەراورد بە دوو دەهە و نیوی ڕابوردوو جیاوازی نێوان ئامانج و بەرژەوەندی و خەونی چەوسێنەتان (دەسەڵاتداران) و چەوساوان (خەڵك) لەنێو هۆوشمەندیی گشتیی کۆمەڵ ئاشکراتر و بەرجەستەتر بووە و بەڵگەهێنانەوە و سەلماندنی ناوێت، لە بارێکی ئاوادا خۆڕێکخستنی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکان لە هەر کاتێکی دیکە ئاسانتر و پێویستتر و چارەنووسازترە و هەنگاونەنان و گرنگینەدان بۆ دروستکردنی و جێخستنی، دەبێتە خۆکوژیی بەرەی چەوساوان و ڕەدووکەوتنەوەی دەسەڵاتخوازێکی دیکە و پارتییەکی دیکە و درێژبوونەوەی تەمەنی نەهامەتییەکان.

بە دیتنی من و بە گوێرەی ئەزموونی من، هەر کات ئێمە وەك زۆرینەی کۆمەڵ بۆ خۆڕزگارکردن و بەدیهێنانی ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی هەنگاوبنێین، هەر دەبێت لەم خاڵە و بەم هەنگاوە دەستبەکاربین؛ واتە خۆڕێکخستن و خۆڕێکخستن و خۆڕێکخستنی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی. ئەگەرنا هەر کات، ئەگەر سەدەیەکی دیکەش بێت، هەر دەبێت بەم هەنگاوە دەستپێبکەین و بەبێ خۆڕێکخستنی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی ڕزگاربوون و ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی تەنیا وەك خەیاڵێکی ئەستەم دەمێننەوە و هەموو کۆششێکی خەڵك دەبێتە سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی بۆ پارتیی و سەرکردەیەکەی دیکە، هەر ئاوا کە ناڕەزایەتییەکانی ٢٠٠٦-٢٠١٣ بوونە سەرمایەگوزاریی ڕامیاریی بۆ لیستی نیئۆجەلالییەکانی دەوروبەری نەوشیروان موستەفا و گەییشتە پارلەمان و دەسەڵات و بە کردەوە دیتمان کە ئەوانیش لە دزین و دارابوونی نەوت و چیمەنتۆ و زەوی و گرد و کۆمپانییەوە لە پارتییەکان و دەسەڵاتدارەکانی دیکە خراپترن و کڵاویان لەسەری خەڵك کردووە.

ئەوەی تاکو ئێستا ئێمە ژێردەست و دەستەمۆ و ناکارا ماوینتەوە، بەرەنجامی ئەوە بووە، کە چاوەڕێبووین کەسێك بێت و ئێمە ڕێکبخات و بەخۆی ببێتە شوانەی ئێمە و وەك میگەڵ ئێمە بە بەربدات و بە ئێمە بڵێت چی باشە و چی خراپە و چی و چی ..تد. ئەوەش خۆشباوەڕییەکە کە ئایدیۆلۆجییەکان لەنێو هۆشی ئێمەی چەوساوان دروستیدەکەن و لە بڕوابوون بە خۆ و متمانە بە پەرجووی هێزی یەکگرتووی خۆمان خاڵێدەکەنەوە و هێزی چەوساوان دەخاتە خزمەت سەروەرمانەوەی پاوانگەران و چەپاوڵگەران.

لەبەرئەوە، کەی کۆمەڵ بوو بە خاوەنی ڕێکخستن و ڕێکخراوەی سەربەخۆی جەماوەریی کرێکاران، فەرمانبەران، مامۆستایان، بێکاران، خوێندکاران، پەککەوتان، کەمئەندامان و خانەنشینان و …تد، ئەوسا بڕیاردان و هەستان بە مانگرتنی گشتی و سەرتاسەری دەبێتە کار و چالاکییەکی زۆر ئاسایی و ئاسانی بەرەی گەل و ئەو کات دەبینین، کە چۆن دەسەڵاتدارانی هەرێم و زلهێزە پشتیوانەکانیان و کۆمپانییە جیهانخۆرەکان لەبەردەم داخوازییەکانی خەڵك بەچۆکدادێن و نەك هەر بە پێدانی مووچەی تەواو و دواخراوی خەڵكی ڕازیدەبن، بەڵکو ئامادەشدەبن مووچەکانمان لە جارانیش زیاتربکەن و داخوازی دیکەش جێبەجێبکەن، چونکە سەروەرمانەوە و ملهوڕیی ئەوان بە ناهوشیاریی و ناڕێکخراوبوون و خۆشباوەڕمانەوەی ئێمەی نەدار و بێدەسەڵات بەندە و جێگیربووە.

——————————————-

[١] خۆڕێکخستن، مەبەست لە ڕێکخستنی خۆبەخۆیی چین و توێژە نەدار و بێدەسەڵاتەکانە بە پشتبەستن بە ڕێکخستنی ئاسۆیی و پەیڕەوکردنی دێمکۆکراسی ڕاستەوخۆ و خۆبەڕێوەبەریی و سەرپەرشتیکردنی بە کۆمەڵی ڕێکخراوەکان و تێکۆشان و چالاکی ڕاستەوخۆ.

[٢] بە بۆچوونی من، جێگرتنەوەی فەرمانداریی پارتییەکانی بەرەی کوردستانی لەجێگەی فەرمانداریی بەعس بە بەرەنجامی شکستی ڕاپەڕینی جەماوەریی ئازاری ١٩٩١ و ئەوەی ئیستا ڕودەدات، درێژەی ئەو شکستەیە.

[٣] ڕەخنەی من لە خۆبەڕێوەبەریی “ڕۆژاوا” هەبوونی ڕۆڵی پەیەدە و  شێوە فەرمانداریی/دەوڵەتییبوونی دەزگەکانە و کەمتر کۆمونەیی/ شوراییە و بەرنامەڕێژیی نێوەندیی بڕیادەرە.

*  www.hejeen.wordpress.com ….. http://www.facebook.com/hejen.pze

نامەکانتان گەییشتوون [١]

هەژێن*

٠٤ی دێسەمبەری ٢٠١٦

ئەی ئەوانەی کۆشتاری شیوعیەکانی کانی ماسی ١٩٦٤ و پیاسەی تاڵەبانی  لە بەکرەجۆ ١٩٦٦ و  ئاشبەتاڵەکەی ١٩٧٤ بازرانی و بەرلەشکریی ١٩٧٩ قیادە موەقەتە لە سنە و مەریوان و دزلی و شاکارەکەی یەکی ئایاری ١٩٨٣ قڕناکا و پشتئاشانی نەوشیروان موستەفا و بردنی پاسدار بۆ باباگوڕگوڕ ساڵی ١٩٨٥ (ینک) و پێشلەشکریی بۆ سەر ھەڵەبجە ١٩٨٨ (بەرەی کوردستانی) و بە ئەنفالدانی سەدان ھەزار گوندنشینی قەرەداخ و گەرمیان و بادینان ١٩٨٨ و پێشکەشکردنی پێشمەرگەکانی (حشع) بە بەعس پاش ئەنفال لەلایەن پێشمەرگەکانی (ینک) و خولی سێییەمی جەنگی نێوخۆ ١٩٩٤-١٩٩٨ و گوللەبارانکردنی خۆنیشاندانی دژی شەڕ لە ھەولێر ١٩٩٤ و بێسەروشوێنکردنی گیراوانی جەنگی نێوخۆ لە ئاکرێ و ڕایات و قەڵاچوالان و ھێنانەوەی حەرەس جمھوری٣١ی ئاب و ھێنانی پاسدار بۆ کۆیەی ١٩٩٦ و ھێنانەوەی سەدان جارەی جەندرمە بۆ نێو ھەرێم و جیابوونەوەی نەشیروان بە دە (١٠) ملیۆن دۆلار و گردەکەی تاڵەبانی ٢٠٠٦ و ھێنانی داعش و پێشکەشکردنی زومار و بەعشیقە و شەنگال و مەخموور و بازرگانی نەوت و گاز و لەتەك داعش ٢٠١٤ و پیاسەکردنی داعش لە کەرکووك ٢٠١٦ و ھەوڵی تەقاندنەوە و ئاژاوەنانەوە لە “ڕۆژاوا” ٢٠١٢-٢٠١٦ و تیرۆرکردنی نەزیر عومەر ١٩٩٣و ڕەئوف کامیل ١٩٩٣ و ئەلی بۆسکانی ١٩٩٢ و حەمەحەلاج ١٩٩٤و بەکر عەلی ١٩٩٦ و سۆرانی مامە حەمە و سەردەشت و عەبدولستار تاھیر شەریف و کاوە گەرمیانی و ویدات حوسەین و ھەزاران و ملیۆنان تیرۆر و ڕاونان و  شتی دیکە، ئەی ئەوانەی کە پاش چەند چرکە ئەو گشتەتان لەبیرچووەتەوە.

نامەکانتان بە سەری ڕەش و قەڵاچوالان گەییشتوون و ئەگەر دڵنیانین، وەرن لەنێو خاشاکی کۆشکەکان بگەرێن، ئیدی بەسە و چیدی نامانەوێت وڕێنە و دەبەنگیی ئێوە بخوێنینەوە؛ ئێوەی نووسەر و ڕۆژنامەگەر و  “ڕوناکبیر”، مەگەر تێناگەن و دەبەنگن و نازانن، کە دەسەڵات لەپێناو مسۆگەرکردنی مشەخۆرییە و سیستەمی مشەخۆریی و مەرجەکانی سندووقی نێودەوڵەتی دراو و  بانکی جیھانی و بانکی نێوەندیی ئەوروپا و ناتۆ و دەوڵەتانی زلهێز بواری بەدیھێنانی داخوازییەکانی ئێوە نادەن و ئێمە بە بارمتەگیراوین و ئەگەر مووچەی ئێوە نەبڕین و ئەگەر نرخی کاڵا و پێداویستییەکان چەند قات بەرزنەکەینەوە و ئەگەر ڕێکەوتننامەکان واژۆنەکەین، بە حەب و دەرزییەك، بە خواردنێك ئێمە ژاراوکوژدەکەن و ھەزار و یەك بەڵگەی پزیشکی دەکەنە پاساوی مردنمان؛ ئێوە چین و بۆچی تێناگەن، ئەوە داخوازی و مەرجی نەزمی نوێی بازارە (نیئۆلیبرالیزمە) و ڕاگرتنی جەنگیش تەنیا لە توانای کۆمپانییەکانی ئۆتۆمەبیلسازی و چەکسازی هەیە و تاکو کارخانە و بازارەکانی چەکسازی هەبن، جەنگەکان بەردەوام دەبن و تاکو سەروەری هەبێت، چەك پێویستە و تاکو ئێوەی نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕوناکبیر” و سەرانی “پارتییە پێشرەوەکان” لەسەر کڕینی نوێترین مۆدێلی ئۆتۆمەبیل کێبڕکێبکەن، (داعش) و جەنگ پێویستدەبن و دەبێت نرخی بەنزین و سووتەمەنی هەرزان بێت، تاکو دەبەنگانی دونیا  وەك ئێوە بتوانن زۆرترین بەنزین بکڕن و ئۆتۆمەبێلە پانوپۆڕەکانیان لێخوڕن. [٢]

نامەکانتان گەییشتوون، ئەی نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕوناکبیران”ی دەبەنگ، ئەی ئەوانەی کە لە واتای بێدەنگمانەوەی ئێمە تێناگەن و بە ھەزاران “ئەلف” تێناگەن، ئیدی لەوژە لەوژ بەسە، دەبەنگبێژی بەسە، تەرسەقولبێژی بەسە، نامەنووسین و پاڕانەوە بەسە و تێبگەن، ھەر ئاوا ئێوە لە ئاستی ئێمە بێدەسەڵاتن، ھەر ئاوا ئێمەش لە ئاستی مەرجی نێو ڕێکەوتننامەکانی دەوڵەتانی زلھێز و سندووقی نێو دەوڵەتی دراو و بانکی جیھانی بێدەسەڵاتین و بە فیکەیەکی ئەوان تەخت و تاراجمان نامێنێت.

نامەکانتان گەییشتوون و ئێوە ناخوازن لە وەڵامنەدانەوەی ئێمە بگەن، کە ئێمەش بێدەسەڵاتین و دەسەڵاتی ئێمە لە تیرۆرکردنی ناڕازییان و ڕاگرتنی جەماوەر و پاسەوانی بیرەنەوتەکان و جێبەجێکردنی پلانەکان و کڕینی چەك و واژۆکردنی ڕێکەوتننامەکان و قەرزکردن، هیچی یدکە نییە و ژییان و منداڵ و ھاوسەرانمان بەبارمتەگیراون. ئێوە ناتانەوێت تێبگەن؛ ئەگەر ئێمە فزەبکەین، وەك (جۆن پاوڵی یەکەم John Paul I) [٣] نیوەشەوێك دەماکوژن . دەبەنگینە گوێڕادێرن، مەگەر سەری ئێوە تەپاڵەی تێدایە، ئاوا تێناگەن و زۆرینەی خەڵکی ناڕازیشتان وەك خۆتان دەبەنگکردووە؛ تێناگەن کە ئێمە ناتوانین و مافی وەڵامدانەوەمان نییە و ئەگەر وەڵامبدەینەوە، لە دوو شت زیاتر نییە، یان هەر وەك ئێوە تەنیا دەتوانین خەڵك خۆشباوەڕتربکەین، یان فیشەکێك لەنێو دەمی ناڕازییانی سەرکێش بتەقێنینەوە. دەبەنگینە ئێوە بەو نامە دەبەنگانەی خۆتان تەنەکەی خۆڵی ئێمەتان پڕکردووە و ناهێڵن خەڵکی ناڕازای بەخۆی بیربکاتەوە و لەوە تێبگات، کە ئەگەر ئێمە ڕاستگۆیانە وەڵامی پرسیار و داخوازییەکانی خەڵك بدەینەوە، تەمەنمان چەند چرکەیەك زیاتر نابێت و بارمتەگیراوێکی دیکەی وەك ئێمە دەخەنە شوێنمان و باری خەڵکیش وەك ئێستا هەر “چل مەن” دەبێت. بەڵام ئەگەر خەڵکی بەخۆی خۆی ڕێکبخات و ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی خۆی بکاتە ئەڵتەرناتیڤی ئێمە، هەم ئێمە لەم بارمتەبوونە ڕزگاردەبین و هەم سندووقی نێو دەوڵەتی دراو و بانکی جیهانی و بانکی نێوەندیی ئەوروپا و دەوڵەتانی زلهێز ناتوانن بارمتەگیراوێکی دیکە بخەنەوە شوێنی ئێمە. ئیدی بەسە و چیدیکە نامە ئاراستەی ئێمە مەکەن و بە دەبەنگی خۆتان خەڵك خۆشباوەڕ و چاوەڕوان مە‌هێڵنەوە، با چیدیکە خەڵکی چاوەڕوانی سۆزداریی ڕۆبۆتێکی وەك ئێمە نەکات و بە تەرسەقولبێژیی ئێوەش وڕ و گێژ نەبێت؛ با خەڵکی بەخۆی بیربکاتەوە و لە بێوەڵامی ئێمە تێبگات، تکایە چیدیکە نامەی تەرسەقولاوی بۆ ئێمە مەنێرن!

بۆ دوا جار لێرەدا جارێکی دیکە هەزاربارەی دەکەینەوە، ئەی دەبەنگانی نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕوناکبیر”، گشت نامە خۆشباوەڕکەرەکانتان گەییشتوون و ئەمەش دوا وەڵامە و ئیدی بەسە و تێبگەن، ئەی بێهۆشترین بوونەوەرانی سەر گۆی زەمین، ئەی چڵکاوخۆرانی بەردەم کۆشكی سەر ڕەش و قەڵاچوالان و پارلەمان و گردەکانی ئۆپۆزسیۆن، دەبەنگی بەسە و کڕبکەون، تاکو خەڵك بەخۆی بیربکاتەوە و چارەنووسی خۆی دیاریبکات، ئەگەرنا هەمان چارەنووسی فلیپین و ئەرجەنتین و کۆڵۆنییەکانی ئەفریکا لە پێشتان دەبێت و کاتێك کە نەوت نەما، ئیدی تەنیا باجی لەشفرۆشییەکانی “نیشتمان” دەتوانێت “ئاڵای نەتەوە” بشەکێنێتەوە. [٤]

————————————————————

[١] وەڵامێك بۆ ئەو نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕۆناکبیر”انەی کە پاش چارەکە سەدەیەك تاڵانی و گەندەڵی و سەرکوتکاریی دەسەڵاتی بۆرجوازی کورد، هێشتا دەبەنگانە نامە بۆ دەسەڵاتداران دەنووسن و خەریکی بزواندنی سۆزی ڕۆبۆتەکانی نەزمی نوێی بازار (نیئۆلیبرالیزم) و ختووکەدانی خۆشباوەڕیی خەڵکی نەدار و بێدەسەڵات و چاوڕێهێشتنەوەی ناڕازیانن و بە نەتەوەگەرایی (ناسیونالیزم) هۆشی ناڕازییان بەنگدەکەن. لێرەدا مەبەستی من نووسەران و ڕۆژنامەگەران و “ڕوناکبیران”ی دەرباری دەسەڵات و پارتییەکان نییە، چونکە ئەوان  لە خۆشباوەڕییەوە  دەربارنین و ھوشیارانە لە پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی دەسەڵاتداران داکۆکیدەکەن؛ مەبەستم نووسەر و ڕۆژنامەگەر و “ڕوناکبیران”ێکن، کە خۆشباوەڕانە بە “نەتەوە” و “وڵات” و “ھاووڵاتی” و “سەرۆکی باش” و “پارتیی باش” و “پارلەمان و پارلەمانتاری باش” و “فەرمانداریی و  دەوڵەتی باش”  ھۆشی نەداران و بێدەسەڵاتانی ناڕازی ژاراویدەکەن و ڕۆژانە لەنێو کاناڵەکانی مێدیا نامە ئاراستەی دەسەڵاتدارانی بۆرجوازی کورد دەکەن و خەریکی ئامۆژگاریکردنی دەسەڵاتدارانن، بۆ ئەوەی “سەرکوتگەرێکی دڵسۆز و بەسۆزی خەڵك” بن.

[٢]لەو کاتەوە کە (داعش) هاتووەتە نێو عیراق تاکو ئێستا لە وڵاتانی ڕۆژاوا نرخی بەنزین و گازوایل و گاز هەرزان بووە.

[٣] (جۆن پاوڵی یەکەم John Paul I) پاپای ڤاتیکان بوو، ٢٦ی ئۆگوست تاکو ٢٨ی سێپتەمبەری ١٩٧٨، ماوەی پاپابوونی تەنیا سی و سێ (٣٣) ڕۆژ بوو و نیوەشەوێك ناڕۆشنانە مرد. بۆ زانیاریی زیاتر سەردانی ئەم لینکە بکەن : https://en.wikipedia.org/wiki/Pope_John_Paul_I

[٤]ساڵی دوو هەزار، لە گەرمەی شانازیکردنی خۆشباوەڕان و دەسکەلاکانی دەسەڵات بە ئاڵای بۆرجوای کوردستان لەنێو ژوورەکانی پاڵتۆك بەدیاریکراوی لەنێو ژووری “ئازادیخوازان” کە ژووری چەپ و نەتەوەگەراکان بوو، گوتم “ڕۆژێك دێت، کە ئاڵای نەتەوەیی ئێوەش وەك ئاڵای فلیپین بە باجی لەشفرۆشییەکانی نیشتمان دەشەکێتەوە”.

*  www.hejeen.wordpress.com ….. http://www.facebook.com/hejen.pze

 

دیکتاتۆریی ھەر دیکتاتۆرییە؛ بازارەکەی ئازاد بێت یان قۆرخکراو ، داراییەکەی دەوڵەتی بێت یان تایبەتیی

 

ھەژێن

٢٨ی نۆۋەمبەری ٢٠١٦

سەرنجێکی کورت لەسەر بابەتی ” ئای چۆن ڕاستییه‌کان ده‌شوێنرێت تاکو زیاتر و زیاتر چه‌واشه‌مان بکه‌ن ” نووسینی زاھیر باھیر*

سەرەتا، بۆ ئەوەی خوێنەری ئاشنا و نائاشنا ئەوە بزانێت، لێرەدا وەك هەر سەرنج و ڕەخنە لە هەر کەسێکی دیکە، کەسایەتی نووسەر لە دەرەوەی بابەت ڕادەگرم و خەریکی ڕۆشناییخستنە سەر لایەنە ناڕۆشنەکانی بۆچوونەکەی دەبم، کە هەم دەکرێت لەم ساتەدا بۆچوونی سەدان هەزار کەس بێت و هەم بەدڵنیاییەوە پیشینەیەکی زۆر درێژتر لە تەمەنی هاوڕێ زاهیر و منی هەیە.

خوازراو یان نەخوازراو ھاوڕێ زاھیر بەو سەردێرە، ئێمەی خوێنەر دەخاتە دووڕیانی بەراوردکارییەك، کە سەرەنجامەکەی کۆیلەتی خوێنەرە بۆ گرتنەبەری ڕێگەیەکیان، ھەرچەندە ڕێگەی گەڕانەوە بۆ دواوە ھەیە و بەبۆچوونی من، باشترین ئەڵتەرناتیڤە و پێویستە بە نیشاندانی خاڵە هاوبەشەکانی نێوان بازاری قۆرخکراو و بازار-ئازادی نیئۆلیبراڵ، دیکتاتۆریی چوار ساڵە و دیکتاتۆریی پەنجا ساڵە، خۆمان لە هۆگریی بۆ پۆزەتیڤبوونی دارایی دەوڵەتی “کەرتی نیشتمانی” بە بەراوردکردنی لەتەك دارایی کۆمپانییەکان “کارتی تایبەت” بپارێزین.

نووسەر دەنووسێت ” که‌متر باس له‌و ده‌ستکه‌وته‌ باشانه‌ ده‌که‌ن که‌ کاسترۆ بۆ کوبای کرد له‌ بواری ته‌ندروستی و چاره‌سه‌ریی به‌لاش که‌ تا ئێستا ئه‌و سیسته‌مه‌ له‌ هیچ وڵاتیکدا نییه، خوێندنی به‌ڵاش ، درێژبوونه‌وه‌ی بڕی ته‌مه‌ندرێژی هاووڵاتیانی کوبا، یارمه‌تی و هاوکاریی زۆرێك له‌ وڵاتانی ئه‌مه‌ریکای لاتینی له‌ کێشه‌ی ته‌ندروستی و چاره‌سه‌ر‌دا به‌ناردنی دکتۆرێكی زۆر ، هینانه‌ خواره‌وه‌ی بڕی مردنی ساوایان و دایکانی دووگیان به‌سه‌ر منداڵه‌کانیانه‌وه‌ ، پاراستنی ئابوریی وڵاته‌که‌ی له‌ دزی و تاڵانی ئه‌مه‌ریکا و وڵاتانی ئه‌وروپا ، باشی نیسبی ژیانی هاووڵاتیان له‌وێ …. گه‌لێکی دیکه‌.”

هەڵبەتە ئەوە بڵێم، منیش دابینکراویی بیمەی دەرمانی و خوێندن و پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژییان و گوزەرانی ڕۆژانە بە باشتر دەزانم، بەڵام لەتەك ئەوە ناکۆکم کە ئەوە چەپکەگوڵی دەستی ڤیدڵ کاسترۆ بێت بۆ خەڵك. بە بۆچوونی من، ئەوە بۆ  پێداویستی مانەوەی سیستەمی سەرمایەداریی دەوڵەتی دەگەڕێتەوە، نەك بۆ خودی کاسترۆ. چونکە تاکو ئێستا مێژووی سیستەمی چینایەتی چ لە سەرۆکایەتی خێڵ و سیستەمی فیئۆداڵی و  پاشایەتی و  چ لە شێوەی دەوڵەت، ئەوەی نیشانداوە، کە هیچ سیستەمێك ناتوانێت هاوکات هەم دەمی خەڵك دابخات و هەم زگی خەڵك برسیبکات، لەوێ کە دەمی داخستبێت، ناچار بووە مل بە تێری زگەکان بدات [کەرتی دەوڵەتی] و لەوێ کە زگەکان برسیدەکات، ناچارە  گلەییکردن و ناڕەزایەتی ئازادبکات [کەرتی تایبەت ].

بێجگە لەوە، ئەگەر ئێمە ئەو ڕێژە تێرییەی زگ بە ئامانج وەربگرین، خواستە یان ناخواستە خۆمان لەبەردەم ئەم پرسیارە دەبینینەوە؛ ئەی هەڵوێستی ئێمە بەرانبەر زیندان چۆن دەبێت، کە لەوێدا هەمووان یەك جۆر پۆشاك و پۆشتە و هەمووان یەك جۆر خۆراك و تێرن؟ ئایا لەنێوان سیستەمی سەرمایەداری دەوڵەتی و دیکتاتۆرییە بەناو “سۆشیالیستییەکان” و سیستەمی زیندان هیچ جیاوازییەك هەیە؟ ئایا دەتوانین لە بەرواردکردنی نێوان بەڕێوەبەری زیندانێك و بەڕێوەبەری نووسینگەیەکی دەڵاڵی-کار بەو سەرەنجامە بگەین، لەبەرئەوەی کە لەنێو زیندان هەمووان یەك پۆشاك و هەمووان یەك خۆراکن، لە بەڕێوەبەری یان خاوەنی نووسینگەی دەڵاڵی کار باشترە، کە کرێی کرێکارەکانی جیاواز و ٨٠% داهاتی کاری کرێکارەکان بۆ خۆی دەدزێت؟

پاشان، ئایا بەو بەراوردکارییە لەنێوان فەرمانداریی تاكپارتیی و فەرمانداریی پارلەمانیی؛ لەنێوان سەرۆکی پەنجا ساڵە و سەرۆکی چوار ساڵە لە پۆزەتیڤبوونی سیستەمی پارتیی بەعس/ سەدام حوسەین نزیکنابینەوە، کە هەم وەك سیستەمەکەی کوبا خوێندن و دەرمان خۆڕایی و  هەم نان هەزان و هەم سەرمایەدار و سەرمایەداری گەورە تەنیا دەوڵەت بوو؟

پاشان دەنووسێت ” هه‌ڵبه‌ته‌ من به‌رگریی له‌ ڕژێمه‌که‌ی کاسترۆ ناکه‌م و ته‌نها ڕاستی ده‌ڵێم، به‌ڵاو ئه‌وه‌ی که‌ من توڕه ‌و بێزار ده‌کات ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو ئه‌و که‌ناڵ و ڕۆژنامانه‌ ده‌ڵێن ” به‌ ته‌مه‌نترین دیکتاتۆری جیهان مرد”. باشه‌ منیش ده‌ڵێم کاسترۆ دیکتاتۆر بوو ، به‌ڵام ئایا سه‌ر‌کرده‌ی وڵاتێك هه‌یه‌ یا ڕژێمێك هه‌یه‌ که‌ دیکتاتۆر نه‌بێت؟ ”

بە بۆچوونی من، هیچ پێویست ناکات ئێمەی دژە-سەروەر لەو هەڵایە توڕەبین، چونکە ڕاستە لە دەمی دوژمنی چینایەتی ئێمە دەردەچێت، بەڵام ڕاستییەکی درەوشاوەی تێدایە، ئەویش ڕیکۆردی درێژیی تەمەنی دیکتاتۆرە، ئیدی ئەو دەربڕینە هەر کەس بیڵێت، هیچ لە نێوەڕۆکەکەی ناگۆڕێت. هەر ئاوا ڕاستە کە سەرۆکی هەموو دەوڵەت و فەرمانداریی و پارتییەك و خێڵ و گروپێك دیکتاتۆرە ئەگەر بۆی بلوێت، بەڵام لە ئێستادا هەمووان وەك کاسترۆ و سیستەمەکەی ئەو دیکتاتۆر نین، یان بەلایەنی کەم سیستەمەکەیان سیستەمی تاک-دیکتاتۆریی نییە.

پاشان دەنووسێت  “دیکتاتۆره‌کان 3 جۆرن: جۆرێکیان به‌ کوده‌تای سه‌ره‌بازی دێنه‌ سه‌ر حوکم، جۆری دووهه‌م به‌ کوده‌تای حیزبییانه‌ دێنه‌‌ سه‌ر حوکم، جۆری سێهه‌م: به‌ یاساییکردنی دیکتاتۆرییه‌ته‌ ( به‌ شه‌رعیکردن) که‌ ئه‌ویش له‌ ڕێگای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌یه‌ دێنه‌ سه‌ر حوکم”

بە بۆچوونی لێرەدا نووسەر ڕێگەی چوار و پێنجەم و شەشەم لەبیردەکات، کە بە ڕێگەی بۆمانەوەی پاشایی و  ڕاپەڕینی جەماوەریی و هەر ئاوا بە ڕێگەی کودەتای پارلەمانیی وەك ئاکپارتیی و ئەردۆگان دیکتاتۆرەکان بەرزدەبنەوە و بۆ جێکەوتەبوونی سیستەمەکەیان زەمینەسازیی دەکرێت. بێجگە لەوەش لەنێوان ئەو سێ جۆرە جیاوازی زۆر هەن، لەوانە شێوازی بەدەسەڵاتبوونی دیکتاتۆرییە، یەکەم بە هۆی هێز و سەرکوتکردنی ڕاستەوخۆ، دووەم بە پرۆسێسێکی درێژخایەنی دروستکردنی خۆشباوەڕیی ئەندامانی پارتیی بە “ڕابەری باش” و بەهۆی کارایی ئایدیۆلۆجیا و سێیەم بە پەیژەکردنی خۆشباوەڕیی خەڵكی دەنگدەر بە “سەرۆکی باش” و “پارتیی باش ” و “فەرمانداریی باش” و “دەوڵەتی باش”. جیاوازی دووەمش بە هەمان شێوە دیکتاتۆریی یەکەم بەهۆی هێز و توندوتیژی و تاکەکەسییە، جۆری دووەم بەهۆی کارایی ڕاستەوخۆی سەرانی پارتییەکان لەسەر ئەندامان و ڕامکردنی ئایدیۆلۆجی  و ئەویش وەك سێیەم بەهۆی بەدەستهێنانی دەنگی زۆرینە و ملکەچی زۆرینەی ئەندامانی پارتیی بۆ سەرەوە و سێیەم جۆر بەهۆی دەنگدانی زۆرینە ڕەوایەتی وەردەگرێت، کە دەکاتە دیکتاتۆریی زۆرینە. بەڵام نابێت ئەوە لەبیربکەین، کە دیکتاتۆریی تاکەکەسیی و تاکپارتیی وەك کاسترۆ و پارتییەکەی ئەو، تەمەنی درێژە و تاکو ڕاپەڕینی خەڵك یان کارایی و ناچاریی فشاری ئابووریی نەبێت، وازهێهنان و کۆتابوونی ئەستەمە، جۆری دووەم، بەهۆی جیابوونەوە و دەنگدانی ئەندامانەوە ئەگەری گۆڕانی هەیە یان نەیارەکان دەتوانن بچنە دەرەوەی پارتییەکان و سەربەخۆ بمێنن یان جارێکی دیکە پارتییەکی دیکە دروستبکەن، بەڵام وەك سایەی دیکتاتۆرییەکەی کاسترۆ و ئەوانی دیکە لەسێدارەتنادەن و زیندانیت ناکەن یان لایەنی کەم توانای دەربازبوون لە ستەم و سزای ئەوان هەیە. جۆری سێیەمیش ئاشکرایە، ئەگەر زۆرینەی دەنگدەران خوازیاری مانەوەی سەرۆکی دیکتاتۆرخواز نەبن، پاش چوار ساڵ هەر بە دەنگی زۆرینەی دەنگدەران لادەچێت. لەبەرئەوە ناکرێت و ناتوانین ئەو سێ یان پێنج جۆرە بخەینە چەکمەچەیەکەوە و دیکتاتۆریی نێو پارتییەك و پارلەمانێك ڕەوایەتی دیکتاتۆرییەکەی لە زۆرینەوەی دەنگەوە وەردەگرێت و هەر بە دەنگدانیش ئەگەری وەلانانیان هەیە. بەڵام لە سیستەم و دیکتاتۆرییەکەی کاسترۆ تەنانەت شێوەی دیکتاتۆریی پاشایەتی زاڵە و بیجگە لە کودەتا یان ڕاپەڕین هیچ ئەگەرێك بۆ وەڵانانی نییە.

پاشان دەنووسێت ” باشه‌ جۆرج بووش باوك و کوڕ ، ده‌یڤد کامرۆن، تۆنی بلایه‌ر دیکتاتۆر نه‌بوون که‌ بوو‌نه‌ هۆی کوژارانی سه‌ده‌ها هه‌زار که‌س له‌ عێراق و ئه‌فغانستان لیبیاو سوریا و یه‌مه‌ن و شوێنه‌کانی دیکه‌؟ باشه‌ دوو ملیۆن که‌س له‌ له‌نده‌ن له‌ ساڵی 2003 دژ به‌‌ شه‌ڕ و اگیرکردنی عێراق ‌ ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قام ‌ چونکه‌ ده‌یانزانی ئه‌مه‌ سه‌ره‌نجامه‌که‌یه‌تی ، تۆنی بلایه‌ر گوێی گرت بۆیان؟ باشه‌ ئه‌مه‌ریکا و ده‌زگه‌ سیخوڕییه‌که‌ی ده‌یه‌ها جار ویستیان کاسترۆ ئیختیال بکه‌ن ، ئه‌ی ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر دیکتاتۆرییه‌ت نه‌بێت ئه‌ی چییه‌ ؟

بەڵێ ئەوە جۆرێکە لە دیکتاتۆریی، بەڵام ئەوە یەکەم دیکتاتۆریی کەسێك نییە و دیکتاتۆریی پارلەمانییە و دووەم پاڵپشتی ئەو دیکتاتۆرییە زۆرینەی دەنگدەرانن، کاتێك کە لە بریتانیا دوو ملیۆن کەس دژی هێرش بۆ سەر عیراق دێنە سەر شەقامەکان، هاوکات نزیکەی شەست (ملیۆن) کەس بە بێدەنگمانەوە ڕەوایەتی بە جەنگەکە دەدەن. لێرەدا پێویستە لە خۆمان بپرسین ئەگەر لەجیاتی دوو ملیۆن کەس، پەنجا ملیۆن کەس لەسەر شەقامەکان بوونایە، ئایا فەرماندارییەکەی (تۆنی بلەیەر) هەر بەشداری جەنگەکەی دەکرد؟ بەڵام ئەگەر هەر پازدە ملیۆن کەسەکەی عیراق کاتی جەنگی عیراق-ئێران بهاتنایە سەر شەقامەکان، ئایا سەدام حوسەین دەستبەرداری جەنگ دەبوو؟ ئایا لە ماوەی دیکتاتۆریی کاسترۆ و ئێستاش براکەی ئەگەر هەموو خەڵکی کوبا خۆنیشانبکەن، کاسترۆ دەستبەردای بڕیارێکی خۆی دەبوو یان دەبێت، ئایا خۆنیشاندانێکی ئاوا دوو ملیۆنی دژی بڕیاری فەرمانداریی لە کوبا بەبێ خوێنڕشتن دەگوزەرێت؟

پاشان دەنووسێت “هێنری کیسه‌نجه‌ر و ڕۆڵه‌که‌ی له‌ ئه‌مه‌ریکای لاتینی به‌ دروستکردنی تیمی بکوژ بۆ کوشتنی چالاکوان و نقابییان و کۆمۆ‌نیستان و سۆشیالیستان دیکتارۆییه‌ت نییه، ئه‌ی ‌ چییه‌؟ ڕۆلی ئه‌مه‌ریکا له‌ کۆنگۆ ، له‌ شیلی ، له‌ ئێران ، له‌ عێراق سه‌رده‌می عه‌بدولکه‌ریم قاسم ، له‌ ئه‌نده‌نوسیا ئێوه‌ پێی ده‌ڵێن چی؟ ”

نا هاوڕێ گیان، ئەوەشیان ئاوا نییە، چونکە  دیکتاتۆری شتێکە و تیرۆریزم شتێکە. کێسەنجەر هاندەری تیرۆریزم بووە بۆ پاراستنی سیستەمی دیکتاتۆریی چیلی و ئەرجەنتین و …تد، کە پێداویستی سیستەمە جیهانییەکەیە لە ئەمەرتکای لاتین و ئەفریکا و ئاسیا، وەك خۆت دەزانیت لەنێوان فاشیست و شۆڤێنیست و دیکتاتۆر و تیرۆریست جیاوازی هەیە، هەرچەندە هەموویان بۆ پاراستنی سیستەمی چیانیەتی تەواوکەری یەکدین. بەڵام ناکرێت ئێمە هەموویان بخەینە یەك چەکمەجە و جیاوازییەکان لەبەرچاونەگرین.

پاشان دەنووسێت “باشه‌ کێ‌ ده‌ستی له‌ کوشتنی خه‌ڵکیدا و وێرانکردنی وڵاتاندا و دروستکردنی تیرۆریستاندا زیاتره؟ا کاسترۆ یاخود ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ده‌ستنیشانمکردن ؟ ”

ئەگەر بڕیاربێت وەڵامی ئێمەی خوێنەر ژمارەکان  و دەرکەوتنەکان بن، ئەوا بە ڕواڵەت بەراورد بە ئەوانی دیکە،  کاسترۆ هەر هیچی نەکردووە. بەڵام ئەگەر کاسترۆ لەجێی ئەوان بووایە، ئایا هەر هەمان شتی نەدەکرد؟ ئایا دەتوانین ژمارە ئاشکراکان بکەینە پەردەپۆش و پاساو بۆ نەدیتنی ئەوانی دیکە؛ ئایا کاسترۆ و  پارتییەکی پێش بەدەسەڵاتگەییشتن و پاش بەدەسەڵاتگەییشتن کۆمونیستانی بۆچوون جیاواز و ئەنارکیستان و لیبڕاڵان و پارلەمانخوازانی نەکوشتوون و زیندانینەکردوون؛ ئایا کاسترۆ بە کۆمەکی سەربازیی و دەرمانی و ئابووریی لە تیرۆرکارییەکانی سایەی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران و فەرماندارییە تاكپارتی و دیکتاتۆرییەکانی دیکەی ئەمەریکای لاتین و ئاسیا و ئەفریکای نەکردووە؟ ئەی ئەوانەی ئەو هەر هەمان تاوان نین، کە کێسینجەر و ئەوانی دیکەی هاوپەیمانی ناتۆ ئەنجامیانداون؟ ئەی ئاخۆ هەژماری شادراوەی ئەوانەی کە لە ماوەی پەنجا ساڵی دەسەڵاتداریی کاسترۆ و هەشت ساڵی ڕابوردووش کە هەر سێبەری دیکتاتۆریی ئەو زاڵبووە، گولەباران کراون، لەسێدارەدارون، زیندانیکراون، دوورخراونەتەوە و بێسەروشوێن کراون ، چەند بێت؟

لە کۆتاییدا نووسەر دەپرسێت “بۆچی ده‌بێت ئه‌و دیکتاتۆر بێت به‌ڵام ئه‌مان وه‌ته‌نی و پیاوی باش ؟ کاتێكیش که‌ هیچ سه‌رکرده‌یه‌ك ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و بۆ گه‌له‌که‌ی ‌کردوه‌ به‌ مه‌ندێلاشه‌وه، نه‌یانکردووه‌‌ !! ئای چۆن ڕاستییه‌کان ده‌شوێنرێت تاکو زیاتر و زیاتر چه‌واشه‌مان بکه‌ن.  ”

منیش، هەم وەك وەڵام و هەم وەك کۆتایی سەرنجەکەم، دەڵێم خۆزگە نووسەر لەجیاتی ئەو هەمووە بەراوردکردنە، کە ئەوی ئەنارکیستی خستووەتە خانەی پاساودانی دیکتاتۆریی کاسترۆ بە هەبوونی نان و خۆڕاییبوونی خوێندن و دەرمان، تەنیا هەر ئەو پرسیارەی کۆتایی بنووسیایە، کە زۆر جوان و کەم  و پوخت و بێلایەنانە هەڵوێست وەردەگرێت و خوێنەر دەخاتە بەردەم بیرکردنەوە  و وردبوونەوە. هەرچەندە بەداخەوە دێڕێك پاشتر جارێکی دیکە دەکەوێتە بەراوردێکی ڕواڵەتیی بازار و لەبەرچاونەگرتنی میکانیزمەکانی خۆپارێزیی هەر دوو سیستەمەکە؛ سەرمایەداریی دەوڵەتیی و سەرمایەداریی کۆمپانییەکان. لێرەدا جارێکی دیکە نووسەر هیچ گومان لەوەدا ناهێڵێتەوە، کە کارەکانی کاسترۆ و پارتییەکەی، کە دیوەکەی دیکەیان شەش دەهە دەمکوتکردن و داپڵۆسینە، بە پۆزەتیڤ و خوازراو دەبێنێت. ئایا ئەوە پاساودان و پۆزەتیڤ-نیشاندانی ئەو “جەلادە دڵسۆز و خەمخۆرەی خەڵك” نییە، کە باکونین ئاماژەیدەدات؟

وەك سەرەتا گوتم و هەمیشەش دەێڵێمەوە، سەرنجدان و ڕەخنەگرتن خوێندنەوەی بۆچوونەکانە نەك دژایەتیکردنی کەسێتی نووسەر و بێژەری بۆچوونەکە، هیوادارم خوێنەران و (هاوڕێ زاهیر)یش بە هەمان جۆر خوێندنەوە بۆ سەرنجەکانی من بکەن و من بە پاساودەری بەرەی بەرانبەر نەبینن، چونکە بە بۆچوونی من، ئەرکی ئێمە بەراوردکردنی “باش و خراپی” جۆرەکانی دیکتاتۆریی نییە، بەڵکو دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکانی ئەوانن. ڕاستییەکەی دەمێكە، لەسەر داخوازی دۆستێك هەشت ساڵ لەمەروبەر بەتەمای نووسینێك بووم لەبارەی کوبا و ڤێنزەولا و گرفت و دەرگیری ڕۆژگار بوارینەدابووم، بەڵام کاتێك چەند خوێنەرێکی بابەتەکەی هاوڕێ زاهیر، کە ئەو بە کەسێكی ئەنارکیست ناسراوە و بەخۆیشی هەر لەو پێناوەدا تێدەکۆشێت، لە من دەپرسن “بۆچوونی تۆ بەرانبەر ئەو نووسینە چییە؟ “، ئیدی ڕۆشناییخستنە سەر لایەنە ناڕۆشنەکانی یان ناڕۆشنی-دروستکەرەکانی نووسینەکەی هاوڕێ زاهیر دەکرێتە ئەرکێك  و ناتوانم نادیدەی وەربگرم و خۆم بدزمەوە، هەرچەندە بەتەمانیم و هیچ کات ناتوانم خۆم لە ئەرکی سەرشانم بدزمەوە و سەرنج و ڕەخنەگرتنیش لە بۆچوونی خۆم و هاورێکانم بە پێویستتر و ئەرکتر دەزانم لە سەرنج و ڕەخنەگرتن لە بەرەی بەرانبەر.

* بۆ خوێننەوەی بابەتەکەی نووسەر، سەردانی ئەم لینکە بکەن : https://www.facebook.com/sekoy.anarkistan/posts/554428878084793

گروپی خۆجێی؛ ڕێکخستن، شێوازی چالاکی و ئامانجەکانی

 

هەژێن

٢ی دێسەمبەری ٢٠١٦

 

گروپی خۆجێی چییە ؟

گروپی خۆجێی (لۆکاڵ گروپ) ڕێکخستن و ڕێکخراوەی شوێنی ژییان و کارکردن و خوێندن و بوارەکانی دیکەی ژیانە، دەکرێت گروپێکی بەرھەڵستکاری دژ بە دەسەڵاتداران و سەرمایەداران بێت، ھەر ئاوا دەکرێت گروپێکی تایبەت بە ھاریکاری و کۆمەك، کاری خۆبەخشی، ئاڵووێری زانیاریی، خۆکۆمەکیی نەخۆشان، دایکان، باوکان، کەمئەندامان، ھاوڕەگەزبازان، شارەزایانی بواری ئایتی، خۆکۆمەکیی خوێندکاران، پاکژکردنەوەی ژینگە، پاراستنی ئاساییشی کۆڵان و گەڕەك و گوند، فریاگوزاریی، ڕێنوێنی و گشت بوارەکانی دیکە ژییان …تد

 

ئامانج لە پێکهێنانی گروپی خۆجێی

گروپی خۆجێی بەخۆی ئامانج نییە، بەڵکو ئامرازی بەدیهێنانی حەز و داخوازییە کەسیی و گشتییەکان و بەرژەوەندی نێوکۆیی دانیشتوانی گەڕەکێك، کۆمەڵە کرێکار و فەرمانبەر و خوێندکارێك یان پێگە و سەکۆیەکە بۆ ئاڵووێرکردنی زانیاریی و کۆمەك و پێداویستییەکان لەنێو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، کە بەشێوەی بەردەوام کۆبوونەوەی گشتی ئەندامان یان بەشدارانی لەسەر پرسەکان و پێداویستییەکان و ئەرکەکان بڕیاردەدرێت.

 

هۆکاری پێداگریی و شەیدایی ئازادیخوازان بۆ گروپە خۆجێیەکان

وەك سەرەتا ئاماژەمدا، گروپە خۆجێیەکان بەخۆیان ئامانج نین، بەڵکو ئامرازی بەدیهێنانی ئامانجەکانن. بێجگە لەوەش هەر هەبوونی گروپە خۆجێیەکان بە تەنیا بۆ خۆی ناتوانێت وەڵام بە شەیدایی و پێداگریی ئازادیخوازان بداتەوە، بەڵکو ئەوە ئافەرێنەربوون و ڕادیکاڵبوونی مێکانیزمەکانن، کە ئازادیخوازان دەکەنە پێداگر و شەیدای پێکهێنانی گروپە خۆجێییەکان و بناخەیی لەبەرچاوگرتنیان لەنێو کۆڕی تێکۆشان و بەرەو پێشبردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی؛ بە واتایەکی دیکە ئەوە کۆبوونەوە گشتییەکان و ڕێکخستنی ئاسۆیی و سەرپەرشتیکردنی بە کۆمەڵ و چالاکی ڕاستەوخۆن، کە وەك میکانیزمی ڕێگر لە پاشکۆبوون و پڕۆ-دەسەڵاتبوونی گروپە خۆجێییەکان و سەرھەڵدانی بیرۆکراسی و ئاریستۆکراسیی ڕابەران، گروپە خۆجێییە شۆڕشگێرەکان لە گروپە خۆجێیە ڕیفۆرمیست و سازشکارەکان جیادەکەنەوە و هەر ئەو هۆکارانەشن، کە بوونەتە هۆی ئەوەی ئازادیخوازان گرنگی و پێداویستی گروپە خۆجێیەکان بناخەیی وەربگرن و بۆ هەموو بواریك هەوڵی پێکهێنانیان بدەن.

 

جۆرەکانی گروپی خۆجێی

بەپێچەوانەی دابەشکردنی پرسەکان و شتەکان و کۆمەڵ بەسەر ڕەش و سپی، ئەوە تەنیا تێکۆشان و بەرەنگاریکردنی دەسەڵاتداران نین، کە گروپی خۆجێی دەکەنە پێداویستی، بەڵکو ئەوە وەڵامدانەوە بە هەموو لایەنەکانی ژییانەی ڕۆژانەی خەڵکە، پێداویستی ئەوان دەکاتە ناچاریی. جۆرەکانی گروپی خۆجێی بریتین لە : گروپە داخوازییکارەکان و بەرھەڵستکارەکان، گروپەکانی ئاڵووێری زانیاریی و خۆبەخشکاریی و خۆکۆمەکیی کۆمەڵایەتی، گروپەکانی پاراستنی ئاساییشی شوێنەکانی ژییان و کار و خوێندن، گروپەکانی پاراستنی ژینگە، گروپە تایبەتەکان بە پرسە تایبەتەکانی توێژە کۆمەڵایەتییەکانی وەك ئاڵووێری ئەزموون لەبارەی نەخۆشی، تەرککردنی سیگار و مەی و بەنگکەر و نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە.

 

شێوەی ڕێکخستنی گروپی خۆجێی

هەر وەك ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئەوە ئامانجە کە شێوەی ڕێکخستنی گروپە خۆجێییەکان دیاریدەکات و ئاراستەی دەکات. کاتێك کە ئامانج لە پێکهێنانی گروپە خۆجێیەکان وابەستەکردنی خەڵك بێت بە پارتییەکان یان گوێڕایەڵکردنی خەڵك بێت بۆ بڕیارەکانی فەرمانداریی و دەوڵەت، ئەوا خۆبەخۆ گروپی خۆجێی شێوەی ڕێکخستنی نێوەندگەرا و قووچکەیی لەخۆدەگرێت و کەسانێکی دەسەڵاتخواز و هەلپەرست بۆ بەدەستهێنانی مشەخۆریی یا پلە و پایەی دەسەڵاتداریی و بەرتەری لە سەرووی گروپەکەوە جێدەگرن، لەو بارەوە دەتوانین وەك نموونە بە ئەنجومەنی گەڕەكەکان ئاماژەبدەین، کە ساڵی ١٩٩٢ (ینک) وەك ئەڵتەرناتیڤی (شورای گەڕەکەکان) دروستیکردن و بەسەر خەڵك سەپاندنی. هەر ئاوا (شورای گەڕەکەکان) کە بڕیاربوو ئامرازی خۆبەڕێوەبردن و بەدەستهێنانی داخوازییەکانی خەڵك بن، هەر زوو لەلایەن ڕێکخراوە چەکانی ئەو کات لە سەرەوە پاوانکراون و کرانە بڵندگۆی ئایدیۆلۆجیی ڕێکخراوە چەپەکان. هەر ئاواش گروپە خۆجێیەکانی شوێنی کار و خوێندنی وەك (یەکێتی) و (سەندیکا) زەردەکان لەنێو کارگەکان و فێرگەکان وەك تۆڕی هەواڵگریی و ئەندامگیریی بۆ پارتییەکان بەکاربران.

 

بەپێچەوانەی ئەوەش، کاتێك کە ئامانج لە پێکهێنانی گروپە خۆجێییەکان بەدەستهێنانی داخوازی و یەکگرتنی دانیشتووان و کرێکاران و فەرمانبەران و خوێندکاران بێت، ئیدی ناچار میکانیزم و شێوازی گونجاو و خوازراوی خۆی دەدۆزێتەوە و دادەهێنێت؛ گروپێك کە ئامانجی سەپاندنی داخوازییەکانی خەڵك بێت بەسەر دەسەڵاتداران و هەڵخڕاندنی یەکێتی و هاوپشتی کۆمەڵایەتیی و بەرەوپێشبردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتیی بێت، ئیدی ناتوانێت لەتەك ڕێکخستنی قووچکەیی و نێوەندییانە و هەبوونی سەرۆك و وابەستەیی بە پارتییەکان و دەوڵەت بگونجێت و لە بەرانبەر ئەوانە کۆبوونەوەی گشتی و ڕێکخستنی ئاسۆیی و دەستەی سەرپەرشتیکردن و یەکسانی گشت ئەندامان لە ئەرك و بەرپرسیاریی و سەربەخۆیی لە هەر پارتیی و دەسەڵاتێك دەکاتە پێشمەرجی جەماوەرییبوون و سەربەخۆییبوونی خۆی؛ بە واتایەکی دیکە پێویستە ڕێکخستن و چالاکیکردن و میکانیزمەکانی تەواو دژ و پێچەوانەی ئەو گروپانە بن، کە لەپێناو بەدیھێنانی ئامانجی دەستەبژێرێك، پارتییەك یان فەرمانداریی و دەوڵەت و کۆمپانی و ئایین و ئایدیۆلۆجییەك پێکھێنراون.

 

میکانیزمەکانی سەربەخۆیی گروپی خۆجێی

وەك پێشتر ئاماژەمدا، میکانیزمەکانی گروپی خۆجێی سەربەخۆ تەواو پێچەوانە و دژی میکانیزمە باوەکانی ڕێکخستنە نێوەندگەرا و قووچکەییە پاشکۆکانی پارتییەکان و سەندیکا زەردەکانی سەر بە دەسەڵات دەبن لەوانە:

– کۆبوونەوە گشتییەکان

کۆبوونەوە گشتییەکان یەکەمین ھەنگاوی دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆ و مەیدانی بڕیاردان و دیاریکردنی کەسانی خۆبەخشن بۆ ئەنجامدان و فێرگەی گێڕانەوە و پەروەردەکردنی گیانی بڕوابەخۆبوون و پشتبەستن بە یەکێتی و هاوپشتی کۆمەڵاتین؛ کۆبوونەوە گشتییەکان ھەم سەکۆی مشتومڕکردنی گشت ئەندامان/دانیشتووانن لەبارەی پرسە پەیوەستەکان بە ژییان و کاریی خۆیان، ھەم مەیدانی ھەڵخڕاندنی جەماوەرین و ھەم سەنگەری تێکۆشانن و ھەم فێرگەی ھوشیاربوونەوە و ئەزموونگیریی و یەکگرتن و ھاوپشتیی جەماوەرن، ھەم شوێنی بڕیاردانن و ھەم شوێنی ھەڵبژاردنی نوێنەران و زۆر شتی پۆزەتیڤی دیکە.

 

– ڕێکخستنی ئاسۆیی

ڕێکخستنی ئاسۆیی ڕێگە لە سەرهەڵدان و کۆپیکردنەوەی ڕێکخستنی قووچکەیی و نێوەندییانە دەگرێت، کە هەردەم ئەو دووانە [ڕێکخستنی قووچکەیی و نێوەندییانە] ئافەرێنەر و درێژەپێدەرەوەی پێکهاتەی چینایەتی سەر و خوارن، کە گروپ و ڕێکخراوەکان دەکەنە کۆمیتە و پاشکۆی پارتییەکان و بەشێك لە دەزگەکانی دەوڵەت؛ ڕێکخستنی ئاسۆیی واتە گشت ئەندامان ڕاستەوخۆ و پێکەوەیی یان زنجیرەیی یەکدەگرن و ھەمووان ڕابەری خۆیانن و کەس بەتەنیا ڕابەر و سەرکردەی ئەوانی دیکە نییە. ڕێکخستنی ئاسۆیی ڕەتکەرەوەی ھەموو پێکھاتە و ڕێکخراوەیەکی نێوەندیی و قووچکەییە و ھیچ بوارێك بۆ پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی کەسانی دەسەڵاتخواز و ناوبانگخواز و ھەڵپەکەر و ھەلپەرست ناھێڵێتەوە و لە بەرانبەر ئەوە گیانی خۆبەخشکاریی و ھەروەزیی و ھاریکاری و یەکسانی ئەرك و بەرپرسیاریی گەشەپێدەدات.

 

– سەرپەرشتی و ڕابەریی بەکۆمەڵ

سەرپەرشتیکردنی بە کۆمەڵ و بەردەوام گۆڕاو لەنێوان کۆبوونەوە گشتییەکان، ڕێگریی لە بەرتەریدان بە کەسەکان و پلە و پایەبەخشین و دروستکردنی پەیوەندی شوانە و مێگەل دەگرێت و گیانی بەرپرسیاریی و بڕوابەخۆبوون و بەشدارییکردن لە بڕیاردان و جێبەجێکردنی ئەرکەکان بۆ هەموو ئەندامان یان بەشدارانی کۆبوونەوە گشتییەکان دەگیڕێتەوە و ناهێڵێت گروپ و ڕێکخراوە جەماوەرییەکان ببنە ئامرازی دروستکردنی ئۆرۆستۆکرایی و مەشەخۆریی و ناوبانگخوازیی کەسانی هەڵپەرست و هەر ئاوا متانە بەخۆ و بە دەوروبەر بۆ نێو پەیوەندییەکانی کۆمەڵ دەگێڕێتەوە.

 

شێوازی چالاکی گروپە خۆجییەکان

چالاکی ڕاستەوخۆ یەکێکی دیکەیە لەو ئامرازانەی کە لە میانجیگەرایی و سازشکاریی کەسانی هەڵپەرست ڕێگەدەگرێت و ئەوە مسۆگەردەکات، کە هەموو ئەندامانی گروپەکان لەنێو کۆبوونەوە گشتییەکان لەسەر جۆر و ئەنجامدانی چالاکییەکان بڕیاربدەن و هەر بەخۆشیان ئەنجامدانی لە ئەستۆبگرن؛ ئەوەش دەبێتە ڕێگر لە دروستبوون و سەرهەڵدانی بیرۆکراسیی و ئاریستۆکراسیی ڕێکخراوەیی .

 

شێوازی یەکێتی و یەکگرتنی گروپە خۆجییەکان

بۆ ئەوەی هەر ئاوا کە لەنێو خودی گروپە خۆجێییەکان کۆبوونەوەی گشتی و ڕێکخستنی ئاسۆیی و سەرپەرشتیکردنی/ڕابەرییکردنی بەکۆمەڵ دەبنە ڕێگر لە سەرهەڵدانی وابەستەیی و پاشکۆبوون و بیرۆکراسی و ئاریستۆکراسی و پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی و هەلپەرستی، هەر ئاواش لە یەکگرتنی گروپە خۆجییەکان و چالاکی سەرتاسەیی گشت یان بەشێکی گروپەکان لە سەرهەڵدانەوە و زاڵبوونی وابەستەیی و پاشکۆبوون و بیرۆکراسی و ئاریستۆکراسی و پاوانگەریی و چەپاوڵگەریی و هەلپەرستیی کەس و گروپەکان ڕێگرییبکرێت، پێویستە شێوازی کۆبوونەوە و ڕێکخستن و بڕیاردان و جێبەجێکردن هەر بەو جۆرە بێت، کە لەنێو گروپە یەکگرتووەکان هەیە و پەیڕەودەکرێت؛ واتە یەکگرتنی نانێوەندیی و ناقووچکەیی، کە ئەوەش تەنیا بە یەکگرتنەوەی گروپە خۆجێیەکان لەنێو تۆڕی کۆمەڵایەتیی ناوچەیی  و هەرێمی و سەرتاسەریی مەیسەردەبێت.

 

نامەیەكی کراوە بۆ هاوڕێیانی سەکۆی ئەنارکیستان*

ھەژێن پیزە قەرەچ

١ی دێسەمبەری ٢٠١٦

وەك دەزانن نزیکەی شازدە ساڵە لە یەکەمین ژمارەی گۆڤاری ڕۆشنبیری دالیان** و دواتر لە بلاگی سەکۆی ئەنارکیستانی کوردی-زمان*** و پاشان لە سایتی چەند زمانەی ئەنارکیستان**** و دوا جار لە سایتی ئەنارکیستانی کوردی-زمان***** و ھەر ئاوا لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان****** بە تەواوی ئەو ساڵانە تەواوی وزە و توانای خۆمان بۆ سێ شت تەرخانکردووە:

یەکەم : بەدرۆخستنەوەی ئەو ناو و ناتۆرانەی لە ماوەی دوو سەدەی ڕابوردوو بەتایبەت سەدەی بیستەم، کە بۆ ھزر و بزاڤی ئەنارکیستی ھەڵبەستراون و ڕەتدانەوەی ئەو لاساییکردنەوە دەروێشانەیە لە کوردستان و ناوچەکە … .

دووەم : ئاشناکردنی خوێنەری کورد بە بنەماکانی ھزری ئەنارکیستی و مێژووی بزووتنەوەکە  بە وەرگێرانی دەقە کلاسیکەکان و ھەر ئاوا نووسین و ڕەخنەگرتن لەبەر ڕۆشنایی بنەما ھزرییەکانی ئەنارکیزم … .

سێیەم: خوێندنەوە و ھەڵوێستوەرگرتن لەسەر ڕوداوەکانی جیھان و ناوچەکە و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی، لەبەر ڕۆشنایی تێگەییشتنی ھەر یەکە لە ئێمە لە هزری ئەنارکیزم و کۆمەڵی ئەنارکی  … .

ئەم ڕۆژ بە شانازییەوە دەتوانین وردە وردە دەرکەوتنی بەرەنجامی تێکۆشانی نەپساوەی (سەکۆی ئەنارکیستان) ببینین و دەتوانین ئەم ڕۆژ پاش شازدە ساڵ کۆششکردن و ماندوونەناسین، لێرە لەوێ دەرکەوتنی دەنگ و دەستە و ھەوڵە ئەنارکیستییەکان بەدیبکەین، کە وزە و ھیوا بە ئێمە دەبەخشین و ئەوەندەی دیکە بڕوای ئێمە بە دروستی بیرکردنەوە و دیتن و ئەنجامبەخشیی کار و چالاکیمان بەھێزتردەکات.

شازدە ساڵ لەمەوبەر کاتێك ئێمە بڕیارماندا دژی ھەموو جۆرەکانی سەروەری چینایەتیی، ڕەگەزیی و نەژادیی و ئایینیی و ھەڵاواردن و ستەمکاریی و بەھرەکێشیی تێبکۆشین، ئەناکیزم/ ئەنارشیزم جنێوی ڕامیاریی بوون بەتایبەت لەنێو گروپ و پارتییە چەپەکان و ھەرگیز خۆمان چاوەڕێنەبووین ئاوا بەزوویی بەرەنجامی چالاکی ڕۆشنگەرانەی دەستەیەکی بچووکی وەك ئێمە بەزووی لەنێو کۆمەڵ ڕەنگبداتەوە و تەنانەت لەنێو ڕیزی ئەندامانی پارتییەکان و گروپە دەسەڵاتخوازەکان بیرۆکەی ڕێکخستنی ئاسۆیی و سەرپەڕشتیکردن و ڕابەریی بە کۆمەڵ و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و زۆر شتی دیکە سەرھەڵبدەن و ببنە دروستکەری مشتومڕ و زۆر شتی دیکە  … .

ئێستا پاش شازدە ساڵ وەك دەبینین لە ناوچەکە و ھەرێمی کوردستانش کۆڕ و کۆمەڵی ئازادیخواز/ ئەنارکی لە دەرکەوتن و پەرەسەندان و لەنێو خوێنەرانی کوردی-زمان بەتایبەت لاوان کەسانێکی زۆر ھەن، کە لە دوای سەرچاوە ھزرییەکانی ئەنارکیزم دەگەڕێن و ھاوکاتیش ئەوە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابوردوو ھەم دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان و ھەم پارتیی و گروپە دەسەڵاتخوازە ئۆپۆزسیۆنەکان بە ھەموو شێوەیەك کاردانەوەی ھەراسانبوونیان نیشانداوە و ھەوڵی کپکردن و بەرگرتنی دەنگی ئەنارکیستییان داوە و ھەموو ڕێگەیەکیان گرتووەتە بەر.

ئەمانە ھەموو نیشانە و کاردانەوەن بە کارایی سەرھەڵدانی ئاوا بزووتنەوەیەك کە دژی ھەموو جۆرە سەروەرییەكە، دژی ھەموو جۆرە پێکھاتە و ڕێکخستنێکی نێوەندگەرا و قووچکەییە، دژی ھەموو ھەڵاواردن و سووکایەتییەكە، دژی ھەموو جۆرە بەھرەکێشییەكە، دژی ھەموو جۆرە بەرتەریدانێکە بە دەستەبژێرەکان و کۆمەڵی ئازاد و یەکسان و دادپەروەر لەسەر بنەمای یەکگرتن و ھاوپشتی و ھەروەزیی کۆمەڵایەتیی و پشتبەستن بە ڕێکخستنی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی و تێکۆشانی ڕاستەوخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی و دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی و یەکگرتنەوەی ئازادانەی خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵە ئۆتۆنۆمەکان لەسەر بنەمای فێدرالیزمی نادەوڵەتی ئامانجی بووە. ھەر ئاوا ھاوکاتی ئەوەش بە ھەموو جۆرێك ئەم ھەوڵە دژایەتیکراوە و ھەرچەندە سەرەتا بە ناونەبردنی و کەم نیشاندان و نەبوو-نیشاندانی دژایەتیکراوە، بەڵام ئێستا کە خەریکە دەبێتە کەتواری نکۆڵیھەڵنەگری کۆمەڵ و بەخێرایی بنەما ھزرییەکان و بۆچوونەکانی ئەنارکیزم لەنێو کۆمەڵ بڵاودەبنەوە و خەریکە تێگەییشتنی ھەڵەی ڕابوردوو ئاوەژوودەبێتەوە و ھۆگرانی ئەنارکیزم لە زیادبووندان و بنەماکانی هزری ئەنارکیستی کارایی دادەنێن.

بە بۆچوونی من، ئەم ساتە و لەم بارەدا ئەرکی ئێمە زیاتر و  بەربڵاوتر دەبێت و ڕەوت و بزووتنەوەی ئەنارکیستی لە ناوچەکە بەتایبەت لە ھەرێمی کوردستان وەك ھەموو ڕەوت و بزووتنەوە تازەکانی ڕابوردوو لەبەردەم مەترسی کنەکردنی دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازاندایە، ھەر ئاوا کە پێشتر دەسەڵاتداران بەرانبەر ڕەوت و بزووتنەوە تازەکانی کۆمەڵ کاردانەوەی ئاوایان نیشانداوە و ھەوڵیانداوە ھەر بە ناوی خودی ڕەوت و بزووتنەوە تازەکان دژ بسازن، تاکو ھۆگران و شەیدایان و لایەنگرانی ڕەوت و بزووتنەوە تازەکان بەلارێدابەرن و بە پرۆسێسێکی دریژماوە دەستەمۆیانبکەنەوە و ئەوان لە ئەگەری گۆڕانی شۆڕشگێڕانە نائومیدبکەن. لەو بارەوە بەرانبەر ڕەوت و بزووتنەوەی کۆمونیستی و لیبرال ئەو تاکتیکە سەرلێشێوێنەرانە گیراونەتەبەر و ئێستاش بەرانبەر ڕەوت و بزووتنەوەی ئەنارکیستی ئەگەری ئەوە ھەیە، کە ئەو کاردانەوانە تەنیا وەك دژایەتی ڕاستەوخۆ نەبن، بەڵکو دەکرێت بە دروستکردنی دەستە و گروپی فریودەر بەناوی خودی ئەناکیزم بێت و ھەوڵبدەن لەژێر ناوی ئەنارکیزم دژ و لێدەر دروستبکەن و بخەنەگەڕ. هەرچەندە دڵخۆشانە ئەو کەلێن  و زەمینانەی [دەسەڵاتخوازیی، ناوبانگخوازیی و ڕێکخستنی قووچکەیی و نێوەندگەرا و ھەبوونی ڕابەر و سەرۆك و قسەکەر]، کە دەسەڵات توانیویەتی لەوانەوە کنەبکاتە نێو بزووتنەوەکانی پێشتر، لەنێو ھزر و بیرکردنەوە و بۆچوونی ئەنارکیستی بوونیان نییە. بەڵام ئەوە ھێشتا دڵنیاکەری تەواو نییە و ھێشتا لە ھەرێمێك کە بۆ زۆرینە بنەما ھزرییەکان و مێژوو و ئەزموونەکانی ئەنارکیزم ناسراو نین، ئەگەری ئەوە ھەیە، بلوێت کەسانێك یان گروپێك لە پانتایی نائاگاداریی کەسانی ناڕازی و گۆڕانخواز لەبارەی بنەما ھزرییەکان و مێژوو و ئەزموونەکانی ئەنارکیزم، خۆیان بکەنە دایك و باوکی ئەنارکیزم و جۆرێك لە ئۆتۆریتەگەریی/دەسەڵاتگەریی و پاوانگەریی شارداوە بەسەر ھۆگران و شەیدایانی نائاگای ھزری ئەنارکیستی بسەپێنن و لەژێر دێوجامەی ئەنارکیزم کایە چەپەڵە ڕامیارییەکانی خۆیان پەرەپێبدەن.

لەسەر بنەمای ئەو دیتنە، من بەو سەرەنجامە گەییشتووم، کە لەمەودوا پێویستە ئەرك و گرنگیدانی ئێمە لە سێ ئەرکەکەی دەستپێك نەوەستن و واوەتر لەوە پێداچوونەوەی بۆچوون و تێڕوانینەکانی خۆمان بکەین و ھەم سەرنج و ڕەخنەی دەرکەوتنە تازەکان بکەین. بە بۆچوونی من، گرنگی ئەم ئەرکە لەوەدایە، ئەو بۆشاییانە پڕبکەینەوە، کە دەکرێت دەسەڵاتداران و دەربارانی دەسەڵات لەوێوە کنەبکەن. لەو بارەوە من وەك ھەنگاوی یەکەم ھەوڵدەدەم سەردەمێکی دیاریکراوی چەند مانگە بۆ پێداچوونەوە و خوێندنەوەی بۆچوون و تێروانینی خۆمان بکەم و ھیوادارم ھەر ئاوا ئێوەش ھاوڕێیانی ئەنارکیست لە ھەر کوێ ھەن، ئەوەی بە گرنگی دەبینن و دەزانن سەرنجیبدەنێ و لەسەری کاربکەن و ڕەخنە بکەنە لەمپەرێك بۆ بەرپەرچدانەوەی ھەر ھەوڵێکی دژ و دژەخونگەر، بە بۆچوونی من ئەوەش تەنیا بەوە دەکرێت، کە ئێمە لایەنگرانی تازەی ئەنارکیزم لەوە ئاگاداربکەینەوە، کە ئەنارکیزم پێش ئەوەی ڕەتکردنەوەی دەوڵەت و پارتیایەتی و ڕێکخستن و پێکھاتەی قووچکەیی و نێوەندگەرا بێت، ڕەتکەرەوەی ناوبانگخوازیی و دەستەگەریی و دەستەبژێریی و دەسەڵاتخوازیی ھەر کەسێکە بە ھەر ناوێکەوە بێت، ئەنارکیزم دایك و باوك و مامۆستای نییە و ھەر کەس ئاوا ھەوڵ و پاگەندەیەك بکات، بەبێ گۆمان یان لە بنەما ھزرییەکانی ئەنارکیزم تێنەگەییشتووە، یان ئامانجدارانە دەخوازێت دەرکەوتنی تازەکی ھزری ئەنارکیزم لەنێو ناوچەکە و کۆمەڵی ھەرێمی کوردستان بکاتە دێوجامەیەك بۆ گەییشتن بە ئامانجە کەسییەکانی خۆی یان بۆ خزمەتکردن بە پلانی پارتیی و لایەنێکی دەسەڵاتدار.

ھاوڕێیان ھەڵبەتە ئەم دیتنەی من بەو واتایە نییە، کە ئێمە ھەموو شتێك بەلابخەین و تەنیا خەریکی ڕەخنەگرتن لە خۆمان بین و کۆمەڵ و ناڕەزایەتییەکان لەبیربکەین. نەخێر، بەپێچەوانەوە، ئەم سەردەمە کە ناڕەزایەتییە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییەکان فراوانتردەبن و دەبنە دیاردەی ھەر ڕۆژە، کارکردن لەسەر ڕێکخستن و پاگەندەکردنی ڕێکخستنی ئاسۆیی و چالاکی ڕاستەوخۆ و گرنگی گروپە خۆجێییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان و بانگەوازکردنی مانگرتنی گشتی و سەرتاسەری و تێکۆشانی نافەرانی سڤیلیست (مەدەنی) و بەرەنگاریکردنی پلانی تایبەتیکردنەوەی کەرتی پەروەردە و خوێندن و تەندروستی و هەر ئاوا ڕۆشنگەرییکردن لەبارەی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و خۆبەڕێوەبەریی سەربەخۆ/ئۆتۆنۆم و نانێوەندییکردنەوەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵ، پێداویستی و ئەرکی سەرەکی ئەم قۆناخەی خەباتی ئێمەن و ئەگەر بیرۆکەی کۆبوونەوە گشتییەکان و گروپە خۆجێییەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان و کۆمەڵایەتییکردنەوەی کەرتەکان و ڕزگارکردنی پەروەردە و خوێندن لە دەسەڵاتگەرایی دەوڵەت و پارتییەکان و کۆمپانییەکان و بەرەنگارییکردنی ڕەوتی نەزمی نوێی بازار (نیئۆلۆبرالیزم)، نەبنە ئامانج و دروشم و داخوازیی دەستبەجێ و ھەموو ساتەکی ئێمە، بەدڵنیاییەوە ڕەوت و بزووتنەوەی ئەنارکیستیش وەك ڕەوت و بزووتنەوەکانی پێشووتر دەکەونە کەناری کۆمەڵ و دەبنە دەستەیەکی ئایننگەرا و ئایدیۆلۆجیی و سەرەنجام دوکان و کۆمپانییەك بۆ قازانجی چەند کەسێك.

بە کوردی و بە کورتی، بە دیتن و بە گوێرەی ئەزموونگەریی من، ئەنارکیزم و بنەما ئەزموونیی و ھزرییەکانی بزووتنەوە و شۆرڕشی ئەنارکیستی بریتیین لە خۆھوشیاریی شۆڕشگێرانەی کۆمەڵایەتی، تێکۆشانی سەربەخۆی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی، ڕێکخستنی ئاسۆیی و نانێوەندیی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی، بزووتنەوە و بەرخودانی کۆمەڵایەتی، ڕاپەڕینی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی، گۆڕانی کۆمەڵایەتیی و سیستەم و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی پشتبەستوو بە هەرەوەزی و پشتیوانی کۆمەڵایەتیی بۆ گەییشتن بە ئازادی و یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی. بە واتایەکی دیکە بەرەنگاریکردنی هەر هەوڵ و ڕێکخستن و سیستەمێکی ڕامیاریی و ئایدیۆلۆجی، لە سەرووی هەموویانەوە دەستەبژێرگەریی، دەستەگەریی، پارتیایەتی، دەوڵەت نەتەوە، دەسەڵاتداریی ئایینی و نەزمی نوێی بازار.

———————————————–

* ئامانج لە نووسینی ئەم نامەیە، نە ئامۆژگاریکردن و نە ڕێنوێنیکردنە، بەڵکو سەرنجڕاکێشانی هاوڕێیانە بۆ شتێك کە من ئەم ساتە هەست بە گرنگیپێدانی و بەهەندوەرگرتنی دەکەم و دەکرێت ئاواش نەبێت و من لنگاوقووچ لە پرسەکان تێگەییشتبم و وەڵام و سەرنج و ڕەخنەی هاوڕێیان لەسەر ئەم نامەیە و بابەتەکانی دیکەی من لەبارەی ئەنارکیزم یان هەر پرسێکی دیکە، دەتوانێت پشتیوانییەکی گەورە بێت بۆ من و کەسانی دیکەش. بێجگە لەوە ئامانجی من گومانخستنە سەر هیچ کەس و هیچ دەستەیەك نییە، بەڵکو سەرنجڕاکێشانی خوێنەرە بۆ ئەوەی وردبینانە و ڕەخنەگرانە بۆچوون و بیرۆکەکان لە هەر کەسێك وەربگرن، بەتایبەت بابەتی پەیوەست بە ئەنارکیزم، چونکە لۆجیکی بیرکردنەوەی ئەنارکیستی ئەوە پەسەندناکات، کە کەسێك دژی سەروەریی بێت و  هاوکات خەریکی ناوبانگدەرکردن بێت بۆ خۆی و لە خۆی باوکێك بۆ ئەنارکیزم چێبکات؛ وەك زانراوە و دەزانین ئەنارکیزم تێز نییە، دژەتیزە، ئەنارکیزم ئایدیۆلۆجی نییە، هزرە، ئەنارکیزم زادەی هوشمەندیی هیچ کەسێك نییە و بنەما هزرییەکانی (تیئۆرییەکەی) گەڵاڵەکراوی ئەزموونگەریی بزووتنەوەی سۆشیالیستیی ئازادیخوازی سەدان و هەزاران ساڵە، ئەنارکیزم ئایین نییە و هیچ ئەنجامێك بە دوا ئەنجام و پێگەییشتنی مرۆڤایەتی نازانێت؛ ئەنارکیزم ژییانە و ژییانیش هەردەم دەگۆڕێت و پێشدەکەوێت ؛ وەك پییەر جۆزیف پڕۆدۆن لەنێو نامەیەك بۆ کارڵ مارکس دەنووسێت “وەرە با وەڵامی هیچ پرسیارێك بە دوا وەڵام وەرنەگرین و هەر کات بوار هەبوو و پێویست بوو، جارێکی دیکە لە دوای وەڵامی گونجاتر و دروستر بگەرێین و سەرلەنوێ وەڵامەکان نۆژەنبکەینەوە”

** گوڤاری ڕۆشنبیری – کۆمەڵایەتی دالیان   www.geocities.com/dalyan00 ، http://www.dalian.cjb.net بەداخەوە دەمێکە ئەو خزمەتگوزارییانە نەماون.

*** سەکۆی ئەنارکیستانی کوردی-زمان  www.sakurdistan.kurdbloger بەداخەوە دەمێکە بەهۆی نەمانی کوردبلاگەر، ئەو پێگەیە نەماوە.

**** سایتی چەند زمانەی ئەنارکیستان  http://www.anarchistan.co.cc بەداخەوە دەمێکە ئەو خزمەتگوزارییە نەماوە.

 ***** سایتی ئەنارکیستانی کوردی-زمان  www.anarkistan.com

http://facebook.com/anarkistan
http://twitter.com/anarkistan

“گومان نیەکەم فڵانی” *

٢٧ی نۆڤەمبەری ٢٠١٦

سەرنجێكی کورت لەسەر بابەتی “چارەسەری ڕاستەقینەی هەموو کێشەو قەیرانەکانی هەرێم” نووسینی ئەحمەد ڕەزا.

بەرایی: ئەگەر نووسەر پاگەندەی ئەنارکیستبوونی نەکردایە و ناکۆکبوونی ئەو بۆچوونە لەتەك بنەماکانی ئەنارکیزم نەبووایە، کە بە زیانی بزووتنەوەی (گاگۆڵێکەری) ئەنارکیستی لە هەرێمی کوردستان دەشکێتەوە، منیش ئەو بۆچوونەی نووسەرم وەك بۆچوونی هەر وردە-بۆرجوازییەکی ناڕازی دیکە وەردەگرت، کە چاوەڕێی “حکومەتی باش و سەرۆکی باش و پارلەمانتاری باش” دەکات.

هەر ئاوا لەبەرئەوەی نووسەر لێرە و لەوێ لەبارەی هزری ئەنارکیستی خەریکی کۆڕگێڕانە و خۆی بە ئەنارکیست دەناسێنێت، سەرنجدان و ڕەخنەگرتن لەم بابەتەی بە ئەرکی ئەنارکیستانەی خۆم دەزانم و بە بۆچوونی من ئەو هەمووە پاگەندە بۆ “ڕوناکبیربوون” و تێرکردنەی نارسیزم سەد و هەشتا پلە پێچەوانەی ئەنارکیستبوون و ڕەفتار و ئەتوار و گوفتاری ئەنارکیستەکانە و بێجگە لەوەی کە بۆچوون و نێوەڕۆکی کۆڕەکانی سەرنج و ڕەخنەیەکی زۆر هەڵدەگرن، کە سەرنجدان لەبارەی ئەو کۆڕانە بۆ بوارێکی دیکە هەڵدەگرم.

نووسەر هەر لە تایتڵی بابەتەکەیەوە، گومان لەوەدا ناهێڵێت، کە ئەوە بڕوای تەواوی خۆیەتی و ئاوا بیردەکاتەوە و ئەوە ئەڵتەرناتیڤی ئەوی ئەنارکیستە :”چارەسەری ڕاستەقینەی هەموو کێشەو قەیرانەکانی هەرێم”

پێش هەموو شت، بە پێویستی دەزانم، کە لە نووسەر و زۆربەی ئەوانەی کە واژەی “ڕاستەقینە” بەکاردەبەن، بپرسم مەبەست لە ڕاستەقینە چییە؛ بنەڕەتی، تەواو، دوا هیوا و ..تد؟ ئێمەی خوێنەر چۆن بتوانین لەنێو دەریای پاگەندەی “ڕاستەقینەکان” بزانین کامە دانە ڕاستەقینە و کامانە ناڕاستەقینەن؟ پاڵنەر و هێز و وروژێنەری ئەو هەمووە “یەقینە” چییە و کامەیە؟

ئایا دەکرێت بزانین ئەم بابەتە بێجگە لە “دەوڵەتی باش و فەرمانداریی باش و پارتیی باش و دەسەڵاتی باش و سەرۆکی باش” ھەر بەو جۆرەی کە سەران و لایەنگرانی گشت پارتیییەکان بەتایبەت پارتییەکەی (نەوشیروان موستەفا) پاگەندەی دەکەن، چی دیکە دەکاتە ھەتوانی بیرینەکان؟

پاشان، ئەگەر خاڵی یەکەم و دوو خاڵی کۆتایی، کە بە زۆردارەکی و بۆ جوانکردنی خۆشباوەڕیی خاڵەکانی دیکە بەو بابەتەوە لێندراون، لابدەین، بێجگە لە ڕیفۆرمکردنی سەروەریی چینایەتی چی لێ دەمێنێتەوە؟

بێجگە لەوە “دەستبەردار بوون لە سیاسەتی ئابوریی سەربەخۆ.” واتای چییە؛ خاڵی یەکەم بە ھەندوەربگرین یان خاڵی دووەم ؟ من کوردی نازانم یان نووسەر خەریکە سەر لە ئێمەی خوێنەر دەشێوێنێت؛ دەستبەرداربوون واتە وازهێنان لە شتێك، ئایا داخوازییەکەی نووسەر، داخوازیکردنی وابەستەبوون و پابەندیی “ڕامیاریی ئابووریی سەربەخۆ” ؟ ئەی ئابووریی سەربەخۆ چییە، ئایا مەبەست لە سەربەخۆیی ئابووریی کۆمەڵە ئازادەکانە یان شێوازێکی ئابووریی نوێیە و بە گوێی ئێمە نەکەوتووە؟

ئایا ئەگەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان ئەو خاڵانەی کە نووسەر دیاریکردوون،

…. ” * دوورکەوتنەوە لە گزی و فرت و فێڵی هەڵبژاردن.

 * دوورکەوتنەوە لە خۆشەویستی زەعامەت.

* دوورکەوتنەوە لە ڕۆشنبیریی بازاڕیی، کە دەسەڵاتی هەرێم پشتیوانیی زۆری لێ ئەکا.

* دەستبەردار بوون لە مەحسوبییەت.

*  پیادەکردنی سیاسەتێکی ڕۆشن. * موحاسەبەکردنی دزو مافیاکان بە ئاشکرا ..”

جێبەجێبکەن، ئیدی تاکی کۆمەڵی ھەرێمی کوردستان ھیچ گرفتێکی نامێنێت و ” وڵات خۆی ئەبێ بە شامی شەریف.” و نووسەریش لەتەك سەروەریی چینایەتی گرفتی نامێنێت؟ ئەی پاگەندەی ئەنارکیستبوونی نووسەر لەپێناو چییە و ئەنارکیزم لای ئەو چی دەگەیێنێت؟ ئایا ئەنارکیزمێك کە نووسەرلەنێو ئەو نووسینەی پێشنیاریدەکات و پاگەندەی دەکات، بێجگە لە هەمان “بۆچوونی وردەبۆرجوازییانە” کە مارکسیستەکان تۆمەت دەیدەنە پاڵ هزر و بزووتنەوەی ئەنارکیستی، چی دیکە دەتوانێت ببێت؟

ئەی لە کام سەردەم و کام گۆشەی جیھان لە سایەی دەوڵەت و فەرمانداریی و پارتایەتی ڕویداوە ” زامنکردنی ئازادیی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیی. ” مسۆگەربکرێت، تاکو لە سایەی سەروەریی بۆرجوازی کورد پەرجووی ئاوا ڕوبدات ؟

دوا جار دەکرێت “ڕوناکبیری ئەنارکیست” بە ئێمەی خوێنەر بڵێت، کە ئەو بێجگە لە پێکھاتەیەکی قووچکەیی و نێوەندگەرای دەوڵەتیی و فەرمانداریی لە ” بەکانتۆن کردنی ناوچەکانی هەرێم لە ناوخۆداو گرێدانەوەی بە مەرکەزی هەرێم.” چ تێگەییشتنێکی دیکەی ھەیە؟

بە گوێرەی بۆچوونەکانی پڕۆدۆن تاکو بۆکچین، کە وەك ئەنارکیستێك لەبارەی خۆبەڕێوەبەریی و فێدراڵیزم زۆرترین قسەیان کردووە، کاتێك کە ناوچەکان بکرێنە کانتۆن، واتە بەڕێوەبردنی کۆمەڵەکان بەسەر کانتۆنەکان و لەنێو کانتۆنەکان بەسەر ڕێکخراوە و هەروەزییە کۆمەڵایەتیەکان دابەشدەکرێت و پێکهاتەی نێوەندییانە و قووچکەییانەی بەڕێوەبردن ڕەتدەکرێتەوە و بەڕێوەبردن ئۆتۆنۆمیانە دەبێت و لەسەر بنەمای فێدرالیزمی نادەوڵەتیی پشتبەستوو بە دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆ ڕێکدەخرێت.

ئیدی “گرێدانەوەی بە مەرکەزی هەرێم” چ داھێنانێکە و دەکرێت بزانین لە کوێی ھزر و بزووتنەوەی ئەنارکیستی ئاوا بۆچوونێك بۆ فێدرالیزم و پێکھاتە و ڕێکخستنی فێدرالیستی ھەبووە و ھەیە و کامە بنەمای ئازادیخوازیی ئەنارکیزم پشتیوانی لە ئاوا بۆچوونێکی وردەبۆرجوازییانە ** دەکات؟

—————

 *  “گومان نیەکەم فڵانی” : پەند و دەستەواژەیەکی کەلهوریی ناوچەی کرماشانە.

**  وردەبۆرجوازی : مەبەست ڕێفۆرمکردنی بەڕێوەبردنی نێوەندگەرا و قووچکەیی دەوڵەت و فەرمانداریی و پارتایەتییە، هەر بۆچوونێك کە لەتەك هەبوونی سەروەریی چینایەتی، ڕێکخستن و پێکهاتەی قووچکەیی و نێوەندگەرا و بەرتەریی دەستەبژێر و هەبوونی پارتیی و فەرمانداریی و دەوڵەت و بازاری کڕین و فرۆشتن گرفتی نەبێت.

بۆ خوێندنەوەی بابەتەکە لەسەر فەیسبووك : https://www.facebook.com/sekoy.anarkistan/posts/554854234708924

*** خوێنەری هێژا بۆ خوێندنەوە و بەراوردکردن دەتوانێت لەم لینکەی خوارەوە بابەتەکەی نووسەر بخوێنێتەوە:

پێشینەی مێژوویی خۆبەڕێوەبەریی کرێکارانی کارخانەی زانۆن

ماریێ تریگۆنا ١٨ مارچی ٢٠٠٤ زانۆن ، ‌ئه‌رژه‌نتین
وه‌رگێرانی له‌ئاڵمانییه‌وه: هەژێن*

لەنێو ‌ته‌مومژی به‌یانییه‌كی ساردی زستان، كرێكارانی زانۆن بەرەو كارخانه‌كه‌یان ده‌چن. ئه‌وه ‌یه‌كه‌م دەستەی سات 6 بەیانی – 13ی پاشنیوەڕۆیه‌. زانۆن كارخانه‌یه‌كی كیرامیكسازییه ‌كه كرێكاران‌بەخۆیان به‌ڕێوه‌یده‌به‌ن. لە بەر‌ده‌رگه‌ی كارخانه‌ كرێكاره‌كان سڵاو له‌و كەسانه ‌ده‌كه‌ن، كه ‌بۆ پاسه‌وانیكردن ‌و تۆماركردنی هاتنه‌ژووره‌وه‌ی كرێكاره‌كان دانراون. ‌له‌ مارچی 2002 بەدواوە كرێكارانی زانۆن بەبێ خاوه‌نكار و بەبێ به‌ڕێوه‌به‌ر و بەبێ چاودێریكه‌ر به‌رهه‌مدێنن. كارخانه‌كه ‌كه‌وتووەته ‌چۆڵه‌وانییه‌كی گردۆڵكه‌یی ئه‌رژه‌نتین، خوارووی ناوچه‌ی نیوكوێن Neuquén. گه‌وره‌ترین كارخانه‌ی ئه‌و هه‌رێمه‌یه‌. پاش ململانێیه‌كی درێژخایه‌ن لەتەك خاوه‌نه‌كانی كارخانە له‌سه‌ر كرێ و مووچەی نه‌دراوی چه‌ند مانگ پێشتری كرێكاره‌كان و داخستنی له‌ناكاوی كارخانه‌كه‌، كرێكاره‌كان ‌پاییزی 2001 بڕیاریاندا به‌سه‌ر كارخاكه‌یان ده‌ستبگرن. به‌و بڕیارە ‌مۆركی دژه‌سه‌رمایه‌یی ڕاپه‌ڕنی خۆان بە گشت كرێكارانی جیهان نیشانیدا ، كە مرۆڤه ‌به‌رهه‌مهێنه‌ره خۆ ڕێكخه‌ر و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ره‌‌كان باشتر به‌رهه‌مدێنن.

 ” ئێمه‌ئه‌م دووڕیانه‌مان له‌به‌رده‌مدا بوو، لێره‌ بمێنینه‌وه ‌و تێبكۆشین یان بەرەو ماڵ ‌بڕۆینه‌وه‌. من ده‌متوانی بەرەو ‌ماڵ بڕۆمه‌وه، به‌ڵام بڕیارمدا، لێره‌ له‌نێو كارخانه‌ بمێنمه‌وه‌ و تێبكۆش‌م. له ماوەی ئە‌و 15‌ساڵه‌ی، كه‌ من له‌نێو ئەم كارخانه‌ كارمكردووه‌، ئەوە فێربووم كە پێویستە به‌رەنگاریبكه‌م، تێبكۆش‌م”، ڕۆزا ڕیڤێرا Rosa Rivera ئاوا خۆڕاگرییكردووه‌. ئەو یه‌كێكه ‌له‌و (15) ژنه‌ی نێو (300) كرێكار‌ی كارخانه‌كه‌.

“خاوه‌نكاران هیچ كات باجیاننه‌داوه‌، هه‌ر ئاوا له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆككۆماری پێشوو ڕاوڵ مێنێم Raul Menem ملیۆنان دۆلاریان وه‌ك پشتیوانی دراویی وه‌رده‌گرت. چه‌وسانه‌وه‌ی كرێكاران زۆر توندوتیژ بوو. كۆمپانی Mapuche بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌ی خاو بۆ كارخانه‌ی كیرامیك به‌ده‌ست بێنێ، سەراپای وڵاتی تاڵانكرد”. ‌ساڵی   2001 كاتێك ئابووری ئه‌رژه‌نتین تاڵانكرا (سنووره‌كان خرانه ‌ژێر پێی کۆمپانییە مۆنۆپۆڵکەر/چەپاوڵکەرە‌كانی بازاری ئازاد)، خاوه‌نانی زانۆن بڕیاریاندا كارخانه‌كان دابخه‌ن و كرێكاره‌كان دەربکەن، به‌بێ ئه‌وه‌ی كرێی دواخراوی چه‌ند مانگه‌ی کرێکاران قه‌ره‌بووبكه‌ن. مانگی‌ ئۆكتۆبه‌ری 2001 (266) كه‌س له‌ كۆی (331) كرێكار  بڕیاریاندا به‌رده‌وام بڕۆنه كارخانه ‌بۆ ‌سه‌ركار ، بۆ سه‌ر شوێنكاره‌كانی خۆیان. كرێكاره‌كان چوار مانگ له‌به‌رده‌م ده‌رگه‌ی كارخانه‌كه‌ مۆڵیانخوارد، به‌یاننامه‌یان بڵاوده‌كرده‌وه ‌و به‌شێكی ڕێگەی خێرا/ مۆتۆوەییان داده‌خست، ئه‌و ڕێگەیه‌ی كه‌ بەرەو ‌پایته‌ختی ناوچه‌ی نۆیكوین دەچوو. بڕیاره‌كه‌یان له‌ژێر چاوه‌دێریی كرێكاری بەردەوام بوو‌، له‌و كاته‌دا بڕیارەکە كه‌وتبووه ‌ژێركارایی ڕوداوه‌كانی وڵات، ‌كارایی خرۆشانی گه‌ل له‌ ڕێکەوتی20ی دێسه‌مبه‌ری 2001، كه ‌ماوه‌یه‌كی كه‌م پاش ئه‌وه ‌شه‌پۆلی ده‌سبه‌سه‌راگرتنی كارخانه‌كان و كۆبونه‌وه‌ گه‌لییەکان و یه‌كگرتنی بێكاران و ڕێكخراوبوون ئەوانی به‌دوادا هات.

فرانسیسکۆ مۆلیناس Fransisco Mollinas ئاوا گێڕایه‌وه ” كاتێك كه‌ ئێمه ‌گه‌ڕاینه‌وه ‌نێو كارخانه‌، له ‌سنوورێكی دیاریكرادا، ده‌ستمانكرد به ‌فرۆشتنی به‌رهه‌مه ‌ئاماده‌كراوه‌كان. به‌ڵام كاتێك كه‌ گشتی فرۆشرا، له‌ خۆمان پرسی، ئێستا چی بكه‌ین، لەپێناو بەدەستهێنانی كۆمه‌كی بێكاریی (150) پێزۆیی كه‌ نزیكه‌ی (50) دۆلاری ئه‌مریكییە تێبکۆشین، یان كارخانه‌كه ‌ بەگه‌ڕبخه‌ینه‌وه‌؟ ” . مارچی 2002 كرێكارانی زانۆن گه‌ڕانه‌وه ‌نێو كارخانه‌كه‌یان ‌و به‌رهه‌مهێنانیان بەگه‌ڕخسته‌وه‌. “ئه‌وه جەنگە ‌له‌ دژی دووره‌په‌رێزی  و ده‌ست به‌كڵاوه‌وه‌گرتن، دژی هه‌موو شتێك، دژی ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان له‌ سه‌ره‌وه‌ ئێمه ‌ناچارده‌كه‌ن. لێرۆكانه‌، له‌نێو ئەم كارخانه‌یه‌، تێکۆشان بۆ مرۆڤی ‌نوێ ده‌كه‌ین”. كاتێك كه ‌به‌بێ خاوه‌نكار ، بەبێ به‌ڕێوه‌به‌ر به‌رهه‌مهێنرا، لەنێو چوارچێوه‌ی كارخانه‌كه‌ هەست به ‌په‌یوه‌ندی و هه‌ڵسوكه‌وتی نوێ کرا. لەتەك تێكشاندنی پله‌به‌ندیی ڕێكخستن، به‌هره‌كێشی ‌و دابڕانیش له‌نێوچوون. كرێكاره‌كان چۆنیه‌تی كۆنترۆڵكرانی خۆیان پێشتر له‌لایه‌ن خاوەنان و بەڕێوەبەرانی كارخانه‌ ده‌گێڕایه‌وه‌، بۆ نمونه ‌ده‌بوو پۆشاکی تایبه‌ت (یونیفۆرم) به ‌ڕه‌نگی دیاریكراو ‌بپۆشن، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێ دیاربێ، كرێكاره‌كان هی كامه ‌به‌شی کارخانەن. قسه‌كردن لەتەك كرێكاری به‌شێكی‌ دیکە قه‌ده‌خه‌بوو. لەنێو ‌نوسینگه‌ی كارخانه‌كه ‌كیرامیكێك كه ‌وێنه‌ی پیاوێكی گه‌نج بەناوی دانیێڵ Daniel  لەسەر نه‌خشێنرابوو، هه‌ڵواسرابوو. ‌نوسینه‌كانی یاداوه‌رییه‌ك بوون بۆ  ئەو. دانێڵ هاوكارێك بوو، كه ‌له‌نێو كارخانه‌ مرد. جاران به‌رهه‌مهێنان ئاوا دامه‌زرابوو، كه‌ تەنیا گرنگ ئه‌وه‌ بوو قازانجی خاوه‌نكار  زیادبكات. تا ئه‌و ڕاده‌یه‌ی كه ‌بۆ ئەوان ده‌لوا، مووچەی مانگانه‌‌ی کرێکارانیان له ‌نزمترین ئاست ڕاده‌گرت، ئاسایش و پاراستن بۆ كرێكاران له ‌ئارادا نه‌بوون. كرێكاران له‌ژێر فشاری خێرا کارکردن بوون، هه‌رده‌م ده‌بوو زیاتر به‌رهه‌مبهێنن؛ ئاوا بەو خێرای کرێکاریان پاشه‌كه‌وتده‌كرد . هه‌لومه‌رجی كار پێش ئه‌وه‌ی كرێكاران كارخانه‌كه‌ بخەنە ژێر بەڕێوەبەریی خۆیان، به‌ڕێژه‌ی مامناوه‌ندی (25 -30) ڕوداو له ماوەی ‌مانگێك ڕویانده‌دا، به‌ڕێژه‌ی مامناوه‌ندی له ماوەی ‌ساڵێك كه‌سێك بەهۆی ڕوداوی کار دەمرد. له‌و كاته‌وه‌ی له‌نێو کارخانەی زانۆن‌ به‌رهه‌مده‌هێنرێت به‌گشتی (14) كه‌س كرێكار مردوون. له‌و كاته‌وه‌ش كه‌ كرێكاران كارخانه‌كه‌ بەڕێوەدەبەن‌، ته‌نیا ڕوداوێكیش ڕوینه‌داوه‌. كرێكارێك ئاوا ده‌ڵێت ” كاتێك كه ‌خاوه‌نكارێكت هه‌بێت، توشی شله‌ژان ده‌بیت و ده‌كه‌ویته‌ ژێر فشار. بەڵام به‌بێ خاوه‌نكار باشتر كارده‌كه‌یت، چونکە هوشیارانه‌ بەخۆت گشت بەرپرسیارییه‌ك لەئه‌ستۆده‌گریت”. ئێستا ‌ڕێكخستنی كارخانه‌ به‌باڵاترین دیموكراتیی ڕاسته‌وخۆ خۆی ڕێكده‌خات، بە ڕۆشنترین ئاسۆ و به‌ هاوئاهه‌نگی. له‌نێو كۆبونه‌وه‌ بڕیاره‌كان  ده‌درێن. نه سه‌رۆك هه‌یه ‌و نه ‌به‌ڕێوه‌بەر. هه‌موو به‌شێك: گواستنه‌وه‌ ، فرۆشتن ، به‌رنامه‌ڕێژیی به‌رهه‌مهێنان ، به‌شی چاپ و نه‌خشاندن، …تد بۆ دانانی ڕێكخه‌ر لێژنه‌یه‌ك هه‌ڵده‌بژێرێت،هه‌ر ڕێكخه‌رێك له‌سه‌ر ‘ مێزی نوێنه‌رایه‌تی’ له‌بارەی پرسەکان و  شتی نوێ و كێشه‌كان زانیاری ده‌دات. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ‌له‌باره‌ی چۆنیه‌تی كاروبار له‌ به‌شه‌كانی‌ دیکە زانیاری وه‌ده‌گرێت. ئێستا (300) كه‌س لەنێو ئەم کارخانە (‌زانۆن) گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان. شوێنكاری‌ دیکەش له‌ به‌رنامه‌ڕێژیدان. له‌و كاتەوە كارخانه‌کە کەوتووەتە ژێر خۆبەڕێوەبەریی کرێکاران زیاتر له (70) كه‌سی دیکە/تازە ‌دامه‌زراون. لەنێو ‌كۆبونه‌وه‌ی كرێكاره‌كان بڕیاردرا، زۆر گرنگه‌ كه‌ ئەندامانی ڕێكخراوی بێكاران وەربگیردرێن. له‌به‌رئه‌وه ‌زۆربه‌ی كرێكاره‌ تازه‌كان ئه‌ندامی بزوتنه‌وه‌ی كرێكارانی بێكارن MTD. هه‌موو كرێكارێك به‌گوێرەی خەرجی پێداویستییه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی‌ خێزانێك مانگی (800) پێزۆ وه‌رده‌گرێت؛ زانۆن له‌ چەند بلۆك پێكهاتووه‌. كارخانه‌كه (18) به‌شی به‌رهه‌مهێنانی هه‌یه‌، له‌وانه‌ ئێستا ‌ته‌نیا (3) بەگه‌ڕخراون. ته‌نیا 10- 15% تواناییه‌كان به‌كارهاتوون. به‌هۆی كورتکردنەوەی ماوه‌ی كار  و زیادکردنی كرێ به‌هره‌كێشیی لە کار و ڕەنجی كرێكاران كه‌مبووەته‌وه. ‌هێشتا ‌‌دەتواندرێت كه‌سی دیکە دابمه‌زرێن. یه‌كێك له‌ هۆکاره‌كانی سه‌ركه‌وتنی خۆبەڕێوەبەریی زانۆن، جێکەوتەبوونی تێکۆشانی كرێكاران بوو له‌ ناوچه‌كه. له‌به‌رده‌م‌ ده‌رگه‌ی سه‌ره‌كی كارخانه‌كه‌ كرێكاره‌كان له ‌پارچە كیرامیكی شكاو دیوارێكیان دروستكردووه‌، كه ‌به‌سه‌رهاتی تێکۆشانی كارخانه‌كه ‌ده‌گێڕێته‌وه‌. ئه‌وه ‌هه‌مووی به‌ چه‌ند ژن و پیاوێك ده‌ستیپێكرد، كه ‌له ‌چوارده‌وری مه‌نجه‌ڵێكی گه‌وره ‌دانیشتبوون و ‌له‌سه‌ر ئاگرێك ده‌كوڵا. هه‌موو مانگێك، كاتێك كه ‌له‌به‌رده‌م كارخانه‌كه ‌ده‌وه‌ستان، ئه‌وان ‌ڕۆڵیانده‌گێڕا : دراوسێكان، خوێندكاران و كرێكارانی بزوتنه‌وه‌ی پێکوێتێرۆ Pekuetero هاوپشتی خۆیان ده‌رده‌بڕی، به‌وه‌ی كه ‌به‌پاره‌ و خوارده‌مه‌نی به كرێكارانی ‌كه‌مپه‌ینکەری زانۆن كۆمه‌كیانده‌كرد. له ‌پشته‌وه‌ی كارخانه‌ی زانۆن زیندانێك هه‌یه‌. كه ‌زیندانییه‌كانی ناو ئەو زیندانە به‌شه ‌خۆراكه‌كه‌ی خۆیان به‌ كرێكاره‌كانی زانۆن ده‌به‌خشی. هه‌ر ئاوا ڕێكخراوه ‌كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، بۆ نمونه ‌کۆمەڵەی دایكانی مەیدانی مایۆ (Mothers of the Plaza de Mayo)** لە کرێكارانی کارخانەی زانۆن هاوپشتییانكرد. دایكان ده‌یانگێڕایه‌وه‌، كه ‌هه‌ر ئاوا ئه‌وانیش ویستویانه به‌گیانیان كارخانه‌كه‌ بپارێزن. تەمەنی هه‌ندێك له ‌ژنه‌كان نزیکەی (٧٠) ساڵی دەبێت. پشتیوانەی سەرەکیی كارخانه‌كه ‌ئاسایش و نه‌خشه‌ی خۆپارێزگارییه‌. فەرمانداریی/دەوڵەت به ‌توندوتیژی وه‌ڵامی کرێکارانی زانۆنی ده‌دایه‌وه‌. به‌هۆی شێواز و تاكتیكی جۆراوجۆر ‌هه‌وڵیدا كارخانه‌كه ‌دابخات. به‌گشتی پێنج جار كارخانه‌كه ‌له‌لایه‌ن پۆلیس ‌داخرا‌. به‌ڵام هه‌موو جارێك هه‌زاران دانیشتووی ئەو ناوچه‌یه‌ ده‌هاتن،  بۆ ئەوەی له‌ كارخانه‌كه پارێزگاری‌بكه‌ن. لەبەر ‌مه‌ترسی داخرانی کارخانەکە هه‌موو کرێکارەکان شوێن كاره‌كه‌ی خۆیان به‌جێده‌هێشت و پێكەوە به‌رپرسی ئاسایشی پاراستنی کارخانەکە بوون. له‌به‌رده‌م كارخانه‌كه‌ ڕێكخراوه‌ پشتتیوانلەرەکانی بێكاران و  ئەوانی دیکە ڕیزبه‌ندیی به‌رگرییکردنیان ڕێكده‌خست، كرێكاره‌كان بەخۆیان له‌ سه‌ربانی كارخانه‌كه ‌سه‌نگه‌ریانده‌گرت و خۆپارێزیی و بەرەنگارییکردنیان ڕێكده‌خست ، بۆ نمونه ‌به ‌چه‌ك.

زیندانی ژماره‌ (١١) كه‌وتووەته ‌پشته‌وه‌ی كارخانه‌كه‌. شه‌وێك لەتەك كرێكاره‌كان، ئه‌وانه‌ی کە ‌شه‌وانه ‌پاسه‌وانییان ده‌كرد، له‌ سوڕانەوەیەك به‌ده‌وری كارخانه‌كه‌، هەر كه‌ له ‌زیندانه‌كه ‌نزیكبووینه‌وه‌، یه‌كسه‌ر  شریخەی ڕاکێشانی میلی چەکی پاسەوانێکی زیندانه‌کە هات، كه ‌ئێمه ‌به ‌لای ئەو تێپه‌ڕین، چه‌كه‌كه‌ی سواركرد. بۆ ئه‌وه‌ی دڵنیابین، كه ‌هیچ كه‌س به‌سه‌ر كارخانه‌كه‌ ده‌ستناگرێت، لەنێو كارخانه ‌شێوازی تایبه‌تیی خۆپاراستن داهێنران؛ هه‌موو كرێكارێك کاتی هاتن ده‌بێت ناوی خۆی تۆماربکات، نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت سزابدرێن، ئه‌گه‌ر دره‌نگ هاتنه‌ سه‌ركار، به‌ڵكو  بۆ ئه‌وه‌ی ‌دیاربێت ‌کە كێ دێته‌ نێو ‌كارخانه‌کە‌. پێشتر ئه‌ركی پاراستن بۆ ئه‌وه ‌پێویست بوو، ئه‌گه‌ر كرێكاره‌كان كه‌ره‌سته‌ی كارخانه‌كه‌یان بدزیایه‌. ئێستا‌ كرێكاره‌كان له‌ خه‌می ‌ئه‌ركی پاسه‌وانیکردنن، له‌به‌رئه‌وه‌ی ‌کە بەخۆیان كارخانه‌كه ‌به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن ، هەر لەبەرئەوە‌ پێویسته‌ ‌هه‌مووان  بۆ كاركردن چه‌كه‌كانیان له‌ته‌ك خۆیان بهێنن.

‌نۆڤێمبه‌ری 2003 كرێكارانی کارخانەی زانۆن لەتەك ڕێكخراوی بیكاران له نۆیکوێنNeuquén دژ بە کارتی ئه‌ندامه‌تی بۆ بێكاران خۆنیشاندانیان كرد، کە فەرمانداریی ده‌یه‌وێت بڕی‌ (150) پێزۆ کۆمەکی بێكاری تەنیا له ‌ڕێگه‌ی كارتی بانكی ‌بدات. به‌و جۆره ‌بێكاران بەهۆی ئه‌و كارتە ‌ته‌نیا كه‌مێكی ئه‌و بڕه ‌پاره‌یه‌ بەوان ‌ده‌درێت و ‌ته‌نیا ئەو مافە‌یان ده‌بێت، ‌کۆمەڵە شتێکی دیاریكراو له‌ سوپه‌رماركێته‌كان بكڕن، كه بە تۆڕی بازرگانی commercial networks ناسراون. به ‌هێرشی توندوتیژی پۆلیسی خۆنیشاندانه‌كه‌ كۆتاییهات. زیاتر له‌ 22 كه‌س برینداربوون، له‌وانه‌ (10) كه‌سیان به‌گوله بریندارکرابوون. ئاندرێس Andrés یه‌كێكه ‌له‌و كرێكارانه‌ی كه بەسەر كارخانه‌ی كیرامیكی زانۆن‌ دەستیانگرتووە ‌و ئه‌ندامێکی ڕێكخراوی كرێكارانی بێكار MTD لایەنی كه‌م (64) گوله‌ی پلاستیكی به‌ركه‌وتبوو و پۆلیس (8) سات ئەوی ‌زیندانیکردبوو‌ و ئه‌شكه‌نجه‌ درابوو و بواری تیماركردنی برینەکانی نه‌درابوو، بەهۆی ئەوە چاوی چه‌پی کوێربووە. ڕۆژی ‌2ی دێسه‌مبه‌ری 2003 (7) چه‌كداری ده‌مامكپۆش خۆیان ده‌خزێننه ‌نێو كارخانه‌ی زانۆن و (32) هه‌زار پێزۆ ده‌دزن. پێشتر مانگی نۆڤێمبه‌ر هێرشێکی دڕندانه‌ كرابووە ‌سه‌ر ڕێكخراوه‌كانی هەرێمی Nuequén و كرێكاران و چالاکانی MTD له‌نێو ماڵی خۆیان لە ئەوان هه‌ڕه‌شه‌كراوە. گۆدۆی ڕاوڵ Raul Godoy كرێكارێكی کارخانەی زانۆن به‌و جۆره‌ ده‌یگێڕایه‌وه‌ “ئێمه‌ گشت ئه‌و شتانه‌ به ‌زنجیره‌یه‌ك پلان ده‌بینین، بۆ ئه‌وه‌ی بەهۆی ئەو شتانە كه‌سانێك له‌ ئێمه‌ بخه‌نه ‌ژێر فشار‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ بۆ كۆمه‌ڵێکی دادپه‌روه‌رانه ‌تێده‌كۆشن”. لەنێو ‌ڕۆشنكردنه‌وه‌یه‌كی چاپکراوی كرێكاره‌كان ئاوا هاتووه،  پاش ئه‌وه‌ی کە چه‌ته‌كان پاره‌كه‌ی كارخانه‌یان دزی، فەرمانداریی بۆ ئه‌و مەبەستە جۆرە‌ هاریكارییەك ‌به‌كارده‌هێنێت، تاوه‌كو له‌و کارخانانەی كه ‌له‌ژێر خۆبه‌ڕێوەریی كرێكارانن به‌شدارببێت. بێجگه ‌له‌ زانۆن ته‌نیا یه‌ك کۆمپانی هاریكاری ده‌وڵه‌تی ڕه‌تكرده‌وه‌، ئه‌ویش سوپەرمارکێتی تیگرە Tigre-Supermarkt بوو لە ڕۆساریۆ ‌Rosario. “فەرمانداریی به‌ ڕێگه‌ی جۆراوجۆر خۆی ده‌خزانده ‌نێو بزوتنه‌وه‌كه‌، به‌و جۆره‌ ده‌وڵه‌ت هاریكاریده‌كات، به‌ڵام له ‌به‌رامبه‌ر ده‌بێت لە تێکۆشان وازبهێنیت”.

كرێكارانی بروکمان Brukman، كه‌ كارخانه‌یه‌كی پۆشاك ئاماده‌كردنه ‌له بۆینس ئایرس ‌Buenos Aires و ڕۆژی ‌18ی ئەپریلی 2003 ‌داخرابوو، توانییان پێش ماوه‌یه‌كی كورت بگه‌ڕێنه‌وه ‌سه‌ركار، به‌ڵام به‌هاریكاری لەتەك ده‌وڵه‌ت. به‌گوێرەی ڕێكه‌وتننامه‌یه‌ك، كه ‌ده‌وڵه‌ت خستییه ‌به‌رده‌م كرێكاره‌كان، ته‌نیا دوو ساڵ ماوه‌یان ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی ساختمان و ئامێره‌كانی چنین بكڕن. لەو كاتەوە کارخانەکە داخراوە، ‌ڕامیاره‌ چه‌په‌كان به‌خۆتێهه‌ڵقورتاندنی شێوێنه‌رانه‌ له‌و پرسه‌ له‌نێو بنبه‌ستی ڕه‌خنه‌ گیریانكردووه‌. به‌ڕاستی شه‌رمه‌زارییه، بەدرێژایی 16 مانگ ده‌سبه‌سه‌رداگرتنی كارخانه‌كه ‌پاش داخستنی، كاتێك كه ‌كرێكاران هه‌وڵیاندا بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ركار، ڕامیارە چەپەکان خوازیاربوون کرێکارەکان به‌ ئەوه ڕرازیبكه‌ن، كه ‌تاكتیكه‌كانی خۆپاراستن پێویستنین. له‌و كاته‌دا كارخانه‌كه ‌پاسه‌وانی تایبه‌تیی هه‌بوو، ئاوا بەرچاودەکەوێت‌‌، کە هەر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بۆ كارخانه‌كه ‌دانراوه‌!

پازدە (١٥)ساڵه ڕۆزا ڕیڤێراRosa Rivera  ‌له‌نێو زانۆن كارده‌كات، گوتی ” خۆبەڕێوەبەریی زانۆن ته‌نیا تێکۆشانێك نییه ‌بۆ (300 ) كرێكار لەنێو ‌كارخانه‌كه‌، به‌ڵكو تێکۆشانیشه‌بۆ ناوچه‌كه ‌و بۆ شۆڕشێكی كۆمه‌ڵایه‌تی. “كاتێك كارخانه‌كان دابخرێن و له ‌ته‌نگانه‌ به‌جێهێڵدرێن، كرێكاران مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌، دووباره‌ بە‌گه‌ڕبخه‌نه‌وه و به‌كاریانبەن و به‌ژیانی خۆیان لە کارخانەکان به‌رگریبكه‌ن”. له ‌ئاسۆی بزوتنه‌وه‌ی له‌ت-له‌تكراوی ئه‌رژه‌نتین‌هێشتا خۆبەڕێوەبەریی کرێکارانی کارخانەی زانۆن ‌سیمبۆلێكی به‌هێزی هه‌ستانه‌وه‌یه ‌دژی سه‌رمایه‌داری. پرسێكی ‌كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ له‌نێو ئەم كارخانه‌یە ڕوده‌دات، سروش و په‌یامێكه ‌‌بۆ كرێكاران له‌نێو كارخانه‌ ده‌سبه‌سه‌رداگیراوه‌كانی‌ دیکە و بۆ چینی كرێكار له ‌هه‌موو گۆشه‌یه‌كی ئه‌م جیهانه‌ و بە ئەوان سروش دەبەخشێت، تاکو به‌ڕێوه‌به‌رە‌كان/خاوەنەکان/داراکان تێكبشكێنن.

تریگۆنا ماریێ Marie Trigona ژورنالیستێکی سه‌ربه‌خۆ ‌و لە ئەرژەنتین چالاکە و لەنێو هەرەوەزیی ڤیدیۆ و چالاکی ڕاستەوخۆ Video und Direct Action-Kollektiv-  alavio بەشدارە/هاریکارە. لینکی هەرەوەزیی ڤیدیۆ و چالاکی ڕاستەوخۆ www.revolutionvideo.org/alavio

* ئەم بابەتە ساڵی ٢٠٠٤ وەرگێڕدراوە

** https://en.wikipedia.org/wiki/Mothers_of_the_Plaza_de_Mayo

سه‌رچاوه‌ی لێوه‌رگیراو: http://www.labornet.org/news/0505/zanon.htm

چەند سەرنجێکی سەرەتایی لەبارەی ” پێشنووسی کاتیی ڕاگەیەنراوی تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی “

هەژێن

٠٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦

خوێنەری هێژا، ئەوەی لە خوارەوە وەك چەند سەرنجێکی سەرەتایی لەبارەی ئەو ڕاگەیێندراوە دەیخوێننەوە، بریتییە لە خوێندنەوەی من بۆ  “پێشنووسی کاتیی ڕاگەیەنراوی تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی “، هەڵبەتە لەبەر ڕۆشانیی زانیاریی و دەرك و ئەزموونە کەسییەکانی خۆم وەك کەسێکی ئازادیخواز [ئەنارکیست] و پەیڕەوکەری دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ و خوازیاریی خۆبەڕێوەبەریی گەلیی و چالاکێکی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی.

پێش هەموو شت بە باشتر دەزانم، کە ئاماژە بە ئەوە بدەم، کە ٢٣ی فێبریوه‌ری ٢٠٠٩ لەبارەی ڕاگەیاندنی بزووتنەوەیەك لە ڕێکەوتی ١٩ی فێبریوەریی ٢٠٠٩ لە هەرێمی کوردستان بەناوی (بزووتنەوەی هاریکاری) کۆمەڵێك سەرنجی خۆم بە سەردێڕی (بزووتنه‌وه‌‌ی هاریکاری: ئه‌ڵته‌رناتیڤ و ئاسۆ و ئامانجه‌کانی) لەبارەی ئەو ڕاگەیاندنە نووسین و بڵاوکردنەوە و پێش بڵاوکردنەوەی سەرنجەکانی خۆم، من نێرەری ڕاگەیاندنەکەم لە نووسین و بڵاوکردنەوەی سەرنجەکانی خۆم ئاگادارکردەوە، بەڵام بەداخەوە هەڵوێستگیریی پاش بڵاوبوونەوەی سەرنجەکانی من، زۆر لە گوتن و دۆستایەتی پێش ئەوە جیاواز بوو و تەنانەت ئەو هەڵوێستگیرییە بۆ ناکۆکی و دژایەتییەکی بەردەوام و تەنانەت تۆمەتبارکردن و دژایەتیی کەسیی بە کۆمەڵێك ناوی جیاواز درێژبووەوە و تاکو ئێستاش وەك دوژمنێك لەنێو هۆش و کۆڕی ئەو کەسانە هەژماردەکرێم و وەك ئەهریمەنێك بەردباراندەکرێم. هەرچەندە ئەو کەسە ئەو کات نووسیبووی “بەم زووانە وەڵامی خۆمان بۆ بۆچوونە نادروستەکانی هەژێن دەبێت”، بەڵام نە بزووتنەوەیەکی ئاوا لە کەتواری کۆمەڵی هەرێمی کوردستان و عیراق سەریهەڵدا و نە بوونی هەبوو و نە وەڵام و ڕەخنەگرتن لە سەرنجەکانی من بڵاونەکرانەوە.

لەبەرئەوە، هیوادارم چالاکانی ئەم هەوڵە تازەیە و نووسەران و داڕێژەرانی ئەو ڕاگەیاندەش تووشی هەمان هەڵەی دەستەی ڕاگەیاندنی (بزووتنەوەی هاریکاری) نەبن و پێش ئەوەی ئاوا هەڵوێستێك وەربگرن، تەماشای ڕەهەندی ناڕۆشنییەکان بکەن و زیانە ئەگەرییەکان و قۆستنەوەی هەڵە و لاوازییەکان لەلایەن دەسەڵاتداران و دەسەڵاتخوازان لەبەرچاوبگرن. هەڵبەت دەکرێت ئەم سەرنجانەی من لەنێو دونیای کەتواریی و هەر ئاوا لە کەتواری هەوڵی ڕاگەیێنەران هەڵە بێت، بەڵام هەموو شتێك وێرای هەڵەبوونی هێشتا شیاو و شایستەی شرۆڤەکردن و هەوڵدانە بۆ دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤەکانی ئەو و دەتوانێت ئێمە بۆ بیرکردنەوە هانبدات. هیوادارم بەلایەنی کەم ئەم سەرنجانەی منیش وەك هەڵەیەکی هاندەر و وروژێنەر لەبەرچاوبگیردرێن.

دیسانەوە پێش هەموو شت، من لە هەر هەوڵێکی کۆمەڵایەتیی هەر تاکەکەس و دەستەیەك دەستخۆشیدەکەم، کە بۆ زیندووکردنەوەی بنەما کۆمەڵایەتیی و کولتوورییەکانی کۆمەڵی ئێمە و گێرانەوەی متمانەی تاکەکان بە هێز و توانا و بیرکردنەوە و دیتنی خۆیان هەوڵدەدەن. بە بۆچوونی من خراپ نەدەبوو، ئەگەر هەوڵیانبدرایە لەتەك ئەو دەستەیە کە ١٩ی فیبریوەری ٢٠٠٩ بۆ بەڕێخستنی (بزووتنەوەی هاریکاری) هەوڵیاندا،  پەیوەندیبگرن و لە ئەزموون و توانایی یەکدی کەڵکوەربگرن و هێز و وزە کۆمەڵایەتییەکان ڕێکبخەن، چونکە (بزووتنەوە و تۆڕی هاریکاریی کۆمەڵایەتیی) هیچ بەربەستێکی ئایدیۆلۆجی و ڕامیاریی نییە، تاوەکو ئێمە خوازیارانی ئەو ئامانجە نەتوانین پێکەوە تێبکۆشین.

بێجگە لەوەش کاتێك کە سەرنجی ئەو پەیج و گروپانەی کە بەناوی ( toribnarati1 تۆڕی هاریکاری کۆمەڵایەتی) دەرکەوتوون و ئێستا ئەم ڕاگەیاندنەیان بڵاوکردووەتەوە، یەکەم گروپێکی فەیسبووکییە، کە ڕۆژی ٢ی مارچی ٢٠١٥ دەرکەوتووە و تاکو ١٠ی جونی ئەم ساڵ بێجگە لە بابەتێکی هاوڕێ (سەلام نەجیبە) لەبارەی مانگرتن و خۆنیشاندانەکانی فەرەنسە، هیچ بابەتێکی پەیوەست بە )هاریکاری کۆمەڵایەتیی و بوونی تۆڕێك( بڵاونەکردووەتەوە و لە ماوەی نێوان ١٠ی جونی و ١٣ی سێپتەمبەری ئەم ساڵ هیچ بابەتێکی نەبووە و دەستپێکردنەوەی ڕاگەیاندنی هەواڵی (هەروەزییەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی) دەبێت و دوا بابەتیشی ئەم ڕاگەێێندراوەیە، کە من خوازیارم لەبارەیەوە سەرنجەکانی خۆم بنووسم. دووەم، پەیجێکی فەسیبووکییە، کە ڕۆژی ١٠ی مارچی ٢٠١٥ بەناوی (toribnarati تۆڕی هاریکاری کۆمەڵایەتی) دروستکراوە و تاکو ١٥ی سێپتەمبەری ئەم ساڵ هیچ بابەت و بڵاوکراوەیەکی نەبووە و هیچ چالاکییەکی بە ئاراستەی هاریکاری کۆمەڵایەتیی نەبووە. خوێنەری هێژا، مەبەست لەم پێشەکییە ئەوەیە کە تۆی خوێنەری هێژا بزانیت لەبارەی کێ و چی دەنووسم و لە چی ڕەخنەدەگرم.

سەرەتا هەرچەندە لە نووسینی ئەم سەرنجانە لە سەرنجدانی لایەنی زمانەوانیی داڕشتنەکە خۆم لادەدەم، بەڵام ناکرێت لە هەڵەبوونی واژەکان بەتایبەت ناوی تۆڕەکە ” تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتی ”  خۆم لابدەم؛ (تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتی) یان (تۆڕی هاریکاریی کۆمەڵایەتیی) ؟

بەدڵنیاییەوە مەبەستی ئەو بەڕێزانە (هاریکاری کۆمەڵایەتیی)ـە و منیش هەر بەو جۆرە  سەرنجی خۆمی ئاراستەدەکەم.  مەبەست لە (تۆڕی هاریکاریی کۆمەڵایەتیی) چییە؛ (تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی ئیتەرنێتی) یان (تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی شوێنی کار و ژیان) ؟ ئەگەر مەبەست باری یەکەمە، ئەوا پێویستە وەك تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی وەك فەیسبووك و تویتەر و …تد دەربکەوێت نەك ئەکاونت، گروپ، پەیجی نێو تۆڕێکی کۆمەڵایەتیی وەك فەیسبووك. دەکرێت تۆڕی گروپە کۆمەڵایەتییەکان بێت، بەڵام دیسان لەو بارەدا  پێش ئەوە ئینتەرنێتی بێت، پێویستە هەبووی شوێنی ژیان و کاری کۆمەڵایەتیی بێت.

” بۆ ڕزگاربوون لەم دۆخە سەپێنراوەی سیستمی سەرمایەداریی نوێ  “

“سیستەمی سەرمایەداری نوێ” چییە و کەی سەریهەڵداوە؟ ئایا لەتەك سیستەمی “سەرمایەداریی کۆن” جیاوازییەکانی چین و کامانەن؟

” تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی لە هەناوی کۆمەڵگەوە خۆی ڕادەگەیەنێت “

ئەم دەستەواکەیە ئەوە دەگەیێنێت، کە ئاوا تۆڕێك پێش ئەوەی پاگەندەیەکی ئینتەرنێتیی ڕۆشنگەر بێت، بوونێکی کۆمەڵایەتیی هەیە و ئەوە بۆ من لەم دوورەوە دڵخۆشکەرە و ئومێدەکان زیندوودەکاتەوە و بۆ چالاکیکردنی پشتیوانیکەرانە من هاندەدات.

” بەهۆی شۆڕشی وشیارکردنەوەوە، کە لە ئێستاوە دەستی دەدەینێ” ئەم دەستەواژەیە لەلایەن من نەخراوەتە نێو جووت کەوانەی گێرانەوە و گواستنەوە، بەڵکو هەر بەخۆی ئاوا نووسراوە و من وەك خوێنەرێك لە هۆکاری ئاوا نووسینی تێناگەم، ئایا  دەستەواژەیەکی وەرگیراوە، هی کێیە؟ هەرچەندە من دەستەواژەی ” شۆڕشی وشیارکردنەوەوە ” و (شۆرشی ڕۆشنگەریی) ڕەتدەکەمەوە، بەڵام بۆچی ” شۆڕشی وشیارکردنەوەوە ” بۆ ئایەندە و پاش  ” لە ئێستادا بۆ ڕزگارکردنی ئەوەی دەکرێت ڕزگار بکرێت ” هەڵدەگیردرێت ؟

” پرەنسیپەکان:  ١- بڕیارو ڕاسپاردەو گشتێنراوەکان، بە کۆمەڵ بڕیاری لەسەر دەدرێت و ئەدمینەکانی تۆڕەکە، ئەرکی کۆکردنەوەی کۆدەنگییان ئەکەوێتە سەر. بەو واتای ڕێکخستن لەسەر ئاستی ئاسۆییە نەک قوچەکیی، واتا فەرمان لە سەرەوە نادرێت بە خوارەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێت.”

کاتێك بە وردی دەستەواژەی ” ئەدمینەکانی تۆڕەکە ” سەرنجبدەین، ئیدی ئەوە ڕۆشندەبێتەوە، کە مەبەست لە ” تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتیی ” گروپێك یان پەیجێکی فەیسبووکییە، چونکە  ئەدمین یان ئەدمنیستراتۆر فرەتر بواری سەرپەرشتی کۆمپیوتەر و گروپ و پەیج و ئیمەیل ئینتەنێتی دەگرێتەوە و گروپە خۆجێی و هەروەزییەکان و ڕێکخراوە جەماوەریی و کۆمەڵایەتییە سەربەخۆکان لەجیاتی  ئەدمین و سەرۆك و بەرپرس و ڕابەر و تاک-سەرپەرشتیکار، دەستەی هەڵبژێردراوانی کۆبوونەوە گشتییەکانیان هەن.  هۆکارەکەش ڕۆشنە بەکاربردنی کۆ-سەرپەرشتییکردن و کۆ-بەڕێوەبەریی بۆ بەرگرتن بە دەسەڵاتخوازیی و ناوبانگخوازیی و پاوانگەریی و هەلپەرستیی تاکەکان. لەبەرئەوە ئەگەر مەبەست لە تۆڕی گروپ و هەروەزییە کۆمەڵایەتییەکان بێت، ئەوا ئەو ئەرکە دەکەوێتە ئەستۆی هەموو ئەندامانی گروپ و ڕێکخراو و هەرەوەزییەکان.

بێجگە لەوەش سپاردنی  ” ئەرکی کۆکردنەوەی کۆدەنگییان ئەکەوێتە سەر. بەو واتای ڕێکخستن لەسەر ئاستی ئاسۆییە نەک قوچەکیی، واتا فەرمان لە سەرەوە نادرێت بە خوارەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێت “بە ئەدمینەکانی  گروپ و پەیجەکانی ئینتەرنێتییەکان، لاوەکیکردن و وابەستەکردنی گروپ و هەروەزییە کەتوارییەکانی نێو ژیانی ڕۆژانەیە.  وەك گوتم ئەو ناڕۆشنییە لەلای منی خوێنەر دروستبووە، مەبەست لە “تۆڕی … کۆمەڵایەتی” چییە؛ تۆڕی ئینتەرنێتی یان تۆڕی یەکگرتنەوەی گروپ و هەرەوەزییە کۆمەڵایەتییەکان؟

“٢- بەشداریکردنی خانمان و پیاوان بە هاوبەشیی “

ناچارم بڵێم، من لەو جیاکارییە لە شوناسی کەسیی و کولتووری و کۆمەڵایەتیی کەسەکان تێناگەم؛ ئەگەر بۆ ژنان “خانمان” بەجێیە،  ئەی بۆ پیاوان چی؛ بۆچی (ژنان و پیاوان) نەبێت ؟

“٣- باوەڕ نەبوون بە توندو تیژیی و بەرامبەر بەوەش وشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە، بە دۆزینەوەی ڕێگەچارەسەرەکان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی سیستم، نەک دەزگاو فەرمانگەکان.”

باوەڕنەبوون بە توندوتیژی یەکێکە لە  بنەما هەرە پەسندەکان، بەڵام مەگەر ” دەزگاو فەرمانگەکان ” بەشێك لە سیستەمەکە نین؟  ئەگەر وەڵام [نە]یە، ئەدی سیستەم چییە؟ ئەگەر چارەسەر پێشنیارکردن و جیگیرکردنی ئەڵتەرناتیڤی “دەزگاو فەرمانگەکان” وەك یەکەی بنکەیی و پایەی سیستەمەکە نییە، ئەدی چۆن ئەڵتەرناتیڤی سیستەمەکە پێشنیار و جێگیردەکرێت و چۆن لە بنکەوە لە سیستەمەکە دەدرێت؟ ئایا ئەوە دیسانەوە گەڕانەوە نییە بۆ سەر بنەمای (لە سەرەوە بۆ خوارە) یان ڕوخاندنی دەسەڵات و جێگیرکردنەوەی بە دەستەیەك بەبێ گۆڕانی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی؟

“٥- پێکەوە کارکردنی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگەو پاراستنی هاوسەنگیی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا.”

مەبەست لەو بنەمایەی سەرەوە چییە؟ بۆچی و لەپێناو چی پێکەوە کاردەکەن؟ بەداخەوە من لە دەستەواژەی  “پێکەوە کارکردنی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە” دەتوانم تەنیا ئەوە تێبگەم، کە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵ چینی سەرمایەدار و توێژە سەروەرەکەی/ دەسەڵاتدارەکەی ئەو چینەش دەگرێتەوە. ئەگەر وەڵام [ئەرێ]یە، چۆن چینی چەوسێنەر و چینی چەوساوە دەتوانن پێکەوە کاربکەن، چۆن چینی بۆرجوازی وەك یەکێك لە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵ  دژی سیستەم و یاساکانی خۆی (بۆرجوازی کورد)، کە سەروەر و پارێزەری سیستەمە نائازاد و نایەکسان و ناداپەروەرەکەیە، کاردەکات؟ ئەی مەبەست لە” پاراستنی هاوسەنگیی مرۆڤ لە کۆمەڵگە” چییە؟ ئایا هەژاری زۆرینە هاوسەنگی دەوڵەتمەندیی کەمینە نییە؟ ئایا سەروەریی کەمینە هاوسەنگی ژێردەستیی زۆرینە نییە؟

“٧- بوارنەدان بە دەرکەوتنی هیچ تاکێک وەک پێشەنگ و سەرۆک و دەمڕاستی تۆڕەکە، هەموو بڕیارە چارەنوسسازەکان بە کۆمەڵ دەدرێت. هەرەوەزییەکان سەربەستن لە هەر جۆرە بڕیاردانێکدا لە سنوری چالاکیی خۆیان، بە بێ گەڕانەوە بۆ هیچ کەس و دەستەیەکی تر.”

هەرچەندە لێرەدا دیارە مەبەست لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی نائینتەرنێتیی و هەروەزییەکانە. بەڵام هێشتا منی خوێنەر ناتوانم لەسەر ئەوە ساخببمەوە، کە مەبەست گروپی ئێنتەرنێتی نێو تۆڕی کۆمەڵایەتییە یان تۆڕی کۆمەڵایەتیی یەکگرتنەوەی گروپ و هەرەوەزیی کۆمەڵایەتیی شوێنی ژیان و کار؟

چونکە ئەگەر مەبەست یەکەم بێت، ئەوا ئەو بنەمایانە /پرنسیپڵانە پێویست نین و کاراییان نابێت و ڕۆڵی ئاوا تۆڕێت لە پاگەندە و ئاڵوێریی زایارییەکان واوەتر ناڕوات، ئەگەر مەبەست دووەم بێت، ئەوا ئەدمین بە واتای (دەرکەوتنی هەندێك تاك وەك پیشەنگ و سەرۆك و دەمراست تۆڕەکە و تەنانەت هەموو خەڵکی) دێت .

“٩- باوەڕ بوون بە دیموکراتیکی راستەوخۆو سیستمی خۆبەڕێوەەریی.”

ئەم بنەمایەش تەواو پێچەوانەی سیستەمی بوونی ئەدمینەکانە و بە کۆڕ و کۆمەڵی خۆجێی پەیوەستە،  چونکە لەنێو جیهانی ناکەتواریی گروپ و پەیجی تۆڕە ئینتەرنێتییەکان هەم دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ واتانابەخشێت و هەم نا-خۆبەڕێوەبەریی بوونی نییە و دروستکەرانی هەموو گروپ و پەیجێك بەخۆیان بەڕێوەبەر و سەرپەڕشتیکاری گروپ و پەیجەکانیانن. بەڵام بۆ ڕێکخستن و پێکهێنانی گروپ و هەروەزییە کەتوارییە کۆمەڵایەتییەکان جوانترین و هەرە پێویستترین بنەمایە.

“١٠- باوەڕ نەبوون بە ئایدیۆلۆژیاو هەموو ئەو بیرو فیکرانەی دەبنە مایەی کۆتکردنی مرۆڤ.”

بە بۆچوونی من، هەرچەندە من بە سەراپای بوونمەوە دژ و ڕەتکەرەوەی ئایدیۆلۆجیا و زۆبەری بابەتەکانم لەو بارەوەن، بەڵام لەنێو بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی و گروپ و ڕێکخراو و هەروەزییەکان ناکرێت و ناتوانرێت و دروستیش نییە، کە بڕوانەبوون بە ئایدیلۆجیا بکرێتە بنەما، چونکە پێویستە و دەبێت بەشداران ئازاد بن و بەو جۆرەی خۆیان دەخوازن، تەنیا مەرجێك یان بنمەمایەك ئەوەیە، کە بوارنادرێت بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی بە  دەستەگەریی ئایدیۆلۆجیی پارچە پارچە و دابەشبکرێت. بە واتایەکی دیکە مەرجی باوەڕنەبوون بە ئایدیۆلۆجیا بەسەر بەشداران ناسەپێندرێت، بەڵام مەرجی بەرگرتن بە ئایدیۆلۆجییکردنی بزووتنەوەکە دەبێت هەبێت و پێویستە.

” میکانیزمی خۆبەڕێوەبەرێتیی:  ١- دامەزراندنی هەرەوەزییەکان و کارکردن لە سنوری چالاکیی خۆیاندا، بە مەرجێک لە 2 کەس کەمتر نەبێت و بە ناوی هەرەوەزییەکەوە دەناسرێن. سنوری چالاکییەکانی تۆڕی هاوکاریی کۆمەڵایەتی، هەموو گوندو شاروچکەو شارەدێ و گەڕەک و شارێک دەگرێتەوە.  ٢- بە هەر ١٠ هەرەوەزیی، لە سنورێکی جوگرافیی، یان لە جۆرێکی پیشەیی هاوبەشدا سەندیکا پێک دەهێنن.
٣- بە هەر ١٠ سەندیکا فیدراسیۆنێک پێک دەهێنن.. هەماهەنگیی فیدراسیۆنەکان ئازادانە دەبێت. “

بە تێگەییشتنی من و بۆچوونی من، ئەم سێ خاڵەش هەر بنەمان و میکانیزم نین، میکانیزمی کارکردن و خۆبەڕێوەبەریی دەکرێت شتی دیکە بێت. لەوانە کۆبوونەوەی گشتی، هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی ** و لەکارخستنی نوێنەرایەتی کەسێكی هەڵبژێردراو، ماوەی نێوان کۆبوونەوە گشتییەکان و پێداویستیی کۆبوونەوەی نائاسایی ئەگەر دانیشتووانی کۆڵان و گەڕەك، گوند یان کرێکارانی کارگەیەك، لکی کارخانەیەك، فەرمانبەرانی فەرمانگەیەك، مامۆستایان یان خوێندکارانی فێرگەیەك ئەوە بخوازن.

ئەگەر  لەو سەرنجەش بگوزەرێم هێشتا نادروستییەك لە خاڵی دووەم و سێیەم دەبینم، کە دیاریکردنی هەژماری خوازراوی هەرەوەزییەکانە، چونکە ئەگەر لە ناوچەیەك یان هەرێمێك ئەو ژمارە نەبێت، کەواتە مافی پێکهێنانی سەندیکایەك بۆ ئەوان نییە. ئەی ئەگەر لە هەرێمێك هەژماری سەندیکاکان کەمتر لەو هەژمارە خوازراوە بێت، کەوایە دیسانەوە ئەوانیش مافی پێکهێنانی فێدراسیۆنێکیان نابێت .

لێرەدا پرسیارێکی زۆر گرنگ سەرهەڵدەدات، ئەوانە کێن کە ئەو بنەمایانە بۆ هەرەوەزییەکان و سەندیکاکان و فێدراسیۆنەکان دیاریدەکەن، لە کاتێکدا کە نە هەرەوەزییەکی بەرهەمهێن و نە هەرەوەزییەکی خۆکۆمەکیی و نە سەندیکا و نە فێدراسیۆنێك لە ئارادا نییە و ئەوی هەیە، تەنیا پاگەندەکردنە بۆ پێکهێنانی ئەو ڕێکخستنانە. ئایا ئەوە بڕیاردان نییە لە سەرووی ویستی کەسەکان و بەناوی ئەوانەوە؟ ئایا ئەوە چوارچێوەسازیی ئایدیۆلۆجیی نییە بۆ بزووتنەوەکان؟ ئایا ئەوە دروستکردنی و داڕشتنی کڵێشەی پارتییەکی تازە نییە؟

بە دیتنی من و زانیاریی من لە ئەزموونەکانی ڕابوردوو، پێداویستیی هەروەزیی و سەندیکا و فێدراسیۆن و کۆنفێدراسیۆن هەبوون و سەرهەڵدانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکەیە؛ کاتێك کە سەندیکایەك یا چەند سەندیکایەك هەبن، خۆبەخۆ پێداویستی یەکگرتنی ئەوان بنەمای یەکگرتنەوەیان لەنێو ڕێخکراوێکی ناوچەیی، هەرێمیی و سەرتاسەری دەسەپێنێت. نەك پێچەوانەکەی گروپ و هەروەزیی و بوونیان نەبێت و چوارچێوەیان بۆ دابڕێژرێت. ئەمە ئەو شتەمان بیردەخاتەوە، کە جارێکیان کابرایەك لە مامۆستا گۆرانی هۆنەر دەپرسێت “مامۆستا ئەگەر کوڕێکم هەبێت، بیهێنم تۆ لە فێرگە وەریدەگریت؟ ” مامۆستا گۆران بەو جۆرە وەڵامدەداتەوە “جارێ تۆ بڕۆ کوڕەکە دروستبکە، ئینجا وەرە لای من ناوی تۆماربکە”..

” بەرنامەی کاری هاوبەش:    ١- هەنگاونانی خێرا بۆ فراوانکردنەوەی هەرەوەزییەکان، بە کارکردن لەناو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا.”

مەبەست لە کارکردن لەنێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ چییە؟ بڕیارە کێ ئەو کارەبکات، ئایا منی بێکار دەتوانم لەنێو خوێندکاران چالاکیبکەم و ئەوان ڕێکبخەم و بە ئەوان هوشیاری ببەخشم، ئایا منی خوێنکار دەتوانم لەنێو کرێکاران چالاکیبکەم و ئەوان رێکبخەم و بە ئەوان هوشیاریی ببەخشم و بەو جۆرە تا دەگاتە نێو چینی بۆرجوازی  و توێژی دەسەڵاتداران، کە ” هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە” ئەوانیش دەگرێتەوە.  جارێکی دیکە، کێن ئەوانەی کە بە ” بە هەنگاونانی خێرا و کارکردن لەناو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەدا هەرەوەزییەکان فراواندەکەنەوە ” ؟ ئایا ئەو دەستە نادیارە جۆرێك لە دەستەبژێری ئاراستەکەر و پارتییەکی ڕانەگەیێندراو نییە؟

“٣- کارکردن و پێکهێنانی هەرەوەزیی لەناو فەرمانگەو خوێندنگەکان، بە سەپاندنی دیموکراتی ڕاستەوخۆ.”

بە دیتنی من چالاکیکردن و هەوڵدان بۆ پێکهێنانی هەرەوەزییەکان لە هەر شوێنێك کارێکی زۆر گرنگ و باشە، بەڵام بەبێ ” بە سەپاندنی دیموکراتی ڕاستەوخۆ “. چونکە سەپاندن واتە دیکتاتۆریی، سەپاندن واتە سەندنەوەی هەموو مافێك لە کەسەکانی ئەو شوێنە، سەپاندن واتە ناچارکردن، سەپاندن واتە چەپاندن، سەپاندن واتە پێشێلکردنی هەموو ماف و ئازادییەك و سەپاندن ڕەتکەرەوەی یەکجارەکی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆیە و دێمۆکراسیی ڕاستەوخۆش واتە ڕەتکردنەوەی هەموو ئەو سیستەمانەی [ڕەگەزسالاریی، نەژادسالاریی، نەتەوەسالاریی، ئێتن-سالاریی، ئایینسالاریی، دەستەبژێرسالاریی، پارتییسالاریی، جەنەڕالسالایی،  پاشاسالاریی  و پارلەمانسلارایی و فەرماندارسالاریی و دەوڵەتسالاریی] کە سەپێندراون و لە دەرەوەی خواست و ویستی کەسانی ژێردەستەوەن. لەبەرئەوە من ناتوانم و نازانم چۆن لە بەکاربردنی واژەی سەپاندن بۆ جێگیرکردنی دێمۆکراسی ڕاستەوخۆ تێبگەم.

“٥- دەستخستنی داراییەک لە ناوخۆی تۆڕەکەدا بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکی داهاتوو، بە وەگەڕخستنی پرۆژەی بچوک لە شوێنە جیاوازەکاندا.”

بێجگە لە ئەوە کە هێشتا سنووری نێوان گروپ و پەیجی ئینتەرنێتیی و گروپ و هەروەزیی کۆمەڵایەتیی ناڕۆشنە و

لێرەدا بێجگە لە ئابوونەی ئەندامەتیی کەسەکان لەنێو هەرەوەزیی و سەندیکا و فێدراسیۆنەکان و ئینجا تۆڕەکەش وەك پارتییەك لە سەرووی گشت ئەوانەوە، ناتوانم هیچی دیکە وێنابکەم. بەبۆچوونی من، لە سەردەمێکدا کە خەڵك نانی نییە بخوات، مەرجکردنی ئابوونە و هەر ئاوا لەنێو کۆمەڵێك، کە پارتییایەتی و فەرمانداریی و دەوڵەت و نەزمی نوێی بازار بە هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و دروستکردنی گومان و نەهێشتنی متمانە، توانیوویانە گەندەڵیی کۆمەڵایەتیی بکەنەوە، دەستبردن و ناوهێنانی پیتاك و ئابوونە و سندوقی مالی دەتوانێت هەڵەیەکی گەورە و زەمینەسازییەك بێت بۆ تۆمەت و پیلانی پارتییەکان و فەرمانداریی و دەوڵەت و دەست و پەیوەندەکانیان دژی بزووتنەوەی هەرەوەزییە کۆمەڵایەتییەکان و تەکاندنەوە و نائومێدکردنی کەسەکان. لەو بارەوە پێویستە بۆ دابینکردنی خەرجی هاتوچۆ و گرتنی هۆڵ و قاوەخانە و …تد هەموو جارێك پێش گەشتکردنی چالاکەکە بۆ کۆڕێك یان کۆبوونەوەیەك، ئەوانی دیکە بۆ خۆبەخشانە کۆمەککردن بۆ دابینکردنی خەرجی هاتوچۆ و پێداویستییەکانی دیکە بانگەوازبکرێن و بڕێك کە کۆدەبێتەوە لە کۆتایی کۆڕ یان کۆبوونەوەکە ڕابگەیێنرێت، ئەوەی لێرەدا من وەك نموونە و پێشنیارێك دەیهێنمەوە، ئەزموونێکە کە من لەنێو کۆڕ و کۆمەڵی چالاکە ئەوروپییەکان فێریبووم.

بە کورتی سەراپای ئەو ڕاگەیاندنە تێکەڵوپێکەڵییەکی زۆری هەیە و بنەما کراوە بە میکانیزم و دواتر بەرنامە کە دیسانەوە هەر کۆمەڵێك بنەمان و تەنیا خاڵی سێیەم و و پێنجەم  دەچنە خانەی بەرنامەکار و ئەوانی دیکە بنەمای کارن، تێکەڵوپێکەڵ کراون.

بێجگە لەوەش، ئەو خاڵانەی کە لەنێو ئەم ڕاگەیێندراوە ڕیزکراون، پەیوەندییان بە کاری پاگەندەی ئینتەنێتی و تەنانەت گروپی پاگەندەی خۆجێیشەوە نییە. هەر ئاوا لیستی ئەو ناوانەی کە ڕۆژی ٢٣ی سێپتەمبەری ٢٠١٦ سات ٨:٢٩ خولەك بڵاوکراونەتەوە، زیاتر کۆمەڵەی دەستەبژێری توێژەکانن و هەندێکیان هیچ واتایەکیان نییە و تەنانەت لەنێو ژیانی کەتواریی خەڵك واتانابەخشن لەوانە ” هەرەوەزی ئەندازیارانی شارستانی ” ئەی (هەرەوەزیی ئەندازیارانی ناشارستانی) چی، ئایا ئەوە هەڵاواردن و سووکایەتی نییە؟  ” هەرەوەزی کچانی رۆشنبیر/ کەرکوک ” ئەی (هەرەوەزیی کچانی ناڕۆشبیر) چی، ئایا ئەوە هەڵاواردن و سووکایەتیکردن نییە؟  ئایا ئەوانە هەرەوەزین یان کۆمەڵە و ڕێکخراو و دەستە؟ ئایا ئەو هەرەوەزییانە چ وەك بەرهەمهێنان و چ وەك خۆکۆمەکیی بوونیان هەیە، ئەگەر وەڵام ئەرێییە، بەرهەمەکانیان چین، کۆمەکەکان چین و چۆن و لە چی ئاستێك ئاڵووێردەکرێن و تاکو چ ڕادەیەك توانیوویانە هاریکاریی کۆمەڵایەتیی بکەنە ئەڵتەرناتیڤی کەتواریی نێو  ژیانی ڕۆژانەی بەشدارانی ئەو هەرەوەزییانە؟

خاڵێك یان سەرنجێك کە ناتوانم بەسەری بگوزەرێم و خۆم لابدەم ئەوەیە، ئایا لەنێو کۆبوونەوەکەی ڕۆژی ٣٠ی سێپتەمبەری ٢٠١٦ ئەو خاڵانە شرۆڤەکراون و دەنگدان / ڕێکەوتن و ئەنجامگیریی کراون؟ ئایا نوێنەرانی بەشداربوونی هەرەوەزییەکان لەنێو ئەو کۆبوونەوە کورتەیەك لەبارەی پرۆژەی هەرەوەزیی و ئامانج و ئاستی گەشەکردن و پێشوازیی خەڵك لە هەرەوەزییەکە و ئەزموونەکانی چالاکی و کارە نێوخۆییەکانی هەرەوەزییەکان پێشکەشکراوە و لەتەك گروپ و هەرەوەزییەکانی دیکە زانیاریی و ئەزموونەکانیان ئاڵووێرکراون؟ ئایا تۆڕی ڕێکخستنی پەیوەندی نێوانیان ڕێکخراوە؟ ئایا پەیرەوی نێوخۆی خۆیان ڕاگەیاندووە؟ ئایا ژمارەی ئەندامانی خۆیان ڕاگەیاندووە؟ ئایا بە شێوازی کۆبوونەوە و هەڵبژاردنی دەستەی سەرپەرشتی یان نوێنەرایەتی خۆیان ئاماژەیانداوە؟

بەداخەوە لەنێو خاڵی بنەماکان و میکانیزم و بەرنامەی کار بە هەموو شێوەیەك تارمایی سەرپەرشتیاکارنی تۆڕەکە وەك پێکهایەتیەکی قووچکەیی و نێوەندیی سەرەتاتکێدەکات؛ ئایا گروپ و هەرەوەزیی و سەندیکا و فێدراسێۆنەکان بێجگە لە ئەرك لە بەرانبەر سەرەوەی تۆڕەکە، هیچ مافێکیان هەیە؛ ئەگەر هەیانە کامانەن و بۆچی بەو مافانە ئاماژەنەدراوە؛ بۆ نموونە ئەگەر نوێنەرانی گروپ و هەرەوەزییەکان لەنێو سەندیکاکان و نوێنەری سەندیکاکان لەنێو فێدراسیۆنەکان پێچەوانەی هەڵبژێرەران و نێرەران جوڵانەوە یان سەرپەرشتیکارانی سەرەوەی تۆڕەکە پێچەوانەی خوارەوە جوڵانەوە چی؟ هەرەوەزییەکان، سەندیکاکان، فێدراسیۆنەکان، چی مافێکیان هەیە و دەتوانن چی بکەن و بە چی میکانیزمێك لەو شتانە ڕێگرییدەکەن؟

وێڕای ئەم سەرنجانە و ناڕۆشنییەك کە هێشتا لەلای من نەڕەویوەتەوە، دەستی یەك بە یەکی چالاکانی بزووتنەوەی هەرەوەزییە کۆمەڵایەتییەکان دەگوشم و هیوادارم هەنگاو بە هەنگاو لە نێوەندییبوونەوە و سەرهەڵدانی ڕێکخستنی قووچکەیی و بەرتەرییخوازیی و ناوبانگخوازیی و ئۆتۆریتەگەریی کەسەکان ڕێگرییبکەن و هاوکات ئەڵتەرناتیڤ و بنەما و میکانیزم و شێوازە گونجاوەکانی تێکۆشانی جەماوەریی و کۆمەڵایەتیی بۆ خۆیان بدۆزنەوە و لە ئەزموونی دەوروبەر کەڵکوەربگرن و هەرەوەزییەکان و گروپە خۆجێی و ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان ببنە فێرگەی هوشیاربوونەوەی چەوساوان [نەداران و بێدەسەڵاتان]، ببنە ئامراز و مەیدانی تێکۆشانی ڕۆژانەی جەماوەریی و ببنە ئەڵتەرناتیڤ بۆ ڕێکخستن و خۆبەڕێوەبەریی کۆمەڵایەتیی.

* https://www.facebook.com/toribnaratyi1

 https://www.facebook.com/toribnaratyi

** بەداخەوە لە زمانی کوردیی دوو شت (نوێنەر/نوێنەرایەتی) کە هەڵبژێردراوی کاتیی نێو کۆبوونەوەی گشتی کۆڕ و کۆمەڵەیەکە بۆ ئەرکێکی دیاریکراو لەتەك (جێگر/جێگرایەتی) کە هەڵبژێردراوی هەمیشەیی/چوار ساڵ جارێکی دەنگدانی پارلەمانییە و هەڵبژێرەران مافی دیاریکردنی ئەرکەکانی ئەویان نییە و ئەوە پارتیی و لیستەکەی ئەوە کە ماف و ئەرك و ئامانجەکانی ئەو دیاریدەکات و زۆربەی کات ڕۆڵی هەڵبژێردراوی پارلەمانی لۆبیکردنە بۆ کۆمپانییەکان و پێش هەڵبژاردنیش هەر کۆمپانییەکان بە ئامانجی مسۆگەرکردنی بەرژەوەندیی خۆیان خەرك و ئەرکی بانگەوازی هەڵبژاردن و  بە دەسەلاتگەییشتنی ئەوان لە ئەستۆدەگرن، لەو بارەوە باشترین نموونە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەوڵەتی ئەمەریکا و پارلەمانەکانی ئەوروپایە تا دەگاتە هەرێمی کوردستان.

2014 in review

The WordPress.com stats helper monkeys prepared a 2014 annual report for this blog.

Here’s an excerpt:

A San Francisco cable car holds 60 people. This blog was viewed about 1,400 times in 2014. If it were a cable car, it would take about 23 trips to carry that many people.

Click here to see the complete report.