خه‌می نان و خه‌ونی ئازادی * http://hejeen.wordpress.com

ئازادی به‌بێ یه‌کسانی به‌هره‌کێشییه‌، یه‌کسانیش به‌بێ ئازادی کۆیله‌تی

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان – ٧

نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی وەڵامه‌كان

ئەگەر پێمانوابێت، وەڵامەكانی ئێمە تەواو و دوا دەركی مرۆڤایەتین، ئەوا خەریكین لە خۆمان بتێك سازدەكەین. ھەروەھا ئەگەر پێمانوابێت، ئەو سیستەمی ڕێكخستنەی كۆمەڵگە، كە ئێمە خەباتی بۆ دەكەین، دوایین چاوەڕوانی و گەشەیەكە، كە مرۆڤایەتی پێیدەگات، ئەوا دیسانەوە خەریكین پووچگەراییەكی دی لە تەپوتۆزی پۆوچگەراییەكانی دیكە، چێدەكەینەوە. سۆشیالیزم بەھەشتێك نییە لە ئاسمانەكانەوە دایگرین و لە پەڕاوی ئەفسانەكاندا بیدۆزینەوە و مۆدێرنیزەی بكەین، سۆشیالیزم خەونی مرۆڤی زیندووە و بە پراكتیكی شۆڕشگێڕانە كەتواریی دەبێتەوە و سەركەوتنیشی لە كولتووربوویندا دەبێت، بەبێ ئەوە، لە خەیاڵی گۆشەگیرانە و فەنتازی ئایدیالیستانە بەولاوەتر نابێت.

هەژێن

بەشی حەوتەم

 

مه‌سه‌له‌ی حیجاب و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامییه‌كان، ئێوه‌ كه‌متر قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن؟

سەرپۆش و جۆرەكانی پۆشاك، پەیوەندییان بە حەز و خواست و ویستی تاكەكانەوە هەیە، من كوێخای هیچ كەس نیم و مافی ئەوەم نییە، کە بە كەس بڵێم سەرت داپۆشە یا سەرپۆشەكەت فڕێدە، بەڵام كاتێك كە كەسێك یا گروپێك یا دەسەڵاتێك بیەوێت بەسەر كەسێك یا بەشێكی كۆمەڵگەدا پۆشینی پۆشاك یا نەپۆشینی بسەپینێت، وەك ھەر سەركوتگەرییەكی دیكەی سەروەران، سەرسەختانە دژایەتییدەكەم. هەروەها من لەو بڕوایەدام سەرپۆشین و نەپۆشین ناتوانن بننە پێوانەی ئازادی و ئازادیخوازیی كەسێك. دەكرێت ژنێك چ بە زۆر و یا بە ئارەزووی خۆی سەرپۆش لەسەری بپێچێت و ڕادیكالترین ئازادیخواز بێت، هەروا بۆی هەیە ژنێك چ بە خواستی خۆی و چ بە زۆر خۆی ڕووتبكاتەوە و كۆنەپەرسترین كەس بێت. لێرەدا دوو نموونە بۆ سەلماندنی بۆچوونەكەم دەهێنمەوە:

یەكەم، ژنانی یەمەن و میسر و تونس و سوریە دەكەمە نموونە، كە لە ڕاپەڕینەكاندا بەشدارییان دەكرد و مۆتۆری بزووتن و ڕادیكاڵبوونی ڕاپەڕینەكان بوون. ئەگەر سەرنجی دروشمەكانی ژنانی بەسەرپۆشی یەمەن و پیاوانی بێسەرپۆشی ئەو وڵاتە بدەین، دەبینن ڕادیكالیزم و ئامادەیی شۆڕشگێرانەی ژنان زۆر لە پیاوان زیاتر بوو و بگرە لە ژنانی بێسەرپۆش شۆڕشگێڕانەتر لەسەر شەقامەکان بوون. هەڵبەتە لەبەرئەوە نا، کە سەرپۆشیان بەسەرەوە بوو، بەڵکو لەبەرئەوەی بەزۆری ژنانی زەحمەتکێشی چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگە بوون. بەڵام لە بەرامبەردا ژنانی خوێندوار و پلەدار، کە بێسەرپۆشن، وەك سروشتی چین و توێژەکەیان پارێزگار و دوورەپەرێز و نادەربەست بوون. لەم بارەوە، بڕواناکەم وێنەی ژنانی چادرپۆشی یەمەن، کە چەند ڕۆژێك بەردەم زیندانی پایتەختی ئەو وڵاتەیان گرتبوو، تاوەکو هاوڕەگەزە ژورنالیستەکەیان لەو زیندانەدا ڕزگاربکەن، بە ئاسانی لە هۆشی زۆرینەماندا سڕدرابێتەوە.

دووەم، ئەگەر خۆڕووتكردنەوە پێوەری ئازادیخوازیی بووایە، بەو جۆرەی کە چەپەكان و هەندێك لە ناسیونالیستەكان پاگەندەی دەكەن و وێنەی ژنانی سفوری جاران وەك پێشکەوتن بە بەراوردی ئێستای کۆمەڵگە دەخەنەڕوو، دەبوو ژنانی سێکسفرۆشخانەكان ئازادیخوازترین و پێشڕوانی بزاڤی یەكسانی و ژن و پیاو بووایەن، بەڵام بەپێچەوانەوە لە بارەی ماف و ئازادی و خۆڕزگارییەوە، کەمدەرکترین توێژی ژنان پێکدەهێنن و خوارتر لەو ئاستە تەماشای خۆیان دەکەن، کە ئایینیەکان بۆیان دیاریکردوون. ئەگەر ژنانی سەرپۆشپۆشی ئاییندار تا ئاستی دارایی پیاوەکەی خۆی کەم ببینێت، ئەوا ژنانی هەردەم ڕووتەڵەی سێکسفرۆشخانە و ڕابواردنگەکانی دیکە، تا ئاستی کاڵابوونی هەر ڕۆژە لە بازاردا کێبڕکێی خستنەڕووی خۆیان وەك کاڵای خوازراوی پیاوان و هەراجخانە، خۆیان کەمتر تەماشادەکەن و دەنوێنن.

لەبەرئەوە، من ھەر ئاوا كە لە بڕیاری سەپاندنی ڕووپۆشدا فاشیزمی مەزھەبییانەی پیاوان دەبینم، ھەر ئاواش لە بڕیاری قەدەخەكردنی ڕووپۆشدا، فاشیزمی سێكیولاریستەکان دەبینم. ھەر دوو بەرەکە خەریكن لە سەرووی ویست و ئازادی تاكەوە بڕیاردەدەن و حەزە مەزھەبییەكانیان گشتگیردەكەنەوە، لەبەرئەوە ھیچ جیاوازییەك لەنێوان سووكایەتی دەمھەراشێكی ئیسلامیست بە ژنانی خۆنەپۆش و سووكایەتی دەمھەراشێكی ناسیونالیست و سكیولاریست بە ژنانی خۆپۆش نییە و ھەردووكیان دوو دیوی یەك ئایدیای فاشیستین؛ بڕیاردانی ڕامیاران لە سەرووی ویستی تاکەوە !

لە بارەی بەشی دووەمی پرسیارەكەوە [دەسەڵاتی ئیسلامییەكان]، ئەناركییەكان نەك هەر دەسەڵاتی ئیسلامییەكان ڕەتدەكەنەوە، بەڵکو مافی دەسەڵاتداربوون بە خۆیان و بە كەسی دیكەش نادەن و دژایەتی هەموو دەسەڵاتێك دەكەن، چ دەسەڵاتی مزگەوت و كەنیسە و كلیسا و تێمپڵەكان بێت یا دەسەڵاتی پارلەمانتارەكان و فیلۆسۆفەكان بێت. چونكە دەسەڵاتی سەرووخەڵكی ھی ھەر كەس و لایەنێك بێت، ھەر خزمەت بە بەرژەوەندی چینێكی باڵادەستی ئابووریی و كۆمەڵایەتی دەكات و ئیسلامیش وەك مەزھەب، ئایدیۆلۆجیای سەروەری چینایەتەییە !

ئەگەر مەبەستیش لە كەمی بەكاربردنی واژەی ئیسلامی و “حیجاب” بێت، ئەوا هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە ئەنارکییەکان دژی هەموو سەپاندنێکن بەسەر تاکەکەسدا و ئازادی تاك بە بنەمای ئازادی کۆمەڵگە دەزانن و ئازادی تاکیش تەنیا لە فڕێدانی سەرپۆشدا کورتناکەنەوە، بەڵکو فراوانتر و واوەتر لە تێڕانینی چەپەکان و دەوڵەتگەرا بەناو سۆشیالیستەکان، هەموو پرسێکی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگە بە ئازادی و ئازادبوونی تاکەوە دەبەستنەوە و کۆمەڵگەی ئازاد تەنیا لە ئازادی هەموو تاکەکاندا وێنادەکەن؛ ئازادی بەواتای سەربەخۆبوونی ئابووریی و ڕامیاریی و کولتووریی و کۆمەڵایەتیی تاك. ئەنارکییەکان قسە لە ڕەتكردنەوەی دەسەڵاتی چینایەتی دەكەن، كە هەم دەسەڵاتی ئیسلامییەكان و هەم دەسەڵاتی پارلەمانی دەستەبژێر و تەكنۆكراتەكان و هەم دەسەڵاتی پارتە پێشڕەوە كۆمونیستەكانیش دەگرێتەوە. ئاوا كە لە جیاتی دەستەواژەی فەرمانداریی [حكومەتی] “ناسیونالیستی” و “قەومی و “عەشیرەتی”، دەستەواژەی دەسەڵات و فەرمانداریی بۆجوازی بەكاردەبەن، هەر ئاواش لە جیاتی دەسەڵاتی ئیسلامییەكان، دەسەڵاتی بۆرجوازی و چینایەتی بەكاردەبەن.

جیاوازییەکە لەوەدایە، کە تۆ لە ڕوانگەیەکی چەپییەوە، ڕەتکردنەوەی دەسەڵات و فەرمانداریی و دەوڵەتی ئیسلامی و جێگرتنەوەی بە دەسەڵات و فەرمانداریی و دەوڵەتی پارتە چەپەکان بە سۆشیالیزم ببینیت، ئەمەش بەو سەرەنجامەت دەگەیێنێت، کە دروشمی نەهێشتن و قەدەخەکردنی سەرپۆش و جێگرتنەوەی فەرمانداریی ئیسلامی بە فەرمانداریی سێکیولاریستی، بە شۆڕش و گۆڕانی شۆڕشگێڕانە بزانیت. ئەمەش بۆخۆی ڕێگرێکی گەورەیە لەبەردەم دیتنی ئەو دیوی دروشمە بریقەدارەکان، کە فاشیستیبوونی سەپاندنی سەرپۆش و قەدەخەکردنی سەرپۆش و یەکیبوونی نێوەڕۆکی چینایەتی دەسەڵات و فەرمانداریی و دەوڵەتی ئایینی و سێکیولاریستییە و واوەتر لەوەش، ئەوەیە کە دەوڵەتی سێکیولایستی بریتییە لە یاساییکردن و دونیاییکردنی سێکوچکەی دەسەڵاتی (خوا – کەنیسە – پاشا)، نەك جیاکردنەوەی ئایین لە بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگە، وەك ئەوەی چەپەکان پاگەندەی بۆ دەکەن.

ئه‌و ڕێكخراوانه‌ی كه‌ تۆ باسییان ده‌كه‌ی، چ زه‌مانه‌تێك هه‌یه‌ كه‌ به‌ ده‌ردی ئه‌وانه‌ی پێشتر نه‌چن؟

پرسیارێكی گەلێك دروست و هەردەم پێویست و بەجێیە، چونكە بەتەنیا جیاوازبوون بەناو و پاگەندەکردنی شتەکان، ناکاتە جیاوازی لە میكانیزمی کار و شێوازی ڕێكخستندا، بەڵكو ئامادەیی خۆهوشیاریی و خۆچالاکی و خۆێکخەریی ئەندامانی ئەو ڕێكخراوانە دەبێتە مسۆگەرگەری ئەوەی كە ئەو ڕێكخراوانە وەك ڕێكخراوە قوچكەییەكان، لەلایەن كەمایەتییەكی بەتوانا و دەستەمۆگەرەوە, دەستەمۆ و كۆنترڵنەكرێن. ئەمە بەواتای پێویستی پێداگرتن لەسەر ڕۆڵی چارەنووسسازانەی میکانیزمەکانی خۆڕێکخستن و شێوازی خۆچالاکی و خۆکارایی گشت ئەندامانی پێکهێنەری ڕێکخراوەکە دێت، بەوەی کە ڕێکخراوەکان لە جیاتی پشتبەستن بە بڕیاری سەرەوە و نێوەندیی کار، بەکۆ-هەڵسەنگاندن و بەکۆ-بڕیاردان و بەکۆ-جێبەجێکردن لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا دەکەنە میکانیزمی بەرگرتن لە خۆسەپاندن و فەرماندان و زاڵبوونی دەستەبژێرە ڕامیارپیشەکان.

وەک دەزانین، هەموو ڕێکخستێکی ئایدیۆلۆجی و ڕامیاریی لەسەر ئەو بنەمایەی، کە هۆش/ تیئۆری بە هۆکار و دروستکەری بزووتنەوەکان دەبینێت، خۆبەخۆ پێویستی بە نێوەندگەرایی بۆ ڕێکخستن و کارکردن و بڕیاردان و جێبەجێکردنی کاروبارە پارتییەکانی هەیە، نێوەندگەراییەش پێویستی بە شوانە/ ڕابەر لە لووتکەدا هەیە و شوانەش پێویستی بە کۆمەڵە پاشڕەو و ملکەچێکی زمانلوس و فریودەر بۆ ڕاگرتنی خۆشباوەڕان هەیە. بە هەمان شێوەش ڕێکخراوە بەناو جەماوەرییە پاشکۆکانی دەوڵەت و پارت خۆبەخۆ کۆپیکردنەوەی هەمان پێکهاتەی قووچکەیی و ڕێکخستنی سەروخوار و پلەبەندیی کاروبارەکان و چالاکییەکان و بریارەکان دەبن، کە لە سەردەمی سەرهەڵدانی پارتی سۆشیالدێمۆکراتی ئاڵمانەوە تا سەردەمی بۆلشەڤیکەکان و تا ئەم سەردەمەی پارتە حیکمەتیستەکانی ئێران و عیراق، هەر هەوڵ و بزووتنەوە و ڕێکخراوێك، کە لەبەر نائامادەیی خۆهوشیاریی ئەندامان و خۆکارایی چالاکانی ڕەدووی پارتە ڕامیارەکانکەوتبێت، ئەوا هەنگاو بە هەنگاو لاوازبوون و دەستەمۆبوونی لەلایەن پارت و ڕێکخراوە ڕامیارییەکانەوە تەشەنەپێدراوە و دواجار وەك هەر شانەیەك یا کۆمیتەیەکی پارتیی دەستیبەسەرداگیراوە و وەك ئامراز بۆ بەدیهێنانی داخوازیی و حەزەکانی دەستەی سەروەرانی پارت [نووسینگەی ڕامیاریی، کۆمیتەی نێوەندی و کۆمیتەی ڕێکخستن و لێژنە خۆجێیەکانی پارت] بەکاربراوە و دەبرێن. لەم بارەوە نموونە زۆرن، هەر لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابوردووەوە لە سایەی زاڵبوونی ڕامیارییەکانی (حشع)دا تا دەهەی نەوەدی سەدەی ڕابوردوو لە سایەی زاڵىوونی ڕامیارییەکانی ڕەوتی کۆمونیزمی کارگەرییی، بینەری چەندین بزووتنەوەی جەماوەریی و کۆمەڵایەتی بووین، کە بە هۆی هەژموونی ئەو دوو ڕەوتەوە لەباربراون و خەسێندراون و دواجار لەتەك تێكشکانی خۆیان، ڕێکخراوە جەماوەرییەکانیشیان بەرەو تێكشکان بردوون.

ڕێکخراوەی خۆبەخۆیی جەماوەریی وەك سروشتیترین یەکێتی چینایەتی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان، هەردەم لە بەرامبەر هەوڵی دەستەمۆکارانەی پارتەکان و کەس و دەستەبژێرە ڕامیارەکاندا کاردانەوەیان نیشانداوە و یەکەمین هەنگاوی ئەو کاردانەوەیە ئەوە بووە، کە سەربەخۆیی چینایەتی خۆی لە هەژموونی دەسەڵات و ڕیفۆرمیزم بپارێزێت و هاوکات بە دەرککردنی ئامانج و پەیبردن بە هاندەرەکانی هەوڵی خۆتێهەڵقورتاندنی پارت و ڕێکخراوە ڕامیارییەکان لە خەباتی جەماوەرییدا بۆ بە ڕامیارییکردنی خەباتە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکەی، خەباتکاران و چالاکانی خۆهوشیاری ڕێکخراوە جەماوەرییەکان هەوڵی دابڕاندن و دەستکۆتاکردنی ڕامیاران و پارتەکانیان داوە.

هەڵبەتە لەبەرئەوەی کە دەستەمۆبوون و پاشکۆبوون و سازشکاریی تەنیا زەمینە یا هۆکاری دەرەکییان نەبووە، پرسەکە لێرەدا و بەم دوو بەرگرتنە کۆتایینەهاتووە، چونکە خودی تاکە ڕێکخراوەکانی نێو ئەو ڕێکخراوانە وەك هەر تاکێکی دیکە لە سیستەم و ڕێکخستنی پێکهاتە قووچکەییەکاندا پەروەردەبووە، ئەمە بۆ خۆی دروستکەری زەمینەی نێوخۆیییە بۆ سەرهەڵدانی هەمان ئاراستە و هەژموون. ئەم هۆکارە سەرنجی چالاکان و خەباتکارانی ڕێکخراوەکانی بۆ بەرگرتن بە هەژموونی دەسەڵات و پارتەکان لەو ڕێگەیەوە ڕاکێشاوە و ناچار بە بیرکردنەوە لە هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە قووچکەییەکان و هێنانەئارای میکانیزمگەلێکی ڕێگر لە دروستبوونەوەی پلەبەندی و پێگەی سەر و خوار و ڕێکخستنی قووچکەیی، کردووە. هەر ئەم پێداویستییە بووە، کە لە بەرامبەر پابەندییی ئایدیۆلۆجی و هێڵی ڕامیارییدا، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەشی چینایەتی و داخوازییە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکان ڕێکخراوە سەربەخۆ جەماوەرییەکان پێکهێنراون و لە بەرامبەر کۆبوونەوەی داخراوی نوێنەران و سەرۆکانی ڕێکخراوەکاندا، کۆبوونەوەی گشتیی گشت ئەندامان، لە بەرامبەر ڕێکخستنی قووچکەیی سەرکردایەتی و نێوەندی و سەرۆکایەتیدا، ڕێکخستنی ئاسۆیی لك و بەش و کۆڕ و کۆمەڵەکان و یەکگرتنەوەیان لەسەر بنەمای بەشداریی هەمووانی و دەنگدانی گشتی لەسەر پرسەکان لە کۆبوونەوەی گشتیدا پێشنیاربووە.

ئەم بنەمایانە دانراوی هیچ کەسێك نین، بەڵکو بەرەنجامی ئەزموونگیریی خەباتی چینایەتیی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکانن و ئەنارکیستەکانیش بە پێداگرتنەوە و پابەندیی لەسەر سەربەخۆیی خەباتی چینایەتی و ناسینی ئەو خەباتە بە تاقە سەنگەری شۆڕشی کۆمەڵایەتی چەوساوان، هەردەم پاگەندەی ئەم شێوازە لە ڕێکخستن [خۆڕێکخستنی چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان دوور لە دەستتیورانی ڕامیاران و پارتەکان و دەسەڵات]، بەکاربردنی ئەو میکانیزمانە لە خەبات و چالاکیدا [بڕیاردان لەسەر پرسەکان و چارەسەر و داخوازییەکان لە کۆبوونەوە گشتییەکاندا]، پێداگریی لە خەباتی ڕاستەوخۆ [مانگرتن و خۆنیشاندان و بایکۆتکردن و دەستبەسەرداگرتنی کتوپڕ و نایاسایی] و نانێوەندییانە [ناسێنتراڵییانە] بڕیاردان و چالاکی هەر بەش و لکێکی ڕێکخراوەکە یا فێدراسیۆن و کۆنفێدراسیۆنی ڕێکخراوەکان بە پەیڕوکردنی ئەم بنەمایە “خۆجێی چالاکی بکە و سەرتاسەریی و جیهانی بیربکەرەوە” ..تد دەکەن و بەوە لە ئاراستەکانی دیکەی نێو بزووتنەوەی سۆشیالیستی جیادەکرێنەوە، بەتایبەت لە دەوڵەتگەرا و دەسەڵاتخوازە بەناو سۆشیاکیستەکان !

ئەمە ئەو بنەمایانەن، کە ئەنارکییەکان پێداگرییان لەسەر دەکەن و بە بنەمای کاری ئەنارکۆسەندیکالیستی ناسراون. ئەگەر سەرنجبدەین، دەبینین، ئەو شێوازی ڕێکخستن و چالاکییە جەماوەرییەی کە لەسەرەوەدا هاتووە، خۆبەخۆ لە هەناوی خۆیدا هەڵگری میکانیزمەکانی بەرگرتن لە سەرهەڵدانەوەی پێکهاتەی چینایەتی [قووچکەیی] و دزەکردن و تەشەکردنی ڕیفۆرمیزم و بیرۆکراسی و هەلپەرستی دەستەبژێرییانەی ڕامیارییە. هەروەها ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان، تەنیا ئامرازی ئەنجامدانی چالاکی و دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەدەستهێنانی داخوازییەکی کاتیی نین، بەپێچەوانەوە یەکێکی دیکە لە جیاوازییە هەرە بنەرەتییەکانیان، ئەوەیە کە فێرگەی پەروەردەکردنی مرۆڤی نوێ [مرۆڤی سۆشیالیستی ئازادیخواز]ن، واتە ئەو ڕێکخراوانە ئامانجیان لە چاکردنی ژیانی ڕۆژانە و هەلومەرجەکانی کار واوەتر دەڕوات و ئاراستەیەکی شۆڕشگێرانەیان هەیە.

هەڵبەتە مسۆگەریی پابەندمانەوەی ئەو ڕێکخراوە بە سەربەخۆیی و خەباتی شۆڕشگێڕانەوە، پێش ئەوەی کۆمەلێك بنەما و میکانیزم دابینی بکەن، بە خۆبیرکردنەوە و خۆڕێکخستن و خۆچالاکی و خۆبڕیاردان و خۆخەمخۆریی ئەندامانییەوە پەیوەستە.

ئایا ئێوه‌ ده‌سه‌ڵاتی شوراییتان ناوێت، ئیدی جیاوازیاتن له‌گه‌ڵ كۆمۆنیسته‌كان چییه‌؟

لێردا بەر لەوەی بێڵم نەخێر، پێویستە ئەوە بڵێم، کە بەداخەوە لە بەدەسەڵاتگەییشتنی بۆلشەڤیكەكان بەم لاوە، ئەو دەستەواژەیە و ئەو چەمكە شێوێنراوە و لەتەك دەسەڵاتی نێوەندیی پارتە كۆمونیستەكان و پێكهاتەی هیرارشیانەی دەسەڵاتەكەیان یەكسانكراوە، ئەمە لەكاتێكدا کە سۆڤیێتەكانی ڕوسیا و كۆمونەكانی پاریس بۆ ئامانجێكی دیكە لەدایكبوون و زادەی پێگە و کەتوارێکی دیکەی تەواو جیاواز لە پارتایەتی و ئامانجە ڕامیارییەکان بوون. بەداخەوە هەر هەوڵێك بۆ پاڕاستنی ئەو ئامانجە لە پاش ساڵی ١٩١٨ەوە سەركوتكراوە و دیارترینی ئەو هەوڵانە بۆ خۆبەڕێوەرایەتی سۆڤیێتی، یاخیبوونی شۆڕشگێرانی كرۆنشتات و مانگرتنی كرێكارانی پترۆگراد بوو لە ساڵی ١٩٢١دا، كە لەلایەن بۆلشەڤیكەكانەوە خەڵتانی خوێنكران.

ئەگەر مەبەستی ئێوەش خۆبەڕێوەرایەتی سۆڤیێتە ئازادەكان بێت لەسەر بنەمای یەكگرتنی فیدراتیڤانە لە ئاستێكی فراوانتردا، ئەوا هیچ جیاوازی لەتەك خۆبەڕێوەرایەتی هەروەزەییە ئازادەكانی ئەناركییەكاندا نابێت و نەك ئەنارکییەکان دژایەتی ناكەن، بەڵكو پارێزگاریشی لێدەكەن. بەڵام ئەوەی كە بۆلشەڤیكەكان بەناوی سۆڤێتەكانەوە كردیان، لای من هیچ جیاوازی لەتەك سۆشیالیزمەكەی پارتی بەعسی عەرەبی عیراق یا سوریە نەبووە و نییە. بە بەڵگەشەوە بێجگە لەوەی کە بنەمای ئابووریی و ڕێکخستنی کۆمەڵگە و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان و شێوازی دابەشکردنی هەردووکیان هەر بە دارابوونی دەوڵەت و کرێگرتەیی چین و توێژە پرۆلیتێرەکان و جێگرتنەوەی دەسەڵاتداریی چینی بۆرجوازیی بووە لەلایەن پارتەوە، هەروەها وەك خۆم، کاتێك کە لەتەك کەسە بەتەمەنە ڕوسە کۆمونیستەکاندا قسەمکردووە و باسی سیستەمی ئابووریی و ڕۆڵێ دەوڵەت و شێوازی کار لە سایەی دەسەڵاتی بە‌‌عسدا کردووە، دەستبەچی گوتوویانە لەلای ئێمەش هەر ئاوابوو. من دەزانم ئەم ڕاستییە زۆر تاڵە و بۆ زۆڕێك لە کۆمونیستەکان بەتایبەت مارکسیست-لێنیستەکان بیستینی ئاساننییە و هەڵدەچن، بەڵام بەڵگە مێژوویییەکان دەیخەنەڕوو، کە لە ساڵی ١٩١٨ەوە کۆمیتەکانی کارخانە و سەندیکا کرێکارییە سەربەخۆکان و شوراکان کەنارەگیرکراون و باشترین نموونەش لە کاردانەوە و بەرەنگاریی سەرکوتکارییەکانی بۆلشەظیکەکان، مانگرتنەکانی کرێکارانی پترۆگراد و ڕاپەڕینەوەی شوراخوازەکانی کڕۆنشتات بوون، کە لەلایەن لەشکری سووری بۆلشەڤیکەکانەوە کۆمەڵکوژککران و لە زیندانەکان و ئوردووگەکانی کاری زۆرەمێکدا لەنێوبران.

هەڵبەتە گرفتەکە هەر لەوەدا نییە، کە بۆلشەڤیکەکان چی بوون و چییانکردووە، بەڵکو گرفتەکە لەوە واوەتر و گەورەترە، بەوەی هێشتا کەسانێك هەن، کە لەژێر دێوجامەی دەستەواژەی “دەسەڵاتی شورایی”، “حکومەتی کرێکاریی” و “دەوڵەتی سۆشیالیستیی”دا درێژە بە هەمان دژەشۆڕشییەك دەدەن، کە بۆلشەڤیکەکان لە ڕاپەڕینی ١٩١٧ و ڕووداوەکانی دواتردا گرتیانەبەر. ئەوەی کە ئامانجی بزووتنەوەی شورایی ١٩٠٥ تا ١٩٢١ بوو، دەسەڵات نەبوو بەناوی شوراکانەوە، رێکخستنی سێنترالیستییانەی کۆمەڵگە نەبوو بەناوی شوراکانەوە، بەڵکو “خۆبەڕێوەبەرایەتی شورایی” بوو لەلایەن شوراکانەوە و بەڕێوەبردنی هەر گوند و گەڕەك و شار و کارخانە و شوێنەکانی دیکە بوو لەلایەن شورای خۆیانەوە و یەکگرتنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەو شورایانە بوو لە ئاستێكی سەرتاسەرییدا، دوور لە دەستتێوەردانی پارت و ڕامیاران، واتە کۆمەڵایەتییکردنەوەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە. هەر ئەم بنەما و ئاسۆییە بوو، کە خەباتی هەرەوەزییەکانی ئۆکرانیا و مانگرتنەکانی کرێکارانی پترۆگراد و ڕاپەڕیوانی کڕۆنشتاتی پێکەوە گرێدەدایەوە. وەك دەبینیت، ئیدی جیاوازییەك لە نێوانیاندا لە ئارادا نییە، هەروەك چۆن لە سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژکردنیشیاندا لەلایەن بۆلشەڤیکەکانەوە بە فەرمانی لێنین و ترۆتسکی، هیچ جیاوازییەك نەبوو و نەکرا، کرێکارانی مانگرتووی پترۆگراد و ڕاپەڕینەوەی شوراکانی کڕۆنشتات و بەرەنگاریی هەرەوەزییەکانی ئۆکرانیا وەکو یەك کرانە داردەستی دوژمن و وەکو یەك لەلایەن لەشکری سوورەوە درانە بەر دەستڕێژی گوللەی پارتی پێشڕەو و فەرماندارییەکەی [حکومەتەکەی] !

چەوساوانی کۆمەڵگە [چین و توێژە پڕۆلیتێرەکان] هەوڵی قوتکردنەوەی دەسەڵات و فەرمانداریی و دەوڵەت بەناوی خۆیانەوە نادەن، چونکە هەم ئامانجی خەبات و شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکەیان لەنێوبردنی پێگەی ئابووریی و کۆمەڵایەتیی ژێردەستانەی خۆیانە وەك چینێکی کۆیلەکراو و هەم ئامانجیان کۆمەڵایەتییکردنەوەی بەرهەمهێنان و دابەشکردن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیە، واتە دابینکردنی یەکسانی دەسەڵات یا هەبوونی مافی بەشداری لە کاروبارە کۆمەلایەتییەکاندا بۆ هەموو دانیشتووان. وەها پرۆسێسێك پێویستی بە دەسەڵاتی سەرووخەڵکی، پێشڕەویی دەستەبژێڕی ڕامیار و پارتەکان، بە میراتبردنی فەرمانداریی و دەوڵەت لە بۆرجواکانەوە نییە، بەڵکو ڕێك بەپێچەوانەوە پێویستییان بە بەرەنگاریی هەر هەوڵێکە، کە دەخوازێت جێگەی بازاری ئازاد بە بازاری داخراو، دارایی تایبەت بە دارایی دەوڵەتی، فرەپارتیی بە تاکپارتیی، پارلەمان بە شورای نێوندیی پارت و ڕامیاران و تەکنۆکرات و بەڕێوەبەران، دیکتاتۆریی بۆرجوازیی بە دیکتاتۆریی پارتیی بەناوی پڕۆلیتاریاوە، بگرێتەوە !

لەبەرئەوە، ئەنارکیستەکان دژایەتی سەخت و بەردەوامی ئەو پاگەندە دەسەڵاتخواز و ڕامیارییانە دەکەن، کە بەناوی شورا و کۆمون و کۆمونیزمەوە دەخوازن کۆمەڵگەی چینایەتی لەسەر مۆدێلێکی دیکەی ڕێکخستنی چینایەتی ڕێکبخەنەوە، بۆ ئەو مەبەستە دژایەتی هەموو هەوڵێکی نێوندگەرایانە و هەموو ڕێکخستنێکی و قووچکەییانە دەکەن و ئەو دژایەتییە بە بەشێك لە خەبات دژی سیستەم و سەروەریی چێنایەتی دەزانن.

***********************************************************
بۆ خوێندنەوەی بەشی یەكەم، كرتە لەسەر ئەم بەستەرەی خوارەوە بكە
بەشی یەكەم : http://wp.me/ppHbY-HN
بەشی دووەم : http://wp.me/ppHbY-HY
بەشی سێیەم : http://wp.me/ppHbY-If
بەشی چوارەم: http://wp.me/ppHbY-IH
بەشی پێنجەم: http://wp.me/ppHbY-IN
بەشی شەشەم: http://wp.me/ppHbY-Jg

Advertisements

وەڵامێک بنووسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google photo

You are commenting using your Google account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s

%d هاوشێوەی ئەم بلۆگەرانە: